خوێندنەوەیەك بۆ رۆمانی قەڵای ئاژەڵان 

ئاری هەركی

قەڵای ئاژەڵان رۆمانێكی بەهێز و بەپێزی نووسەری گەورەی بەریتانی (جۆرج ئوروێل)ـە كە بۆ زیاتر لە حەفتا زمانی جیاواز وەرگێڕدراوە .
قەڵای ئاژەڵان یان مەزرای ئاژەڵان رۆمانێكی پڕ مانایە، لەشێوەی چیڕۆكێكە كە لەسەر زاری ئاژەڵانی نێو كێلگەیەكەوە دەگێڕدرێتەوە، باسی جیهانێكی واقعی و دیاردەیەكی سیاسی و شۆڕش و راپەڕینمان بۆ دەكات .
ئاژەڵەكان، لەبەر زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوەی خاوەنەكەیان ژیانیان لەوپەڕی ناڕەحەتیدایە بۆیە بیر لە راپەڕین دەكەنەوە و دژی دەوەستنەوە، لەژێر دروشمی (هەموو ئاژەڵان یەكسانن) دەست بە خەبات و شۆڕش و راپەڕین دەكەن. سەركەوتنێكی گەورە بەدەست دەهێنن و لە دوژمنە سەرسەختەكەیان كە (مرۆڤ)ە رزگاریان دەبێت، خۆیان كێڵگەكەیان بەڕێوەدەبرد و هەر خۆیان حوكمی خۆیان دەكرد، هەریەكەیان بەپێی توانا و شارەزایی و پسپۆڕیی خۆی كاری دەكرد.
بەڵام ئەو دڵخۆشییەیان زۆری نەبرد، كە چینێك لەناو ئاژەڵان خۆیان بە خاوەنی ماف و ئیمتیازاتی زیادتر دەزانی و دەبێ گشت ئاژەڵان گوێڕایەڵی فەرمانەكانیان بن و جێبەجێیان بكەن، هەروەها خواردن و شوێنی حەوانەوەیان لە ئاژەڵانی تر جیاكردەوە، چونكە ئەوان هۆشیارتر و زاناترن هەروەها ئەوان رابەرانی شۆڕش بوون، بۆیە دەبێت گشت ئاژەڵان و بەرهەمی كێلگەكە لەخزمەتی ئەواندابێت .
ئیدی ئەو دروشمەی لەسەرەتای شۆڕشەكەیان هەموو ئاژەڵان خەباتیان بۆ كردبوو كە (هەموو ئاژەڵان یەكسانن) هیچ بایەخێكی نەما .
هەرچەندە ئاژەڵەكان كێلگەكەیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، حاڵ و گوزەرانیان جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ ئەوكاتەی كە خاوەنی كێلگەكە دەیچەوساندنەوە، بگرە گوزەرانیان خراپتر بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێكجار هەستیان بە دڵخۆشی دەكرد چونكە خۆیان حوكمی خۆیان دەكەن، ئەوەش لەسەروویی هەموو شتێكەوەیە .
بیرۆكەی نووسینی رۆمانەكە بەم شێوازە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی كە نووسەر لە لادێیەكدا ژیانی دەكرد، رۆژێك منداڵێكی تەمەن (۱٠) ساڵان دەبینێت كە ئەسپێكی باركردووە و لە پێچێكی تەنگەبەردا بە قامچی دەكەوێتەسەری، لێرەدا ئەم پرسیارە دێتەپێشەوە، ئەگەر ئەم ئاژەڵە بەهێزە لێمان هەڵگەڕێتەوە و نافەرمانی بكات هیچ ئینسانێك دەتوانێت بەزەبری هێز ملكەچی بكات ؟.

بۆ تێگەیشتن و دركردن بە رۆحی شۆڕش و راپەڕینەكان، تایبەت راپەڕین و شۆڕشەكانی كورد گرنگە ئەم رۆمانە بخوێنیتەوە، چونكە لەگەڵ خوێندنەوەی رۆمانەكە هەست دەكەیت نووسەر رۆمانەكەی لەسەر بارودۆخی كورد و كوردستان نووسیوە و لە كوردستان ژیاوە .
كاتێ رۆمانەكەت خوێندەوە، ئیتر رووندەبێتەوە كە هیچ شۆڕشێك و هیچ راپەڕینێك لەهەر شوێنێكدا ئەو ئەنجام و بەرهەمەی نابێت كە پڕۆلیتار و زەحمەتكێش هیوای بۆ خواستووە و رەنجی بۆ كێشاوە".

زۆرترین بینراو