حكوومه‌ت گرێبەستی چوار ھەزار مامۆستای نوێ كردەوە

حكوومه‌ت گرێبەستی چوار ھەزار مامۆستای نوێ كردەوە

ئەنجوومەنی وەزیران گرێبەستی چوار ھەزار مامۆستای بۆ ساڵێكی دیكە نوێ كردەوە، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێ: "داوامان كردووە ئەو مامۆستایانە بكرێنە ھەمیشەیی و لە ھەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبین، چونكە ماوەی شەش ساڵە گرێبەستن و پێویستە بكرێنە ھەمیشەیی.

بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، كە كۆپییەكی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، رەزامەندی لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی چوار ھەزار مامۆستا بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩/٢٠٢٠ دراوە، كە لە ٢٢/٧/٢٠١٩ تاوەكو ٣٠/٩/٢٠٢٠ گرێبەسەتەكەیان نوێ كراوەتەوە و بەردەوام دەبێت.

لەو بارەیەوە، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە لەسەر داوای یەكێتیی مامۆستایان و گرێبەستەكان، داوایەكی لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، كە مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە ھەمیشەیی و ھەوڵی بەردەوامیش دەدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە ھەمیشەیی، بەڵام لە ئێستادا گرێبەستەكەیان بۆ ساڵێكی دیكە نوێ كراوەتەوە".

گەرمیانی گوتیشی: "داواكارین لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی، كە ماوەی شەش ساڵە ئەو مامۆستایانە گرێبەستن، بكرێنە ھەمیشەیی، چونكە ئەو مامۆستایانە لە ھەموو بارودۆخێكدا لە كاری خۆیان بەردەوام بوونە و ئێستا كاتی ئەوە ھاتووە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و بكرێنە ھەمیشەیی".

زۆرترین بینراو