حوسێن محەمەد: ئەو بەشە خۆراكەی دەدرێتە هاووڵاتییان دووجار پشكنینی بۆ دەكرێت

حوسێن محەمەد: ئەو بەشە خۆراكەی دەدرێتە هاووڵاتییان دووجار پشكنینی بۆ دەكرێت

 

"ئەوانەی مووچەی مانگانەیان سەرووی ملیۆنێك و نیوە بەشە خۆراكی مانگانەیان دەبڕدرێت"

ئا/رۆژان قیاس

حوسێن محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سۆران، لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ زاری كرمانجی باس لە جۆری كواڵێتی بەشە خۆراكی هاووڵاتییان و میكانیزمەكانی دابەشكردن دەكات.
لە سەرەتای دیدارەكەدا دەڵێت" ئەمساڵ تا ئێستا زیاتر لە ٥ جار خۆراك بەسەر هاووڵاتییان دابەش كراوە، تەنها بەشە خۆراكی ئارد دواكەوتووە ئەویش ئاردی مانگی سێ هەفتەی داهاتوو دابەش دەكرێت، دواكەوتنی ئارد بەهۆی حكوومەتی عێراق بووە، پێویستە ئەوان رەوانەی كوردستان بكەن، ئەوجا وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەر پارێزگاكانی دابەش دەكات، پاش گەیشتنی بەشە خۆراك بۆ ناو كۆگاكان دەست دەكەین بە پشكنینی ئەو خۆراكانە كە لەلایەن فەرمانگەكانی جۆری و دوای دڵنیابوونەوە لە باشی و سەلامەتی جۆرەكە، دواتر بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەنێردێن، لە پارێزگاكانیش دووبارە لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستییەكان، پشكنین بۆ دەكرێتەوە، دوای ئەوەی دڵنیا دەبنەوە كە خۆراكەكەن بۆ خواردن دەشێت، ئەوجا بەسەر بریكارەكان دابەش دەكرێن، واتە دووجار پشكنینی كۆنترۆڵی كواڵێتی بەشە خۆراكەكان دەكرێت، تاوەكو لە پشكنینەكان دەرنەچێت بەسەر خەڵكدا دابەش ناكرێت، بۆیە هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە لە سەلامەتی بەشە خۆراكەكان و چاودێری وردیش هەیە لە لایەن وەزارەتەوە".
لە بارەی جۆری ئەو برنجەی دابەش دەكرێت، ئەو بەرپرسەی خۆراك، ئاشكرای كرد" ئەو برنجەی ئەمساڵ دابەش دەكرێت، زۆربەی زۆری برنجی تایلەندی بووە و لە جۆرە باشەكەیە، بەڵام هاووڵاتییان فێری جۆرەكانی تری برنج بوونە، كە وا هەست دەكەم ئەمە گەمەیەكی بازرگانەكانە، جۆرەها برنج لە بازاڕ هەیە كە رەنگە كواڵێتی باش نەبێت تەنها لە رووی شێوە باش دەردەكەوێت، بۆیە خەڵك بەزۆری بەكاری دەهێنێت".
حوسێن محەمەد، جەختی لەوەش كردەوە" بازرگانەكانی كوردستان گەمەیەكیان لە نێو بازاڕ دروست كردووە، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بڕوای بە بەشە خۆراكەكان نەبێت، لە كاتێكدا بەشە خۆراكەكان سەلامەترین جۆری خواردنن، دوای دووجار لە پشكنین بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت، بازرگانەكان بە مەبەست ئەوە دەكەن بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكان ساغ بكەنەوە".
لە بارەی چاودێری كردنی بریكارەكانی دابەشكردنی بەشە خۆراك بەسەر هاووڵاتییان، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سۆران، گووتی" ٤٦٩ بریكاری دابەش كردنی خۆراك لە سۆران هەن، كە بەشە خۆراك بەسەر  ١٥٥ هەزار كەس، كە دەكاتە 85 هەزار خێزان دابەش دەكەن، بە بەردەوامی چاودێری بریكارەكان و ئەو شوێنانەی خۆراك تێیدا هەڵدەگیریت دەكرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە خاوێنی شوێنەكە، بریكارەكانیش پێویستە رەچاوی رێنماییەكان بكەن، لە رووی پاكوخاوێنی و رێكوپێكی لە دابەش كردنی بەشە خۆراك بەسەر هاووڵاتییاندا، هەر مانگێك كاتێك بەشە خۆراك دەگاتە لای بریكارەكان، لیستی ناوەكان و خێزانەكان نوی دەكرێنەوە و دەدرێت بە بریكارەكان، ئەوانیش بەپێی ئەو لیستانە خۆراك دابەش دەكەن، نوێكردنەوەی ئەو لیستانەش لەبەر ئەوەیە چونكە مانگانە ئەندامەكانی خێزانەكان گۆڕانكاریان بەسەردا دێت، بە لە دایك بوون یان مردن و دروست بوونی خێزانی نوێ، بۆیە هەموو مانگێك لیستەكان نوێ دەكرێنەوە، هەروەها داواكارین مانگانە هاووڵاتییان بە زووترین كات سەردانی بریكارەكانیان بكەن و بەشە خۆراكەكانیان ببەنەوە".
حوسێن محەمەد، جەختی لەوە كردەوە" بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی رایگەیاندووە، "ئەوانەی مووچەی مانگانەیان سەرووی ملیۆن و نیوە، بەشە خۆراكی مانگانەیان دەبڕدرێت، هەركە میكانیزمەكە كەوتە كار ئێمە لە سۆران جێبەجێ دەكەین، بەڵام پێویستە سەرەتا ئاماری ئەو كەسانەمان هەبیت كە بڕیارەكە دەیان گرێتەوە".