جەلال جەمال: بۆئەمساڵی خوێندن پلانێكی تایبەتمان داناوە

جەلال جەمال: بۆئەمساڵی خوێندن پلانێكی تایبەتمان داناوە

بەپلانێكی گشتگیرەوە بۆمان هاتە دوان ،كێشە و گرفتی سەرەكیشیان كەمی هۆڵی خوێندن و نەبوونی مامۆستای میلاكی پسپۆری كۆمپیوتەرە، بۆقسەكردن لە سەر كێشەو گرفتەكان و پێشوەچوونەكانی پەیمانگای كۆمپیوتەری سۆرانی حكومی بەرێوەبەری ئەو پەیمانگایە مامۆستا جەلال جەمال جوبرائیل لەدیمانەێكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا پلانی ئەمساڵی خوێندن دەخاتەڕوو.

دیمانە: سۆما ئیسماعیل

*بۆساڵی تازەی خوێندن پلانی پەیمانگەی كۆمپیوتەری سۆران خۆی لەچی دەبینێتەوە؟

- بێگومان یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی بەرێوەبەری سەركەوتوو هەبوون و دانانی پلانێكی تۆكمە و پڕ لەزانیارییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی،ئێمەش وەكو بەرێوەبەرایەتی پەیمانگەی كۆمپیوتەری سۆرانی حكومی  پلانێكمان داناوە بۆ ئەم ساڵی خوێندن كە خۆی لەم خالانەدا دەبێنیتەوە:

یەكەم: نوێكردنەوەی پڕۆگرام لە بابەتەكانی كۆمپیوتەر كە بگونجێت لە گەڵ پێشكەوتنە خێراكانی بواری تەكنەلۆژیا.

دووەم: دابینكردنی مامۆستای پسپوڕ و لێهاتوو بۆ پەیمانگەكەمان كە ئەمەش بە هەماهەنگی و هاوكاری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران دەبێت،لێرەشەوە لەرێگای هەفتەنامەی زاری كرمانجی بەرێوەبەری پەروەردەی سۆران دەكەین كە هاوكار بووە لەم بوارەدا.

سێیەم: دروست كردنی لابێك و دابین كردنی 23 كۆمپیوتەر بە گشت پێداویستیەكان بۆ قوتابییە خۆشەویستەكانمان لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان.

چوارەم: دروست كردنی كتێبخانە.

پێنجەم: دروست كردنی پەیوەندی لە گەڵ دام و دەزگا حزبی و حكومی و سەنتەرەكانی ئەكادیمی و پەیمانگە ئەهلیەكان و زانكۆی سۆران بۆ ئالوگۆر كردنی زانیاری و سود گەیاندن بە پەیمانگەكەمان.

شەشەم: ئەنجامدانی چالاكی زانستی لە نێوان قوتابییەكان و سازدانی سمینار لە لایەن مامۆستایان و قوتابییان.

حەوتەم:ئەنجامدانی پێشانگای زانستی.

هەشتەم: ئەنجامدانی گەشتی زانستی.

نۆیەم:ئەنجامدانی گەشتی بەهارە.

*پەیمانگەكاتان لەچەند بەشەپێكهاتووە؟

-بە گشتی لە پەیمانگەكەمان دوو بەشی سەرەكی هەن ئەوانیش بریتین لە بەشەكانی  نێتوێرك و بەشی وێب دیزاین،كە قوتابییەكانمان لە دوای دەرچوونیان لە پەیمانگە شارەزاییەكی باش لەم دو بوارە پەیدا دەكەن و دەتوانن لە هەر دوو كەرتی حكومی و ئەهلی كار بكەن.

*چ بەشێكتان نییە كە پێویستە لەپەیمانگەی كۆمپیوتەر بوونی هەبێت؟

-ئێمە لە پەیمانگەكەمان بەشی پرۆگرامینگمان نییە نەبوونی ئەو بەشەش لە بەرچەند هۆكارێكە لەوانە: بینای پەیمانگەكەمان بیناییەكی كۆنە و ژوورەكانی بچوكن و توانای لە خۆ گرتنی ژمارەیەكی زۆری قوتابی نییە.هۆكارێكی تر بۆنەبوونی ئەم بەشە ، نەبونی مامۆستای میلاكی پسپوری پرۆگرامینگە.

*شێوازی وەرگرتنی قوتابییان چۆنە و بۆئەمساڵ چەند قوتابییتان وەرگرتووە؟ 

-ئێمە ساڵانە لە ناوەراستی مانگی حەوت دەست دەكەین بە دابەش كردنی فۆرم بە سەر دەرچووانی پۆلی نۆی بنەڕەتی تا كۆتایی مانگی هەشت بە پێی ئەو رێنماییانەی كە لە وەزارەت دەردەچێت. بۆ ئەم ساڵی خوێندن ئێمە داوای وەرگرتنی سی قوتابیمان كردووە، هۆكاری كەمی ئەم ژمارەیەش هەر وەك لە سەرەوە باسمان كرد نەبوونی شوێنە. ئەم قوتابییانەی كە بۆ ئەمساڵی خوێندن وەردەگیرێن دەبێت لە دایكبوی ساڵی 2001 یان بەرەو سەرەوە بن و دەرچووی ساڵەكانی(2017-2018) یان (2018-2019) بن كە وەرگرتنەكە بە پێی كۆنمرەی بابەتەكانی(بیركاری،ئینگلیزی،زانستەكان) دەبێت، هەر دەربارەی وەرگرتنی قوتابییان  منداڵی شەهیدان لە پێشبركی كۆنمرە دەبەخشرێن.

*ژمارەی قوتابییانتان بە گشتی چەندە؟

-ژمارەی قوتابییان بۆ ئەمساڵی خوێندن بریتین  لە 189 قوتابی، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە قوتابییانی قۆناغی پێنج دەرچوون و ژمارەی قوتابییانی وەرگیراویش بۆ ئەم ساڵی خوێندن ناوەكانیان دەرنەچووە بۆیە بۆ ئەم ساڵی خوێندن ژمارەی قوتابییان دیار نییە چەند دەبن.

*كێشە و گرفتەكانتان خۆی لەچی دەبینێتەوە؟

-هەر وەك لە سەرەوە ئاماژەمان پێكرد كێشە و گرفتی سەرەكی پەیمانگەكەمان كەمی هۆڵی خوێندن و نەبوونی مامۆستای میلاكی پسپۆری كۆمپیوتەرە كە بۆ دابین كردنی میلاك لە گەڵ بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی سوران لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە.

یەكێكی تر لە كێشەكانی پەیمانگەكەمان نەبوونی كافتریایی سەردەمیانەیە، هەروەها گرفتێكی تریش نەبوونی شوێنی تایبەت بە وەرزش كردن و نەبوونی كتێبخانەیە بۆ قوتابییە خۆشەویستەكانمان.

*شوێن و باڵەخانەی پەیمانگەی كۆمپیوتەر گونجاوە بۆخوێندن؟ 

گومان لەوەدا نییە كە دابین كردنی شوێنی سەردەمیانە و گونجاو رۆڵی گرنگی هەیە لە بەرەو پێش بردنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن،بۆ ئەم مەبەستە هەر لە كۆتایی ساڵی خوێندنی 2018-2019بە هاوكاری بەشی ئەندازیاری لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران دەرخستەیەكمان كردوەو بەرزمانكردووە بۆ لایەنی پەیوەندیدار بۆ دروست كردنی چوار هۆڵی خوێندن و نۆژەنكردنەوەی پەیمانگە و باوەڕی تەواومان هەیە كە لەم كابینە تازەییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەرێز مەسرور بارزانی ئەم داواكاریەمان بۆ جێبەجێ دەبێت.

ئەی بۆ دەرماڵەی قوتابییان چی هەیە؟

-تا ئێستا بە فەرمی هیچمان بە دەست نەگەیشتووە بۆ ئەم بابەتە وە هیچ زانیاریەكمان نییە، تەنیا ئەوە نەبێت كەلە تۆرەكۆمەڵایەتیەكان باس دەكرێت.ئێمە هیوادارین دەرماڵە وەك جاران بۆ قوتابییان بگەرێتەوە كە بە دڵنیاییەوە یارمەتیدەرێكی باشی بژێوی ژیانی  قوتابییان دەبێت.

 

زۆرترین بینراو