خانمانی رۆژئاوا بوونە پاڵەوانی سوریا

خانمانی رۆژئاوا بوونە پاڵەوانی سوریا

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: دوێنێ یەكشەممە ركابەرییەكانی خولی تۆپی پێی سوریا لەسەر ئاستی خانمان كۆتایی هاتن و یانەی خابووری رۆژئاوای كوردستان توانی ببێتە پاڵەوانی خولەكەو دەستكەوتێكی مێژوویی تۆماركرد.
لە دوایین گەڕی خولەكەدا، خابووری پێشەنگ لە یارییەكی یەكلاكەرەوەدا لەسەر یاریگەی جەلائی دیمەشق، رووبەڕووی حمسی دووەمی ریزبەندیی بووەوەو یانەكەی رۆژئاوای كوردستان بە یەكسانبوونیش نازناوەكەی دەبردەوە، بەڵام یارییەكەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوەو بە شایستەیی جامەكەی بەرزكردەوە.
ئایە محەممەدی گۆڵكاری خابوور لە خولەكی 36 دا بە لێدانێكی راستەوخۆ، لە دووری 30 مەتر گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەكەی رۆژئاوای كوردستان تۆماركردو نیوەی یەكەم بەو ئەنجامە كۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمیشدا هەمان یاریزان لە خولەكی 88 گۆڵی دووەم و سەركەوتنی بەدەستهێناو تیپەكەی كردە پاڵەوانی خولی تۆپی پێی خانمانی سوریا، كە بە تۆماركردنی 18 گۆڵ بووە گۆڵكاری خولەكەش.
جگە لە یانەی خابوور، یانەی عامودای رۆژئاوای كوردستان بەهەمان شێوە لە خولەكەدا بەشدارە، كە وەرزی رابردوو بووە پاڵەوان و یەكەم یانەی رۆژئاوای كوردستان بوو ئەو نازناوە بباتەوە، یانەكە لە دوایین یاری خۆیدا لە خولەكەدا بە 5-0 لە یانەی فیروزەی بردەوە، بەڵام نەیتوانی لەم وەرزەدا ئەو ئاستەی لە وەرزی رابردوودا پێشكەشی كرد، پێشكەش بكات و بەرگری لە نازناوی خولەكە بكات.
یانەی خابوور لەم وەرزەی خولەكەدا 16 یاری ئەنجامداوە، یانەكە باشترین ئاستی پێشكەش كردووەو بەهێزترین یانەی خولەكەیە، لە كاتێكدا هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، 11 یاری بردۆتەوە و 5 جار یەكسانبووە، یاریزانانی یانەكە 30 گۆڵیان تۆماركردووە و تەنیا 7 گۆڵیان لێكراوە.
یانەی خابوور بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی خولی تۆپی پێی خانمانی سووریا، دوای ئەوەی 38 خاڵی كۆكردەوەو بەجیاوازیی 4 خاڵ لە پێش یانەی حمسی ركابەری بوو و بۆ بردنەوەی نازناوەكە.
جیاواز لە خابوور، یانەی حمس لە 16 یاری ئەم وەرزەدا لە 11 یارییدا براوەبووە، 3 جار یەكسانبووەو 2 جاریش دۆڕاوە.
ریزبەندی خولەكە:
1- خابوور - 38 خاڵ
2- حمس - 34 خاڵ
3- جرمانا - 31 خاڵ
4- عامودا - 30 خاڵ
5- وەحدە - 22 خاڵ
6- ئەلعەرەبی - 18 خاڵ
7- شورتەی حەما 16 خاڵ

 

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو