حكومەتی هەرێم ئێران بە درۆ دەخاتەوە

حكومەتی هەرێم ئێران بە درۆ دەخاتەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی سایتێكی ئێرانی دەداتەوە و دەڵێن "ماوەیەكە بە تەواوی فێری درۆهۆنینەوە بوون".
شەوی رابردوو 7-4-2020، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند" ماوەیەكە سایتی ( بولتن نیوز) ی ئێرانی بەردەوامە لە هۆنینەوەی درۆ و بڵاوكردنەوە بابەتی دڵرەشانە لە دژی هەرێمی كوردستان كە دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكیان نییە. دوا بابەتی هەڵبەستراویشیان شرۆڤەیەكە گوایا ئەمەریكا بە هاوكاری سەرۆك بارزانی و سەركردە سوننەكان خەریكی دانانی چەند بنكەیەكی سەربازییە لە هەرێمی كوردستان و ناوچە سوونییەكان.
"ئێمە لە كاتێكدا سەر لەبەری ئەم راپۆرتە هەڵبەستراوە بەدرۆ دەخەینەوە، داوا لە بەرپرسانی سایتی( بولتن نیوز ) و ئەوانەی لە پشت پەردەشەوە هەڵیاندەسورێنن دەكەین لەم بارودۆخە سەختەی كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جیهان و ناوچەكەی گرتووەتەوە و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە سەختی گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە بووە، بابەتەكانیان زیاتر بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و سەقامگیریی ناوچەكە بێت" لە روونكردنەوەكەدا وانووسراوە.
هەروەك ئاماژە بەوە كراوە " عێراق وڵاتێكی سەربەخۆیە و بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆی بڕیار دەدات و پێویستی بەوە نییە خەڵكێك لە دەرەوەی سنوورەوە بەپێی ویستی خۆی ئاراستەی بكات . بوونی هێزی هاوپەیمان لە عێراق لە چوارچێوەی رێككەوتن و لێكتێگەیشتنەكانی حكومەتی فیدرال و هێزی هاوپەیمانان بووە. بۆیە چەواشەكارییەكانی ئەم جۆرە سایتانەش تەنیا نیازی ئاژاوەگێری و فیتنەیان لە پشتە".

زۆرترین بینراو