داڤۆس و دەركەوتنی چەند ڕاستییەك

تێكۆشەر نامیق سارتكەیی

زۆرن ئەوانەی لەژێر فشاری دەروونی، كە بەڕق و قینێكی زۆر، بارگاوی كراون، لەسەر كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی ئەمریكاو سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەلەپەراوێزی كۆڕبەندی ئابووری داڤوس بەڕێوەچوو، شتگەلێكی بێ مانایان نووسی.
من لێرەدا هێندەی دەمەوێ خوێندنەوەیەكی واقعی بۆ ئەو دیدارە بكەم، ئەوەندە مەبەستم نییە وەڵامی ئەوانە بدەمەوە كە هەرچی لەدەستیان بێت درێغی ناكەن بۆ كەمكردنەوەی نرخی ئەو دیدارو چاوپێكەوتنانە. چونكە ئەوانە دەمێكە بڕیاریانداوە، چاویان ڕاستییەكان نەبینێ.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لێكەوتەكانی، كەبینیمان تەواوی وڵاتە هەرێمی وبەشێكی زۆریش نێودەوڵەتیەكان، چۆن پشتیان تێكردین و عەبادی لەلوتكەی غروری خۆیدا، هەڕەشەی سڕێنەوەی قەوارە دەستووریەكەی هەرێمەكەمانی دەكرد، كەدواجار بەهەوڵی جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی و پشت ئەستوور بەخۆڕاگری جەماوەری كوردستان، توانی ئەو قۆناغە دژوارە تێپەڕێنێ و لەكەناری ئارامیدا، كەشتیەكەی لەنگەر پێ بگرێت.
ئێستاش دەبینین بەبەرچاوی هەموو دنیاو یارو نەیار، سەرۆكی گەورەترین وڵاتی دنیا كە ئەمەریكایە، لەپشت ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوەو ستایشی دەكات و دووپات لەپاڵپشتی و كاری پێكەوەیی لەگەڵ گەلی كوردو سەركردایەتیەكەی دەكاتەوە.
ڕاستە خۆڕەنگە هەر تەنیا دیدارێك نابێتە مایەی گەیشتنمان بەتێكڕای خەونە مێژووییەكانمان، بەڵام ناشكرێ ئەو ڕاستیە نادیدە بگرین و پێمان وابێ هیچ ئەرزش و نرخێكی ئەوتۆی نییە.
بەڵكو بەزمانی حاڵ، پێمان دەڵێ؛ لای خۆرئاواو بەتایبەتیش ئەمەریكا، هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی حیساب بۆ كراوە، لەهاوكێشە نێودەوڵەتی و ناوچەكەدا. ئەگەر لەهەندێك بارودۆخ و ویستگەشدا، گلەییمان لەدۆستە دێرین و هاپەیمانەكەمان هەبوو بێت، ‌لەژپای هەڵوێستە لاوازەكانیان، ئەوا پێدەچێ ئیدارەی ئێستای واشنتن، وەك بەخۆداچوونەوەیەك، هەنگاو بنێ بەئاڕاستەی چاككردنەوەی هەڵەكانی لە ڕابردوودا.
هەروەها دەتوانین لێرەوە، لەخاڵی بەیەكگەیشتن و هاوبەشی لەبەرژەوەندییەكانماندا، چەندین هەنگاو بهاوێژین و لەگەڵ هەر گۆڕانكاری و پێشهاتێكی نوێ، دەستكەوتی زیاتر بەدەست بێنین. لەپاڵ ڕاگرتنی هاوسەنگی لەپەیوەندییەكانماندا، لەململانێی نێوان ئێران و ئەمەریكادا، یارییەكی ژیرانەو سەركەوتووانە ئەنجام بدەین و بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانمان بپارێزین.
بۆیە بەبڕوای من، ئەو دیدارە، بەدەستكەوتێكی گرنگ دەزانم و پێم وایە دەسپێكی خاڵی وەرچەرخانە، لەپەیوەندی و بەرژەوەندییەكانی نێوانمان.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو