حكومەتی ناوەندی تەندروستی هەرێم پشتگوێ دەخات

حكومەتی ناوەندی تەندروستی هەرێم پشتگوێ دەخات

" ئەو كارەی حكومەتی ناوەندی دوور لە هەموو بەهایەكی ئەخلاقی"

" پێویستە هەرێمی كوردستان رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی لێ ئاگادار بكاتەوە"


ئا/ شەهلا رەشید
دژایەتی كردنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان تەنها لە بواری داگیركاری خاك و راگواستن و گۆڕی دیموگرافیای ناوچە كورد نشینەكان نییە بەڵكو لە هەموو روویەكەوە هەوڵی لاوازی كردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەدرێت، بەتایبەتی لەلایەن حكومەتی ناوەندی، ئەم هەنگاوانەی حكومەتی ناوەندیش كە لە هزرێكی پڕ توندوتیژی شۆفینیزمی عەرەبی سەرچاوەی گرتووە تەنها بوارێكی نەگرتۆتەوە، ماوەیەك لە لایەن حكومەتی ناوەندییەوە، سیاسەتی نەناردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ كوردستان جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش بۆتە جێگەی نیگەرانی هاووڵاتییان.
د. هێرش رسول، لە شاری هەولێر لەمبارەوە بە زاری كرمانجی گووت" سیاسەتی نەناردنی دەرمان یا بەكارهێنانی ئابلوقەی تەندروستی بە مەبەستی سیاسی و لاواز كردنی هەرێمی كوردستان یا بەكار هێنانی وەك بەشێك لە گوشار بۆ سەر حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی سیاسی پەیرەو دەكرێت، بە تایبەت لە بارەی نەناردنی ئەو دەرمان و پێداویستییانەی كە زۆر تایبەت یا گرنگن بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكان بەكار دەهێندرێن یا ئەو ئامێرانەی بۆ پشكنینی نەخۆشی سوودیان لێ وەردەگیرێت، ئەمەش كارێكی نائەخلاقییە، ناشێ بە ئاسانی بەسەرییەوە باز بدرێت و پێویستە رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی تایبەت بە تەندروستی لێ ئاگادار بكرێنەوە".
لە لایەكی دیكەوە، هێنانی یا ناردنی دەرمانی ماوە بەسەرچوو یا ئەو دەرمانانەی كاریگەرییان كمە یاخود لە كۆمپانیای كواڵێتی نزم بەرهەم هێندراون بۆ كوردستان بۆتە باو، هەروەك عەبدوڵفەتاح حوسێن، یاریدەدری پزشیكی گووتی :" ئەو جۆرە لە سیاسەت كردنە هەرچەندە دوور بێت لە بەها مرۆڤایەتییەكان و پێچەوانەی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانیشە لە رووی تەندروستییەوە، بەڵام بۆ حكومەتی عێراقی چاوەروان كراوە، لەبەرئەوەی لە عێراق كەلتوور كوشتن و بڕین و سڕینەوە تا سەر موخ چووە و هەموو جومگەكانی گرتووە، بۆیە دەبینین دەرمانخانەكانی كوردستان بەشێكی لەو دەرمانانە كە كواڵێتی نزمە، یا لەو كۆمپانیاینە بەرهەم هاتووە كە رەسیدیان نییە، ئەمانەش لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمە نەهاتۆتە كوردستان، بەڵكو لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقی یا ئەو كۆمپانیایانەی كاری بازرگانی دەرمان دەكەن لە ئاستی عێراق هێندراونەتە كوردستان، مانای ئەوەی حكومەتی ناوەندی تەنها لە بواری سیاسی، ئابووری، سەربازی دەستی نەداوەتە دژایەتی كردنی هەرێمی كوردستان، بەڵكو دەستی بۆ هەموو بوارەكانەوە بردووە لە نێوشیاندا كەرتی تەندروستی كە مەترسییەكانی لە بوارەكانی دیكە كمتر نین".
هەندێك لە پزیشكان پێیانوایە حكومەتی ناوەندی لە كاتی بوونی نەخۆشییە وەرزییەكان یا كۆرۆنا وەك پێویست هاوكاری هەرێمی كوردستانی نەكردووە، زیاد ئەحمەد، پزیشكی هەناو لە پارێزگای دهۆك لەمبارەوە گووتی " حكومەتی ناوەندی نەك بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكان و پڕۆژەكانی ستراتیژی تەندروستی وەك پێویست هاوەكاری هەرێم نابێت، هەتا بۆ نەخۆشییە وەرزییەكان كمتر خەمی دەكات و تەنها رێنمایی دەنێرێت یا بەس بەڵێن دەدەن و بە كردەیی هیچ نابینین، هەتا بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش هاوكارییەكی زۆر كمی تەندروستی هەرێمی كوردستانی كردووە، چونكە بوونی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەگەر لە ناوەند بنبڕیش بكرێت لە هەرێم هەبێت، ئەوە كاریگەری لەسەر هەموو عێراق دەبێت بۆیە بڕێكی كم هاوكاری هەرێمی كردووە ئەمەش بۆ بەرژەوەندی خۆیان".
ئەوەی تا ئێستا هەستی پێ دەكرێت، حكومەتی ناوەندی عێراق بە پێشێل كردنی مادە و بڕگەكانی دەستووری لە پێناو لاواز كردنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان هەموو جۆرە هەنگاوێك دەهاوێژت و دەست بۆ تەندروستیش دەبات، كە ئەمە بە هەموو پێوەرەكانی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی كارێكی قێزەون و نائەخڵاقییە.

 

زۆرترین بینراو