داوا دەكرێت ئاوی تونێلی بەنی هەریر بكرێتە پڕۆژە

داوا دەكرێت ئاوی تونێلی بەنی هەریر بكرێتە پڕۆژە

محەمەد ئامۆكەیی- هەریر: تا ئێستا كاركردن لە تونێڵی بەنی هەریر بەردەوامی هەیە و بوونی ئاو لە نێو تونێل كاری بۆ تیمی ئەندازە كەمێك سەختكردووە و هاووڵاتیان داوادەكەن ئەو ئاوەی لە نێو تونێلەكە هەیە بكرێتە پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوی خواردنەوە، بەوەش گرفتی كەم ئاوی لە گوندەكانی سنوورەكە بەرە و كەمبوونەوە دەچێت، بەرپرسی فەمانگەی ئاوی هەریریش بۆ زاری كرمانجی رای دەگێنێت" بیرۆكەی ئەوەمان هەیە و سەرقالی دانانی بەرنامەین.
بڕیار گەنجێكی دانیشتووی گوندی سیساوەیە دەڵێت" چەندین ساڵە بەشێكی زۆری گوندەكانی سنوورەكە گرفتی كەم ئاویان هەیە ئەو ئاوەش سەرچاوەیەكی باش دەبێت بۆ ئەوەی سوودی لێببینن، بۆیە داوا دەكەین بكرێت پڕۆژە و جگە لە ئاوی خواردنەوە ئەتوانرێت بەردەم دەرگای تونێڵەكە بكرێتە شوێنێكی گەشتیاری و ئەوەش چەندین خەڵكی لێ سوود مەند دەبێت.
بێوار عەدنان كانتین، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی هەریر و دەووروبەر بەزاری كرمانجی راگەیاند" لەگەڵ تیمێك لە ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو ئاوەڕۆیەكانی هەرێم و تیمی رێگاو بان و ئاوی دەوروبەر سەردانی تونێلی بەنی هەریرمان كرد بۆ ئەوەی بیرۆكەیەكە دابڕێژین بۆ كردنی بە پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە، ئێستا خەریكی ئەوەین چۆن بتوانین پرۆِژەكە جێ بەجێ بكەین، تا ئێستا ئەو ئاوە لەمەپەری درووستكردوە لەبەردەم قیڕتاوكردنی نێو تونێلەكە، لەبەر ئەوەی لەهەردوو دیووی تونێلەكەلە ئاوێكی زۆر هەیە بە قەبارەی هەشت ئینج."
ئەوەشی گووت" قسەمان لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێ كار كردووە بەهەرجۆرێك بێت ئەو ئاوە لە تونێل بێنێتە دەروە بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین بكەین بە پڕۆژە، ئەگەرهاتوو ئاوەكە كرایە پڕۆژەكە چەند گوندێكی ناوچەكە گرفتی كەم ئاویان هەیە ئەتوانن سوودی لێببینن، ئەو ئاوەی ئێستا هەیە بە قوڵای 40مەتر لەژێر زەوی هەڵدەقوڵێت و هەر چوار وەرزی ساڵیش یەك ئاستی هەیە و لە تێستیش دەرچووە و ئەشێت بۆ خواردنەوە.
جێگای باسە حكوومەتی هەرێم لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە حەووت ساڵ دەبێت دەستی كردووە بە لێدانی ژمارەیەك تونێل لە نێوان قەزا و ناحیەكان بۆ كار ئاسانی هامووشۆی هاووڵاتیان، تونێلی بەنی هەریریش یەكێكە لەو پڕۆژانەی حكوومەتە ماوەی چەند ساڵێكە كاری تێدا دەكرێت و تا ئێستا بەشێكی زۆری تونێلەكە تەواوبووە كاركردنیش تێیدا بەردەوامە.

زۆرترین بینراو