خاوەن پێداویستیەکی تایبەت پەرتووکی کۆمپیوتەر بۆ قوتابییان دابین دەکات 

خاوەن پێداویستیەکی تایبەت پەرتووکی کۆمپیوتەر بۆ قوتابییان دابین دەکات 

زاری کرمانجی - رواندز
ئەمساڵ بەهۆی چاپ نەکردنی پەرتووکی نوێ بۆ قوتابییان، زۆربەی  قوتابخانەکان و  قوتابییان گرفتی کەمی پەرتووکیان هەیە، لە رواندز خاوەن پێداویستیەکی تایبەت بێ بەرامبەرو لەسەر ئەرکی خۆی پەرتووکی بابەتی کۆمپیوتەر بۆ قوتابییان  چاپدەکات و پێیان دەدات.
تەیب موعتەسم، بۆ زاری کرمانجی گووتی: وەک حەزێکی خۆم بڕیارم دا بۆ تەواوی قوتابییانی پۆلەکانی حەوتەم و هەشتەم کە وانەی کۆمپیوتەر دەخوێنن، پەرتووکەیان بۆ چاپدەکەم و دەیدەمە قوتابخانەکان، زیاتر گووتی : ئەم هاوکارییەی من بۆ هەموو قوتابییانی  پۆلەکانی حەوت و هەشتی بنەڕەتی ناو شاری رواندزە، کە  پەرتووکی کۆمپیوتەرەیان بۆچاپدەکەم و پێیان دەدەم ئەمەش  وەک حەزم بۆ بواری کۆمپیوتەر، چونکە لە قوتابخانەکان پەرتووک کەمە یان هەر نییە، بۆیە نامەوێت قوتابییان لە زانستی کۆمپیوتەر بێ بەش بن.
تائێستا بۆ قوتابخانەکانی ناوشاری رواندزم بۆ زۆربەیان دابین كردووە، بەڵام ترسم لەوەیە پڕۆسەی خوێندن بەردەوام نەبێت یان قوتابخانەکان دابخرێن، دەنا بۆ تەواوی قوتابییان ئەم کارە دەکەم و رۆژانەش بە بەردەوامی قوتابی دێنە لام و داوای پەرتووکی کۆمپیوتەر دەکەن و منیش پێیان دەدەم،ئەمە جگە لەوەی کە کارگێڕی قوتابخانەکان ئەوانەی قوتابی پۆلی ٧-٨ یان هەیە من پەرتووکم پێداون بۆ ئەوەی بیدەنە قوتابییان و سوودی لێوەربگرن، بەرنامەشمان هەیە بۆ دەرەوەی شاریش بکەین ئەگەر بێت و پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت.
تەیب موعتەسم، خاوەن پێداویستی تایبەت و تەنها لە دەستێکی یەک پەنجەی کار دەکات، ئەو خاوەنی بەهرەێکی هونەری  زۆرە و تائێستا لە شارە جیاجیاکانی کوردستان چەندین پیشانگەی هونەری و جۆراو جۆری کردوونەتەوە ، دووکانەکەشی لەرواندز بۆتە سەکۆیەک بۆکۆبوونەوەی نووسەران و ئەدەبیان و خوێنەران.

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو