حه‌نان فه‌تلاوی ستایشی به‌ویژدانیی كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌كات

حه‌نان فه‌تلاوی ستایشی به‌ویژدانیی كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌كات

حه‌نان فه‌تلاوی، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی ئیراده‌ی عێراقی، كه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی دژی هه‌رێمی كوردستان ناسراوه‌، ستایشی بایه‌خدانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی به‌ پێگه‌ی ئافره‌تان ده‌كات و ده‌ڵێت: سێ ئافره‌ت كراون به‌ وه‌زیر".

هاوكات له‌گه‌ڵ متمانه‌ وه‌رگرتنی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فه‌تلاوی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌و جیاوازییه‌ زۆرانه‌ی له‌گه‌ڵ پرۆگرامی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌مه‌، به‌ڵام به‌ ویژدانانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پێگه‌ی ئافره‌تان له‌ حكوومه‌تی نوێدا كردووه‌ و جگه‌ له‌ سێ وه‌زیری ئافره‌ت، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگرێكی سه‌رۆكی په‌رله‌مان (سكرتێری په‌رله‌مان) ئافره‌تن.

له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كوێستان محه‌مه‌د، وه‌ك وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و بێگه‌رد تاڵه‌بانی، وه‌ك وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و ڤاڵا فه‌رید، وه‌ك وه‌زیری هه‌رێم، سوێندی یاساییان خوارد.

هه‌روه‌ها بڕیاره‌ سبه‌ینێ رێواز فایه‌ق پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ربگرێت، پاش ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت جێبه‌جێ كرا.

هه‌روه‌ها مونا قه‌هوه‌چی، وه‌ك سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پێكهاته‌ی توركمان له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

زۆرترین بینراو