خۆپارێزی باشترین رێگەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایە

خۆپارێزی باشترین رێگەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایە

" لە ئێران تێچووی چاك بوونەوەی تووشبووی كۆرۆنا لە ئەستۆی خۆیانە "


دیمانە/ شەهلا رەشید
خاتون ئیلهام پزیشك و كادیری لێهاتووی تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگای تەبرێزی ئێران، لەبارەی مەترسییەكانی كۆرۆنا و دۆخی ئەو شارە بۆ زاری كرمانجی دواو.
ئەو لە سەرەتای قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا " بارودۆخی ئێران بەرامبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر خراپ بووە، بەتایبەت ئەو شار و گوند و شارۆچكانەی نزیك سنوورەكانن، بەهۆی پابەندنەبوونی خەڵك بەردەوام لە هێڵی سووری تەندروستی و ئاگادار كردنەوە دانە، هەر چەندە تەنها وڵاتی ئێران تووشی ئەم كێشەیە نەبووە، بەڵكو تا ئێستا هەموو وڵاتانی ئەوروپا نەیانتوانیوە شەڕ لەگەڵا ئەم ڤایرۆسە بكەن، چونكە ئەم ڤایرۆسە بەپێی مانگ و وەرز گۆڕانی بەسەردا دێت و خۆی دەگونجێنێت، هەر كات بمانەوێت بگەینە كۆتایی خاڵی بەدەست هێنانی دەرمانێك، خۆی دەگۆرێت و بە نیشانەیەكی جیاوازتر بڵاو دەبێتەوە".
لەبارەی كاریگەرییەكانی بەسەر مرۆڤەوە و تەمەن د.ئیلهام گووتی " هیچ پەیوەندی بە تەمەنەوە نییە هەر كەسێك خۆی نەپارێزێت تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبێت، بەڵام ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە زووتر تووش دەبن و كاریگەری زیاتری بەسەریانەوە دەبێت".
لە بارەی خۆپارێزییەكانەوە ئاماژەی بەوەدا " بۆ خۆپاراستن دەبێت دەمامك و دەستەوانە بەكار بهێنین، لەگەڵا پێداویستی پاككەرەوە هەر كەسێك هەست بە تایەكی گەرم بكات و كۆكەی هەبێت پێویستە لە ماڵەوە خۆی كەرەنتین بكات و سەردانی شوێنە قەرەباڵغەكان نەكات، واباشترە هەموو كەسێك دوای گەرانەوەیان لە دەرەوە ئەوە پێویستە پێش چوونە ژوورەوە جلەكانی دابكەنێت و بە زووترین كات بیشوات، ئەمە لە كاتێكدایە حكومەت هۆشداری دەدات بۆ پابەندبوون بە رێنماییەكان و قەدەغەی هاتووچۆ، بەكارهێنانی دەمامك، داخستنی شوێنە قەرەباڵغییەكان و پشووی فەرمی...هتد".
لەبارەی تێچووی چارەسەری هەر تووشبوویەكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، ئەم پزیشكە گووتی " ئەوانەی تووشی كۆرۆنا دەبن خەرجییەكان لە ئەستۆی خۆیانە، بەڵام چەند ساڵا پێش حكومەت بۆ خاوەن پێداویستەكان و كم دەرامەتەكان كارتی تەندروستی دابین كرد بۆ ئەوەی نیوەی پارەیان لێ وەربگرێت، بەداخەوە كۆرۆنا زیانی زۆری ماددی بە خەڵك گەیاند، بووە هۆی وەستانی ئیش و كار لە نێو كاسبكاران لە كار كەوتنی بازاڕی خەڵك، زۆربەی ئەوانەی سەردانی پزیشك دەكەن چ تووشی كۆرۆنا ببن یا نە هەموویان تووشی دڵەڕاوكێ و سترێس بوونە و ترسی ئەوەیان هەیە تووشی ئەم ڤایرۆسە ببن، چونكە زۆربەی خەڵك لە ماڵەكانیاندا خۆیان كەرەنتین كردووە".
لە كۆتایی قسەكانیدا، د. ئیلهام پزیشك و كادیری چالاكی تەندروستی روونی كردەوە " ئەگەر خەڵك پابەند بێت بە رێنماییەكان و ماسك بەكار بێنن و خۆیان لە شوێنە قەرەباڵغییەكان دوور بگرن بە دڵنییاییەوە لەناو دەچێت و كۆرۆنا سنووردار دەبێت ئەگەر دەرمانیشی نەدۆزرێتەوە، بەڵام ئەگەر خەڵك پابەند نەبێت دەرمانیش هەبێت ئەوا رێگری كردنی ئەستەمە".

زۆرترین بینراو