حاجی ئۆمەران بەدەست گرفتی كەرتی تەندروستی دەناڵێنێت

حاجی ئۆمەران بەدەست گرفتی كەرتی تەندروستی دەناڵێنێت

زاری كرمانجی-حاجی ئۆمەران: پڕۆژەی دروستكردنی بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران ماوەی ساڵێكە دەست بە دروستكردنی كراوە، بەڵام هەر زوو بەهۆی قەیرانی دارایی كارەكانی وەستان، ئێستا بنكە تەندروستییەكە لە شوێنێكی بەرتەسكی خانوویەكی چكۆلانەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی حاجی ئۆمەرانە و وەك بەرپرسی بنكەكە دەیڵێت" هیچ مەرجێكی تەندروستی تێدا نییە و شوێنەكەمان كێشەی زۆرە، هاووڵاتییانی ئەم سنوورەش داوای زوو تەواوكردنی ئەو پڕۆژەیە دەكەن".
تارق ئەحمەد، هاووڵاتییەكی دانیشتووی شارەدێی حاجی ئۆمەرانە و بۆ زاری كرمانجی دەڵێت" ساڵانێكە داوا دەكەین حاجی ئۆمەران لە رووی تەندروستییەوە گرفتی زۆرە، پێویستیمان بە نەخۆشخانەیەكی باش هەیە، پارساڵ پڕۆژەی نەخۆشخانەیەكیان بۆ خستینە واری جێبەجێكردن بە مەوادی (ساندویچ پەناڵ) كە تەواوی بینایەكە بەم مەوادە دروستكراوە، كەچی دوای چەند مانگێك كاركردن لەم پڕۆژەیە، كارەكانی راگیران بەهۆی قەیرانی دارایی، ئینجا دروستكردنی ئەم بینایەیە بەم مەوادە بۆ سنوورێكی وەك حاجی ئۆمەران سەرناگرێت، چونكە لە وەرزی زستاندا سەرما و سۆڵەیەكی زۆر هەیە و بەفرێكی زۆر دەبارێ، بایەكی زۆر توند لێرە هەڵدەكات، ئێستا كە پڕۆژەكە جێهێڵدراوە، بەشێكی پڕۆژەكە بەهۆی رەشەباوە هەڵتەكیوە".
گووتیشی" داوا دەكەین هەرچی زووە ئەم پڕۆژەیەمان بۆ تەواو بكەن، چونكە بەراستی سنووری حاجی ئۆمەران گرفت و كێشەی كەرتی تەندروستی زۆرە و هاووڵاتییەكی زۆریش بە مەبەستی چارەسەری روو لەم بنكەیە دەكات، كە دەتوانم بڵێم ئێستا كۆڵەوارە و كێشەی زۆری هەیە".
بەختیار سولێمان، ئەویش دانیشتووی گوندی شیوەڕەشی سەر بە ناحیەی حاجی ئۆمەرانە و دەڵێت" سنووری حاجی ئۆمەران جگە لەوەی رێژەی دانیشتووانی زۆرە، چەندین گوندیشی بەسەرەوەیە، ئەمە جگە لەوەی لە وەرزی هاوین و بەهارانیشدا بەشێكی زۆری جوتیار و ئاژەڵدار و كۆچەری روو لەم كوێستانانە دەكەن، لەگەڵ ئەوەی هەر رووداوێك لەم سنوورانە روو بدەن هەموو ئەو كەسانە روو لەم بنكە تەندروستییە بچووكە دەكەن كە ئێستا لە خانوویەكی زۆر بچووك دایە، بەراستی ئەو بنكەیە شایەنی حاجی ئۆمەران نییە.
ئەو هاووڵاتییە لە درێژەی قسەكانیدا دەشڵێت: داوا دەكەین ئەو پڕۆژەیەی بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران بە زووترین كات تەواو بكرێت و دەست بە كارەكانی بكرێتەوە، چونكە لێرە ماوەی كاركردن لە پڕۆژەكان زۆر كەمە، ماوەیەكی دیكە بەفر و سەرما دیتەوە و ئینجا كاركردن لە پڕۆژەكان فەشەل دێنن.
پڕۆژەی بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران بڕی267 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە، بەڵام كارەكانی راگیراون، ئێستا بنكە تەندروستییەكە لەشوێنێكی دوورە دەستە و بە دەست كەمی میلاك و كەلوپەلی تەندروستی و پزیشكی پسپۆڕ دەناڵێنێت".
ئومێد رەسول، بەرپرسی بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران هەرچەندە نازانێ ئەو بنكە تەندروستییەی ئێستا لە سنوورەكەیان دروست دەكرێ (تایپ) چەندە، بەڵام راشكاوانە دەڵێت" ئەو خانووەی ئێستا تێیداین، هیچ مەرجێكی تەندروستی تێدا نییە".
