دانیشتوانی بادلیان داوای بە هاناوەچوونی حكومەت دەكەن

دانیشتوانی بادلیان داوای بە هاناوەچوونی حكومەت دەكەن

 
مورشید برادۆستی – دیانا : هاووڵاتییان و دانیشتوانی گوندی بادلیانی سەر بە ناحیەی دیانا لە زۆربەی خزمەت گوزاریە سەرەتاییەكانی ژیان بێبەشن و لە رێگەی زاری كرمانجی داوای بەهاناوەچوونی حكومەت دەكەن .
گوندی بادلیان كەوتۆتە باكوری رۆژهەڵاتی ناحیەی دیانا و رێژەی دانیشتوانانی ئەو گوندە زیاتر لە 400 ماڵە، تا ئێستا دەیان ماڵی ئەو گوندە لە پڕۆژەی ئاو و كارەبا و دروست كردنی شەقام و چەند پڕۆژەیەكی تر بێبەشن .
باوكی محەمەد هاووڵاتییەكی خێزانداری دانیشتووی گوندی بادلیان بۆ زاری كرمانجی باس لە كێشە و گرفتەكانی كرد و گووتی " بادلیان لە زۆربەی خزمەت گوزاریەكان بێبەش كراوە و حكومەت ئێرەی پشت گوێ خستووە، بەشێوەیەك تا ئێستا قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی لێ نییە، قوتابخانەی بنەڕەتیمان نزیكەی پێنج كیلۆمەتر دوورە لە كاتێكدا نزیكەی 100 قوتابیمان هەیە، لە هەمان كات گوندی بادلیان نزیكەی 500 ماڵە تا ئێستە بنكەیەكی تەندرووستی لێنیە و بۆ كەمترین نەخۆشی بە دووری چەندین كیلۆمەتڕ دەڕۆین تا دەگەین بە نەخۆشخانە .
زیاتر گووتی " پڕۆژەی دابەش كردنی ئاو بۆ دانیشتووانی ئەو گوندە رانەكێشراوە و سوود مەند نین لە ئاوی سەرەكی، بەشێكی زۆری دانیشتووان ئاومان بە تانكەر پێدەگات، ئەمەش كێشە و گرفتی زۆری بۆ ئێمە دروست كردوە.
رائید خەلیل هاووڵاتییەكی تری دانیشتووی گوندی بادلیانە ئەو ماوەی سێ ساڵە خانووی دروست كردوە و دەڵێ " كێشەی سەرەكی گوندەكەمان خراپی رێگای شەقام و كۆلانەكانی گوندەكەمانە، سەربارەی ئەمەش بۆ ئاوی خواردنەوە ئاریشەی بەردەواممان هەیە .
ئەو هاووڵاتییە دووپاتی كردەوە، هەفتەی رۆژێك یان دوو رۆژ ئاومان بە تانكەر بۆ دێت، بەو بڕە ئاوەش ناتوانین هەموو پێداویستیەكانمان جێبەجێ بكەین، داواكارین لە حكومەت و لایەنی پەیوەندی دار ئاوڕێكمان لێ بدەنەوە و بەهانامانەوە بێن .
لەلای خۆشیەوە، مەغدید عەریف ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا لە لێدوانێكیدا بە زاری كرمانجی راگەیاند " هەریەك لە گوندەكانی بادلیان ، دێلزیان ، كەورین ، گوان كەوتوونەتە نێو ماستەر پلانی شارەوانی و هیچ كێشەیەكیی ئەو تۆیان لە رووی سەرپێچیەوە نییە، بەڵام نەبوونی خزمەت گوزاری لەو شوێنانە بەتایبەتیش گوندی بادلیان پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە هەیە كە لە ساڵی 2014ەوە پڕۆژەی نوێی خزمەت گوزاری جێبەجێ نەكراون و ئەو دەیان ماڵەی كە لە بادلیانیش كێشەی هەیە لەو ساڵانەی دووای هاتوونە و دروست بوونە .
زیاتر گووتی " ئاگاداری كێشە و گرفتی خزمەت گوزاری بادلیانی نوێین، هەر كاتێك دۆخی ئابووری باشتر ببێت و پڕۆژەی نوێ وەگەڕبخرێن بەدڵنیایەوە پڕۆژەی خزمەت گوزاری بۆ بادلیان جێبەجێ دەكرێت بەتایبەت چاككردن و دروست كردنی شەقام و كۆڵانەكانیان و راكێشانی پڕۆژەی ئاوی سەرەكی .
بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا دەڵێت " گوندی بادلیان قوتابخانەی لێیە و باخچەی ساوایانیش ئەمساڵ كراوەتەوە ، بەڵام رەنگە بۆ هەموو ماڵێك قوتابخانە نزیك نەبێت لە ئێستەشدا قوتابخانەیەكی تر بەهۆی كەمی میلاك و پێداویستی ناكرێتەوە، ئەو ماڵانەی كە تا ئێستا پڕۆژەی ئاویان پێنەگەیشتووە ، وەكو حكومەت هەفتەی دووجار ئاویان بەتانكەر و بە خۆڕایی بەسەر دابەش دەكەین .
ناوبراو ئاماژەشی بەوەدا " گوندی بادلیای كۆن لە رووی یاسایی و سەرپێچی هیچ كێشەیەكی نییە ، ئەوەی تازەش دروست بووە و كەوتۆتە ماستەر پلان، دەبێت بۆ هەموو پێداویستیەك سەردانی شارەوانی بكات و ئەوانەی دەرەوەی ماستەر پلانیشن بن و دەست درێژیان بۆ سەر مولكی گشتی كردبێت كێشەیان بۆ دروست دەبێت .

زۆرترین بینراو