دادگای باڵای عێراق: كاركردن بە ماددەی 140 بەردەوام دەبێت

دادگای باڵای عێراق: كاركردن بە ماددەی 140 بەردەوام دەبێت

 

ئا: ڕائیب شێروانی: دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، ماددەی 140ـی دەستووری كۆماری عێراق ماوە و بەردەوامیش دەمێنێ تاوەكو ئەوكاتەی پێویستییەكانی بەدیدەهێندرێن و ئامانج لە دەركردنی بەدیدێت.
ئەیاس سامووك، گوتەبێژی دادگای باڵای عێراق رایگەیاند: "كاركردن بە ماددەی 140 لە دەستووری عێراق بەردەوام دەبێت تاوەكو ئەو كاتەی بڕگەكانی جێبەجێدەكرێن، چونكە بەشێك لە بڕگەكانی ماددەكە جێبەجێ نەكراون".
ئیاس سامۆك، گوتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد:" دادگای باڵای فیدراڵی بە سەرۆكایەتی دادوەر میدحەت مەحموود و ئامادەبوونی هەموو دادوەرانی ئەندام دانیشت و لە داوای ئەنجوومەنی نوێنەرانی بۆ شیكردنەوەی ماددەی 140ـی دەستووری لە رووی ئەوەی ماوە یان نا كۆڵییەوە".
ئیاس سامۆك ئەوەشی گوت:" دادگای باڵای فیدراڵ پێیوایە ماددەی 140ـی دەستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 دەسەڵاتی داوەتە دەسەڵاتی جێبەجێكار بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 58ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە قۆناخی راگوێزەر بە هەموو بڕگەكانییەوە كە هێشتا ماوە بەپێی بڕگەكانی ماددەی 143ـی دەستوور".
گوتەبێژی دادگای فیدراڵی روونی كردەوە:" دادگاكە پێیوایە ئەوە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە دەركراوە كە لە ماددەی 58ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقی لە قۆناخی راگوێزەردا هاتووە و مەبەست لێی بەدیهێنانی دادپەروەرییە لەو ناوچانەی كە دووچاری گۆڕینی دیمۆگرافی بوونەتەوە بەڕێگەی ئاوارەكردن، بێسەروشوێنكردن و بەزۆر دەركردن ئەمەش بەپێی ئەو هەنگاوانەی كە لە ماددەی 58ـی ئاماژەپێكراودا هەن".
ئیاس سامۆك باسی لەوەشكرد:" دادگاكە جەختیكردەوە كە وادەی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستوور بۆ كاروباری رێكخستن دانراوە و بۆ هاندانی پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی و پەیوەندی بە ناوەڕۆكی و بەدیهێنانی ئامانجییەوە نییە". گوتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق ئاماژەشی كرد:"دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی ئەمە بڕیاریدا ماددەی 140ـی دەستووری كۆماری عێراق ئێستا ماوە تاوەكو ئەوكاتەی پێویستییەكانی بەدیدەهێندرێن و ئامانجی دەركردنی بەدیدەهێندرێت بەپێی ئەو هەنگاوانەی كە لە ماددەی 58ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقی لە قۆناخی راگوێزەر دیاریكراون".
ماددەی 140ـی دەستووری عێراق سێ قۆناخی بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە دیاریكردووە كە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی رژێمی بەعسی پێشوو دووچاری گۆڕانكاری دیمۆگرافی بوونە و هەنگاوەكان بریتین لە ئاساییكردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە ئاخۆ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دەمێننەوە یان دێنە پاڵ هەرێمی كوردستان و لە دەستووردا ساڵی 2007 وەك دوا وادە بۆ جێبەجێكردنی ماددەكە دیاریكراوە".

 

زۆرترین بینراو