ئەو بەرپرسە دەشڵێت" بنكە تەندروستییەكەمان پێكهاتووە لە چەند ژوورێكی بەرتەسك، بینایەكە هی ناحیەی حاجی ئۆمەرانە ئێمە بۆ ماوەی دوو مانگ بڕیار بوو لێرە بمێنینەوە، كەچی ئەوە بۆ دە مانگ دەبێت لێرین، چونكە بڕیار بوو زوو پڕۆژەی دروستكردنی بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران تەواو بكرێت، كەچی ئێستاش تەواو نەكراوە و كارەكانی راگیراون.
ئومێد رەسول، لە درێژەی ئاخافتنەكانیدا دەڵێت: فشارێكی زۆرمان لەسەرە، خەڵكێكی زۆر روومان تێدەكات بۆ چارەسەری نەخۆشییەكان، ئێستاش كە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرۆكی گرتووین بەراستی كە هاووڵاتییان روومان تێدەكەن نەك ناتوانین بیانپارێزین، بەڵكو ئێمە وەك كارمەندانی بنكەی تەندروستی ناشتوانین خۆشمان بپارێزین، چونكە (بێد) قەرەوێڵەی خەواندنی نەخۆشەكان شكاون، ژوورەكانمان بەرتەسكن، شوێنی پشودانمان كێشەی هەیە، كێشەی میلاك و پزیشكی پسپۆڕمان هەیە".
دەشڵێت" لە هیچ شوێنێك، لە هیچ بنكەیەكی تەندروستی نەبووە دەرمانخانە و تاقیگە لەیەك ژوور بن، كەچی لای ئێمە لە ژوورێكی بەرتەسكە و ژووری دەرمانخانەكەش هیچ ئامێرێكی فێنككرەوەی تێدا نییە! ئەمە لەرووی تەندروستییەوە مەترسیدارە. بۆیە داوا لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە دەكەم چارەسەری ئەو گرفتانەمان بكەن، بەڵكو هەر هیچ نەبێت پڕۆژەی بینایەی بنكەكەمان دەست بە كارەكانی بكرێتەوە.
ئەو بەرپرسە هێما بۆ ئەوەش دەكات: زۆرجار نەخۆشی زۆرمان بۆ دێت، شوێن نییە لێشی پشوو بدات، بۆ ئەوەی نۆرەی بێت پزیشك ببینێت، ئەگەر ئەو زستانەمان بەسەردا بێت حاڵمان زۆر خراپ دەبێت، لێرە سەرەڕای ئەوەی مەرجی تەندروستی نییە، هیچ سیمایەكی بنكەی تەندروستی تێدا نییە و ئەو ئیمكانیات و كەلوپەلە تەندروستییانەی لەبەردەستیشماندان بەپێی پێویست نیین، كەچی سەرەڕای ئەمانە، ستافەكەمان لەخۆ بوردووانە توانیویانە كارەكان زۆر بە باشی و بەپێی پێویست بەڕێوە ببەن و هەر رووداوێك لەهەر ناوچەیەك هەبێت تیمەكانمان گەیشتینە شوێنەكە و ئەوەی لە تواناماندا هەبووبێت ئەنجاممان داوە".
عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران سەبارەت بە گرفتی كەرتی تەندروستی لە سنوورەكەیان و دەستپێكردنەوە لەم پڕۆژەیە، بە زاری كرمانجی راگەیاند" پڕۆژەی دروستكردنی بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران لە مانگی 12ـی ساڵی 2019 كەوتۆتە واری جێبەجیكردن، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی كارەكانی وەستاون، دوای ئەوەی من وەك یەكەی كارگێڕی لە پۆستەكەم دەستبەكار بووم، هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بكەوێتەوە سەر كاركردن و كار لە پڕۆژەكە بكرێتەوە، لەگەڵ سەرووی خۆمان قسەمان كردووە، بڕیار وایە لەمساڵدا لایەنی جێبەجێكار دەست بە پڕۆژەكە بكاتەوە و بۆ ئەوەی بتوانین كەرتی تەندروستی لە سنوورەكەمان بكەوێتە سەر سكەی خۆی و لەم رووەوە خزمەتی هاووڵاتییانی سنوورەكەی خۆمان بكەین و بنكە تەندروستییەكە بخرێتە خزمەتی هاونیشتیمانییان".

بیروڕا

زۆرترین بینراو