حەسەن حەدۆ: پارتی كێشەی دیاریكردنی كاندیدی پۆستە حكوومییەكانی نییە

حەسەن حەدۆ: پارتی كێشەی دیاریكردنی كاندیدی پۆستە حكوومییەكانی نییە

چاوپێكەوتن- ڕائیب شێروانی:
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە دەڤەری باڵەكایەتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، پارتی هیچ كێشەیەكی لە دیاریكردنی كاندیدانیان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكوومییەكان لە كابینەی نوێ نیە، بۆ یەكلاكردنەوە و هەڵسەنگاندنی سیڤییەكان بۆ وەرگرتنی پۆست لە كابینەی نوێ، لیژنەیەك دەستبەكار بووە.
پارتی هیچ كێشەیەكی لە دیاریكردنی كاندیدەكان نییە
حەسەن حەدۆ، رایگەیاند:" پارتی دیموكراتی كوردستان بیروباوەڕی بە رێبازی خۆی و خوێنی شەهیدان هەیە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو یەكڕیزی و تەباییەی كە لەناو پارتی هەبووە جێگەی شانازی بووە و هەر ئەوەش بۆتە سەركەوتنی گەورە بۆ گەلی كوردستان و كوردستانێكی بەهێز، بۆیە لەو بارەوە سەرۆك بارزانی، سەركردایەتی پارتی هەر بڕیارێك بدەن ئەو دەبێت و هیچ بەربەستێك نابێت و بڕیاری یەكلاكەرەوە دەبێت، بۆیە پارتی هیچ كێشەیەكی لە دیاریكردنی كاندیدەكان نە لە رابردوو هەبووە، نە لە داهاتووش دەبێت، لەكاتی خۆیدا یەكلاییان دەكاتەوە.
خەڵكی كوردستان ئۆمێدێكی زۆریان هەیە
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە دەڤەری باڵەكایەتی روونیشیكردەوە:" جەماوەری كوردستان ئۆمێدێكی زۆریان هەیە، لە چوار ساڵی داهاتوودا بە گەشبینیەوە تەماشای داهاتووی خۆیان دەكەن، لە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێ كوردستان رۆژ بۆ رۆژ بەهێز دەبێت و ئارامی زیاتر بەرقەرار دەبێت ژیان و گوزەرانی خەڵك خۆشتر دەبێت، لەرووی سیاسییەوە كوردستانێكی بەهێز دەبێت.
گرژی و ئالۆزییەكان بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەگەڕێتەوە
حەسەن حەدۆ، دیاركرد:" ئەو گرژی و ئالۆزییانەی كە لە ناوچە كوردستانییەكان دروست بوونە، بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەگەڕێتەوە، پێشتر ناوچە كوردستانییەكان هیچ كێشەیەكیان نەبوو و خەڵكی ئەو ناوچانە هەستیان بە ئارامی دەكرد، بەڵام دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەردەوام كێشە و ئالۆزی لەو ناوچانە روودەدەن و خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارە و دەربەدەر دەبن.
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان دەشڵێ:" دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی نامەیەكی بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان نارد خەڵكی ئەو ناوچانە دووبارە ئۆمێدێكی گەورەیان بۆ پەیدابووە، چونكە UN كاردانەوە و وەڵامێكی زۆر باشی هەبوو و ئۆمێد دەكەین پاش پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم ئەو كێشانە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن.
پەكەكە بۆتە سەر ئێشە
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە دەڤەری باڵەكایەتی رایگەیاند، پەكەكە نەك تەنیا لە سنووری باڵەكایەتی، بەڵكو لە هەموو ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بۆتە كێشە بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە و لە دەڤەری باڵەكایەتی لەبەر پەكەكە كۆمەڵێك گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە و خەڵكی ئەو ناوچانە ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەروەها ئەو خەڵكەی كە كۆچەر و رەوەندن لێ ناگەڕێن بە هاوینان كۆچ بكەن بۆ ناوچە كوێستانییەكان، بۆیە پەكەكە بۆتە بابەتی سەر ئێشە بۆ خەڵكی ئێمە.
زۆربەی كێشە و گرفتەكانی چۆمان چارەسەر دەكرێن
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە دەڤەری باڵەكایەتی ئەوەشی دركاند:" بۆ دەڤەری باڵەكایەتی ئەوەی لە دەست ئێمە بهێت دەكەین، ئەو پرۆژە و پێشنیازانەی پێشكەشمان كردوونە و داوامان كردووە گرنگی بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بدرێت، گرنگی بە رێگاوبانەكان بدرێت، كەرتی تەندروستی، هەروەها گرنگی بە دەرچووان بدرێت و لەو شوێنانەی كە پێویستن دابمەزرێن، چۆن لە رابردوو خزمەتی دەڤەری باڵەكایەتی كراوە لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەت زیاتر خزمەتی ناوچەكە دەكرێت و دەستی ئاوەدانی بۆ هەموو ناوچەكان درێژ دەكرێت و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن چارەسەر دەكرێن".

زۆرترین بینراو