داوای لێبوردن بەس نییە

كارۆخ فەهمی

 

داوای لێبوردن لەم گەنجە شتێکی باشە؛ بەڵام ھیچ لە وێنە گەورە ناشیرینەکە ناگۆڕێ؛ کە عێراقە. رۆژانە کەسانی وەک ئەم مێردمنداڵە لە عێراق و کوردستان ئازار دەرێ و سوکایەتی پێدەکرێ، بەڵام کامێرایەک لەوێ نییە تا وەک کەیسی ئەم نەوجەوانە بڵاو بێتەوەو ھەرا بنێتەوە. زیاتر لە دوو مانگە ئەم گەنجە ئەشکەنجە دراوەو کەسیش نایزانێ، بەڵام ئەوە ڤیدیۆ و جنێو و سوکایەتی و ھەموو ئەو شتانەیترن رەنگە ئێوە بینیبێتتان (من توانای سەیرکردنی ئەم جۆرە لە توندوتیژیم نییە)، وادەکا ببێتە بابەتێکی گرینگ و دەنگی ناڕازی بەرز ببێتەوە. واتا ئێمە ھەرگیز بە تەواوی نازانین چی لە تاریکیدا روودەدات، تاکو کەسێک وەک شایەدحاڵ دێتە دەنگ یان ئاسانترین و خێراترین و کاریگەرترین رێگا ھەڵدەبژێرێ و کۆی دیمەنەکە تۆمار دەکات و لە ئینتەرنێت بڵاوی دەکاتەوە. ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئێمە نازانین ھێزە چەکدارەکان چەندە دڕندەو بەربەرین؛ چۆن دەتوانن سوکایەتی بە ھەموومان بکەن و تۆمەت و درۆو رووداوو سیناریۆمان بۆ ھەڵبەستن. بۆیە ئەم کەیسە وەک یەکێک لە بابەتە سەرگەرمکەرەکان بڵاو دەبێتەوە، وەک بابەتێک کە بۆ پێکەنین و کاتبەسەربردن باشە، نەک ئەشکەنجەی جددی مرۆڤێک. ئازاردان و سوکایەتی راستەقینە، ئەوەی کە مرۆڤ ھەرگیز ناتوانێ وێنای توندوتیژییەکەی بکا؛ ئێمە نایبینین و بابەتەکە ئەوەندە جددیە کە ئیدی نابێ ئەوێ کامێراو مۆبایلی لێبێت.

داوای لێبوردن یان گۆڕینی دوو سێ پلەداری سەربازی؛ ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ. توندوتیژی بە مێژووی ئەم ناوچەیەدا زۆر لەوە زیاتر قووڵ رۆچووە کە بە داوای لێبوردنێک ھەموو شتێک بکەوێتە سەر سکە راستەکەی خۆی. ئەی کێ داوای لێبوردن لە ھەموو ئەوانە دەکات کە لە تاریکیدا کوژران؟ ئەوانەی قەناس بەدەستەکان لەسەر باڵەخانە وێرانەکانەوە لەناو خۆپێشاندەرانەوە دەیکردنە ئامانج، ئەوانەی لە زیندانە نھێنی و ئاشکراکاندا سوکایەتی زۆر زیاتر لەوەی ئەم گەنجەیان پێدەکرێت. کۆمەڵگەی کوردی و عێراقی نابێ بەم دیمەنانە توشی شۆک بێت، چونکە ئەمە کەیسێکی ئاشکراو بچکۆلەیە لە زنجیرەیەکی درێژی سوکایەتی و بەناحەق کوشتن. داوای لێبوردن کاتێک مانای ھەیە و دەتوانێ فریومان بدا، کە ئەم رووداوە تاقانە بێت و لە رابردوودا رووینەدابێت و بەڵێنی ئەوەمان پێبدا کە لە ئایندەشدا دووبارە نابێتەوە.
داوای لێبوردن کاتێک مانا ھەیە کە ھەوڵی جددی ھەبێ بۆ بنەبڕکردنی ئەم جۆرە لەتوندوتیژی لەناو دەزگا ئەمنییەکان و گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ ئینسان.

