حكومەت دەبێ بزانێ چەكوش لە كوێ دەدات

سید ئازاد عەبدولڵا

 

مەكینەی كەشتییەكی گەورە تێك دەچێ، زۆر پسپۆڕو ئەندازیاریان هێنان تا چاكی بكەنەوە، بەڵام كەسیان بۆیان چاك نەكرایەوە.
سەرەنجام خاوەنەكانی كەشتی بڕیاریاندا، كەسێك بهێنن كە ساڵانێكی زۆر وەستای مەكینەی كەشتی بووە.
ئەویش بەخۆی و سندوقی كەلوپەلەكانی هات و یەكسەریش چووە خوارەوە، خۆی خەریكی پشكنینی مەكینەكە كرد.
دوو لە خاوەنەكانی كەشتییەكەش بەدیارییەوە وەستابوون، سەرەنجیان دابووە دەست و مەچەكی وەستاكە،
دوای ڕۆژێك لە پشكنین و بە دەوردا سوڕان، چەكوشێكی لە سندوقەكەی دەرهێنا، زۆر بە ئارامی و شێنەیی چەكوشێكی خێواندە شوێنێكی مەكینەكە، یەكسەر مەكینە دەستیكردەوە بە ئیشكردن.
دوای یەك حەفتە پسولەیەكی ژمێریاری بە بڕی دەهەزار دۆڵار لەلایەن وەستاوە گەیشتە كۆمپانیای كەشتیوانی، خاوەنی سەرەكی كەشتی بە توڕەییەوە هاواری لێ هەستا و گووتی: باشە خۆ ئەو هیچی نەكرد، دە هەزار دۆلاری چ وەردەگرێ؟.
بۆیە داوایان لە وەستاكە كرد ڕوونكردنەویان بداتێ كە ئەو هەموو پارەیە بۆچی؟
وەستاكەش پسولەیەكی تری بەم شێوەیە بۆ نوسین و بۆی ناردن:
لێدان بە چەكوش: 2 دۆلار
دیاریكردنی ئەوەی كە دەبێ چەكوشەكە لەكوێ بدرێ: 9998 دۆلار
لە خوارەوەش بە تێبینی نووسی:
هەوڵدان بۆ چاككردن زۆر گرنگە، بەڵام زانینی ئەوەی كە دەبێ كوێ بگۆڕدرێ گرنگرە لە هەموو شتەكان، لەبەر ئەوەی دەكرێ ئەو گۆڕانكارییە گۆڕان بەسەر هەموو شتێك بهێنێ، كە ئیجابیات و سلبیاتی هەبێ.
بۆیە پێموایە ئەو چاكسازییەی بڕیارە لە حكومەتدا بكرێ، ڕەنگبێ گۆڕانكاری باش بەدوای خۆیدا بهێنێ،
بەڵام دەبێ بزاندرێ كوێی جومگەكانی ئەو دەزگایەی ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە پێویستی بە چەكوش لێدانە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو