خوێن بەخشین

خوێن بەخشین

د. دیندار فازڵ

هەر جارێك چەند بڕی خوێن وەردەگیرێت؟
لە هەر خوێن وەرگرتنێك تەنیا بڕی (470 مل) لە خوێن وەردەگیرێت، كە دەكاتە نزیكەی 13% قەبارەی خوێن.
ئەوكەسەی كە خوێن دەبەخشێت پێویستە ئەم خاڵانەی تێدا بێت:
تەمەنی لەنێوان 17 تا 66 ساڵان بێت، نابێت تای هەبێت، دەبێت لێدانی دڵ و فشاری خوێنی ئاسایی بێت، نابێت هیچ نەخۆشییەكی گوازراوەی هەبێت بەهۆی خوێنەوە، نابێت بە ڕۆژوو بێت لەو كاتەدا، نابێت هیچ كام لە دەرمانە خوێن شلكەرەوەكان بەكار بهێنێت، لەوانە حەبی ئەسپرین، گەر ئەو كەسی خوێن دەدات ئافرەت بوو، نابێت دوو گیان بێت، دەبێ ڕێژەی هیمۆگڵۆبین لە نێردا 13.5 گرام و لە مێدا 12.5 گرام بێ.
سوودەكانی خوێن بەخشین
خوێن بەخشین تەنها سوودی بۆ ئەو كەسە نیە كە خوێنەكە وەردەگرێت، بەڵكو سوودێكی یەكجار زۆری بۆ ئەو كەسەش هەیە، كە خوێنەكە دەبەخشێت لەوانە: كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ، خوێن بەخشین یارمەتیدەرە لە كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ لە ڕێگای كەمكردنەوەی ڕێژەی ئاسن لە خوێندا و ڕێگریكردن لە ڕەقبوونی خوێن بەرەكان.
نوێكردنەوەی خڕۆكە سورەكانی خوێن، كەمبوونەوەی خوێن بەهۆی خوێن بەخشینەوە وادەكات ئێسك خڕۆكەی نوێ دروست بكات.
باشتربوونی سوڕی خوێن، لەكاتی خوێن بەخشیندا خەستی خوێن كەمدەبێتەوە و پلازمای خوێن نوێ دەبێتەوە و سوڕی خوێن لە جەستەدا چاڵاك دەبێت.
كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە، ئاسن لە خڕۆكە سورەكاندا بە هیمۆگڵۆبینەوە دەنووسێت و ئۆكسجین هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ هەموو بەشەكانی جەستە، بەڵام كاتێك ڕێژەی ئاسن لە خوێندا زۆر بێت و بە هیمۆگڵۆبینەوە نەلكێت ئەوكات دەبێتە هۆی دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی لە خوێندا، خوێن بەخشین ڕێژەی ئاسنی زیادە لە خوێندا كەمدەكاتەوە بۆیە یارمەتیدەرە لە كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە.
ڕزگاركردنی ژیانی مرۆڤیكی تر.
كەمبوونەوەی ڕێژەی ئاسنی زیانەخش و چەوری زیادە.

 

زۆرترین بینراو