تێگەیشتن لە کەیسی وەکو ئەمە ئاسانە، لەبەرئەوەی وڵاتەکە ھیچ شتێکی ساخی تێدانییە و ھیچ شتێک لە شوێنی راستەقینەی خۆیدا نییە؛ بۆیە ئەم رووداوانە ئاساییە و دەبێ چاوەڕوانی خراپتریش بین. ئەوەی زەمینەی بۆ ئەم دۆخە خۆشکردووە؛ بوونی چەندین گرووپی چەکدارو تاقمی جیاوازن کە بەیاسای دارستان دەجوڵێنەوە، بەشێکیان دان بە حکومەتیشدا نانێن و مەرجەعی باڵاتریان ھەیە. بوونی ھێزو چەکدار و رێکخراوی سەربازی لەدەرەوەی دەسەڵاتی راستەوخۆی حکومەت؛ ئەمە ئەنجامەکەیەتی. کەی شتێک نەما بەناوی ھێزی سەدر و ھێزی مالیکی و حەشد و ھێزی پارتی و ھێزی یەکێتی؛ کەی ھەموو ئەمانە لە سوپایەکی نیشتیمانی کۆکرانەوەو لە یاسا بەدەر نەبوون؛ ئەوکات ھەنگاوی دوای داوای لێبوردن سەر ڕێ کەوتووە. واتا ھەنگاوە سەرەتاییەکە ئەوەیە چەکدار لە گروپ و کەس و حیزب و خێزانەکان بسەنرێتەوە. ھاوڵاتی کە چەکدارێک دەبینێ وێنەی جەلاد و دادوەر و زیندانەوان و خاوەن بێ قەیدوشەرتی مافی تێدا نەبینێ. ھەست بکا ئەوە پیاوی گوێڕایەڵی دەوڵەتە لەسەر جادە؛ نەک جەلاد؛ ھەست بکا ئەو بۆ پاراستنی ئەم لەوێیە نەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزب گروپ و تاقمەکان. کە ئەمەت نەکرد داوای لێبوردن تەنھا ماکیاجێکی کاتییە بۆ رووخساری حکومەت و دەوڵەتێکی لە ناوەوە داڕزاو.

بۆچی ھێشتا بەغدا ھەنگاوێکی گەورە لەپێش کوردستانەوەیە؟
ئەمەش روون و ئاسانە، چونکە ئێمە پێشتر حاڵەتی لەم شێوەیەمان ھەبووە و کەسیش داوای لێبوردنی نەکردووە. ئینسان رۆژانە کەرامەتی ئەشکێنرێ و دۆخەکە بەرەو خراپتریش ئەڕوات؛ لەبەر ئەوەی ئەوکاتەی گەنجێک بەھەمانشێوە سوکایەتی پێکراو قژیان بەھێمای ئەتک تاشی، ئینجا تا سنووری دێگەڵەشیان بردو لەوێ شاربەدەرو زۆن بەدەریانکرد. ئەمە لەکاتێکدا حکومەت ئەوکات وەک ئەوەی ئێستا پۆلیسییش نەبوو. ئەگەر ئەو حاڵەتەی بەغدا لەسەر دزیش بوبێ( کە دیسان کەس مافی ئەوەی نییە شتێکی لەم جۆرە بەرامبەری بکا) ئەوا ئەوەی ئێرە تەنھا داوای ماف و ئازادی نانی دەکرد. ئەوکات نەک کەس داوای لێبوردنی نەکرد، بەڵکو بکەرەکانیش وەک ھەمیشە لە تاریکیدا مانەوەو رەنگە رۆژانە لە تەنیشتمانەوە بڕۆن و چاودێریمان بکەن. ئەمە جگە لەوەی سنوور و تخوبەکانی نێوان بنەماڵەکانی تۆختر کردەوە.
راستە ئەم داوای لێبوردنە ھیچ شتێک لە دۆخی وێرانەیی عێراق ناگۆڕێ؛ ناتوانێ ئەم ھەموو بێدادی و شەڕی تایفەگەری و گەندەڵییە گەورەیە بشارێتەوە، بەڵام ئاماژەیەکی روونە کە ھەنگاوێکی گەورە لەپێش ئێمەوەن..

 

 

 

زۆرترین بینراو