حكومەتی عێراق و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هاوكاری ئاوارەكانی سنوورەكەمان ناكەن

حكومەتی عێراق و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هاوكاری ئاوارەكانی سنوورەكەمان ناكەن

دیدار-محەمەد هەسنانی
تا ئێستا بە سەدان خێزانی ئاوارەی باكورو رۆژئاوا و سوریاو شارو شارۆچكەكانی عێراق لە دەڤەری سۆران ماون، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆرانیش نیگەرانە كە حكومەتی عێراق و رێكخراوە نێو دەوڵەتییەكان هیچ هاوكاری ئەم ئاوارانە ناكەن و دەشڵێت " دەزگای خێرخوازی بارزان بۆتە جێگەرەوە بۆ هاوكاری ئاوارەكان.
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، رایگەیاند " دوای شەڕی داعش و دروستبوونی ئاڵۆزییەكانی لە شارو شارۆچكەكانی عێراقدا بە هەزاران خێزان ئاوارەی سنوورەكەمان بوون، لەوانە بەشێكی زۆریان گەڕاونەتەوەو بۆ ناوچەكانیان، بەڵام تا ئێستاش زیاتر لە 300 خێزانی عەڕەب و شارەكانی عێراق، لە سنووری سۆران ماون و نەگەڕاونەتەوە".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی كە زیاتر لە سێ‌ ساڵە حكومەتی عێراق، هیچ هاوكاری پێشكەش بەو ئاوارانەی سنورەكەمان نەكردووە، تەنانەت نەوتیشی پێنەداون، ئەوەش ئەركی حكومەتی هەرێمی قورستر كردووە".
عەباس ئەمیر، گووتیشی " جگەلە ئاوارەكانی شارو شارۆچكەكانی عێراق، زیاتر لە 250 ئاوارەی رۆژئاواو سوریا لە دەڤەرەی سۆران ماون و نەگەڕاونەتەوە، لەگەڵ ژمارەیەك ئاوارەی دیكەی باكوری كوردستان، كەچی بەداخەوە ئەوانیش بە هەمانشێوەیە نە عێراق نە (un) نە هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی هاوكاریان پێشكەش ناكات، جگەلە رێكخراو و دەزگا ناو خۆییەكان، بەتایبەت دەزگای خێرخوازی بارزانی".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، دەشڵێت " دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆتە جێگرەوەی حكومەتی عێراق و رێكخراوە نێوەدەوڵەتییەكان كە بەشێوەیەكی بەردەوام هاوكاری پێشكەش بە ئاوارەكانی سنوورەكەمان دەكات.

بیروڕا

زۆرترین بینراو