خۆشترین رۆژی ژیانم ئەو رۆژە بوو كەئەو ئەنجامەم بەدەستهێنا

خۆشترین رۆژی ژیانم ئەو رۆژە بوو كەئەو ئەنجامەم بەدەستهێنا

دوای ئەوەی یەكەمی سەر ئاستی هەرێم لەپۆلی دوازدەیی ئامادەیی بۆیەكەم جار قوتابیێكی سنووری پەروەردەی شەقڵاوە دەبێت، ئەو قوتابییە لە شارەدێی هەریر نیشتەجێیەو كوڕی خانەوادەیەكی پێشمەرگەو خاوەن شەهید و دەست كورتە،پلەی یەكەم لەسەر ئاستی هەرێم بەدەست هێناوە، ئەوەیش مەنسور قادر گەردییە،مەنسوری تەمەن 18ساڵان ئەم ساڵ قوتابی پۆلی 12 ی ئامادەیی بوو، كۆ نمرەكەی 43،99بووە، وەك دەستخۆشێك و رێزگرتنێك بە پێویسمان زانی وەك هەفتەنامەی زاری كرمانجی ئەم چاو
پێكەوتنەی لە گەڵ سازبكەین.
دیمانە: محەمەد ئامۆكەیی- هەریر
*لە قوتابخانە كەسێكی چۆن بووی لە گەڵ مامۆستاو هاوپۆلانت؟
- زۆربەی مامۆستاو قوتابییەكان شاهیدی ئەوەم بۆدەدەن كە تێكەڵی باشم هەبووە لە قوتابخانە، نەك تەنها لە ژووری خۆم بگرە لە ژوورەكانی تریش گەلێ هاوڕێم هەبووە و رۆژانە لە كاتی پشوودا قسەی خۆش و باسی خوێندنمام دەكرد، بەهەمان شێوە ڕێزی مامۆستایەكانیشم دەگرت و ئەوانیش خۆشیان دەویستم، بیرم نییە كە لە قوتابخانە رۆژێك كێشەیەكم دروست كردبێت كە شایەنی باسكردن بێت.
*هەموو ساڵێك نمرەی بەرزت بەدەست دێنا یاخوود تەنها لە پۆلی 12نمرەت بەرزبوو؟
- هەر لەو رۆژەی چومەتە قوتابخانە نمرەكانم زۆر باش بوونە،بە تایبەتی لە وانەی بیركاری نمرەكانم لە 95وە نەهاتۆتە خوارەوە، هۆكاری زیرەكیەكەشم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆرم دەخوێندو حەزی زۆرم هەبووە، بۆیە لە پۆلی یەكەوە ئەو توانایەم هەبووە كە ئێستا ئەو نمرەیەم بەدەستهێناوە، سەرەتابۆیەكەمجار كە چووم بۆ قوتابخانە ترسم هەبوو، بەڵام وردە وردە لە گەڵ قوتابخانە ڕاهاتم و ئەو ترسەم نەما كەیەكەم جار هەم بوو.
*چ بەرنامەیەكت بۆ پۆلی دوازدە دانا تاوەكو ئەو ئەنجامە باشە بەدەست بێنی؟
- مرۆڤ كە خەونێكی مەزنی هەبوو دەبێت سەرتا پلانی بۆ دابنێت، مەنیش ئەو خەونەم هەبوو بۆیە رۆژانە بەرێكی و پێكی و بە پێی جۆری وانەكان بەرنامەم دانا، زۆر كەمیش سەیری تیڤیم دەكرد و نەدەچوومە دەرەوە، ئەوەش هۆكارە بۆ ئەوەی لە پلانی خوێندن سەركەوتووبیت.
*كاتێ پەیوەندیان پێكردی كە یەكەمی سەر ئاستی هەرێمی هەستت چۆن بوو؟
- ئێوارەبوو، ئاگام لەهیچ نەبوو، دەنگی دەرگا هاتوو منیش چووم دەرگام كردوە بینیم دوو مامۆستای قوتابخانەكەمن، پێیان گووتم ژمارەی باوكتمان دەوێت لە بەر ئەوەی من مۆبایلم نەبووە و نەمزانی كە من یەكەمی سەر هەرێمم ، بەڵام دەمزانی لە ریزی پێشەوەم، دوای نیو كاتژمێر تێلێك بۆ بابم هات و گووتیان لە گەڵ كوڕەكەت ئامادەبن، ئەمڕۆ ئەنجامەكان رادەگەێندرێت، كە چووم تا ناوم نەخوێندارایەوە نەمدەزانی یەكەمی سەر ئاستی هەرێمم، بۆیە ئەوكات فرمێسكی خۆشیم لەچاو نەوەستاو سوپاسی خوام كرد كە ئەو هەموو ماندوبوونەی چەندین ساڵەم بە فیڕۆ نەچووە، بۆیە ئەو رۆژە خۆشترین رۆژی ژیانم بوو.
*تۆ یەكەمی سەرهەرێمی و قوتابیێكی دهۆكیش بۆتە یەكەم قسەی تۆ چیە لەسەر ئەو ئەنجامە؟
- ئەزانی ئێمەی مرۆڤ هەمیشە ڕق و كینەمان بەرامبەر یەك هەیە، هەمیشە دژی یەك دەوستینەوە، نابێت هیچ كات بیر لە خۆ پەرستی بكەینەوە، ئەو قوتابییەی دهۆكیش مافی خۆیەتی شەو نخونی كردووە باشی خوێندووە بۆیە پڕ بەدڵ پیرۆزبای لێدەكەم و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.
*لە هیچ رێكخراوێكی قوتابییان كارتكردووە؟
- بارزانی نەمر دەفەرموێت قوتابییان سەری ڕمن لە گشت شۆڕش و ڕاپەرینێكدا، ئەگەر چی تەمەنم بچوكەو كارم لە رێكخراوی قوتابییان نەكردووە، بەڵام هەمیشە شانازی دەكەم كە ئەندامی یەكێتی قوتابییانی كوردستانم و تا ماویشم ئەوەی لە توانام دابێت بۆ خزمەتكردن درێخی ناكەم و پاڵپشت و هاوكاری سەرجەم قوتابییان دەبم بەبێ جیاوازی.

زۆرترین بینراو