درەو شانەوەی كورد لە داڤۆس

محەممەد مەحموود

كوڕبەندی ئابووری داڤۆس ساڵانە كە لە كۆتاییەكانی مانگی كانوونی دووەم بەرێوە دەچێت ،ئەم كوڕبەندە ساڵانە چەندین سەركردەو كەسایەتی جیهانی لە بوارە جیاجیاكان كۆدەكاتەوە و بەیەكیان دەگەیەنێت، ئەگەرچی لەوێ‌ لەم كاتە بەردەوام كەش و هەوا ساردەو بەفری سپی بە سەركردەو كەسایەتییەكان و بەشداربووان دەڵێت ئێوەش ناخی خۆتان سپی بكەنەوە، بۆ كۆڕبەندە چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستانیش بەشێوەیەكی فەرمی بانگهێشت دەكرێت.
ئەمساڵ كوردستان لە سەر ئاستی باڵاوە لە رێگای سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بەشداری ئەم كوڕبەندەی كرد، دیدارو گفتووگۆ گەرمەكانی شاندی كوردستان جێگای دڵخۆشی و ئومێد بوون، بەرێز نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ لە كوڕ بەندی ئابووری داڤۆس بەشداربوو، پێشتریش وەك سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەشداری لەم كوڕبەندە ئابوورییە كردووە.
دیدار و چاوپێكەوتنەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ جیاوازتر بوون، هەر زوو كۆشكی سپی بەرنامەی كاری سەرۆكەكەیان كە دۆناڵد ترامپە بڵاوكردەوە كە لە داڤۆس لە گەڵ كێ‌ كۆدەبێتەوەو بەرنامەی كاری چۆن دەبێت، ئەوە بوو ئاماژە بە دیدارە گرنگەكەی كرا لە گەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لە نێو میدیای ئەو وڵاتەو جیهانیشەوە بە بایەخەوە باس لەم دیدارە كرا، دیداری ترامپ و نێچیرڤان بارزانی وەك دیداری لووتكە هەژمار دەكرێت جگە لەو كۆبوونەوەو دانیشتنانەی لەگەڵ سەركردەو كەسایەتییەكانی جیهان سازی كردن.
دیداری لووتكە لەلایەن شرۆڤەكاران و چاودێرانی سیاسییەوە خوێندنەوەی گرنگی بۆ كرا، ئەو شوێنەی كە سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لە شاندی باڵای كوردستان كرد و دانانی ئاڵای كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لەم دیدارە گرنگە تایبەت مەندی خۆی هەبوو، دەركەوت كە كوردستان ئەگەر چی وەك هەرێمە بەڵام دانیشتن لە گەڵ سەرۆكەكەی وەك ئەوە وایە كە وڵاتێكی هەرە بەهێزو كاریگەر بێت ، دیمەنی دیداری ترامپ و سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، هاتنە پێشەوەی چەند هانگاوێك لە لایەن ترمپەوە بۆ شاندی كوردستان زۆر گرنگ بوو، گەرمی پێشوازی كردن و گفتوگۆكان لەو دانیشتنە بووە جێگای بایەخی میدیایی جیهانی و بە گرنگیەوە باسیان لە دیدارەكەی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەمریكا كرد.
دیبلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی جیهان دیارو بەرچاوە كە چۆن توانیوویەتی لەو ماوەییەی كە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە كوردستان لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان زیاتر بباتە پێشەوە ئەمەش كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە و سەركردەو كەسی تایبەتمەندی دەوێت بۆئەوەی گەشە بەم پەیوەندییانە بدات.
وەك بینرا شاندی كوردستان چەندین دیداری گرنگیان هەبوو لەو كۆڕبەندە لە گەڵ سەركردەی وڵاتان و كاربەدەستانی دونیا، بەڵام لە هەمووان كاریگەرتر دانیشتنی سەرۆكی ئەمریكا بوو لە گەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، ئەمریكا وەك كاریگەرترین و بەهێزترین وڵاتی دونیا كوردستانیش وەك بەهێزترین و ئارامترین هەرێم لە جیهان مامەڵەی وەك وڵاتێك لەگەڵ دەكرا.
بەشداری كردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و قسەكردن لەم كوڕبەندە،تایبەتمەندی خۆی هەبوو، وەك دەبینین ئاسۆێكی گەش لە بەردەم كوردستانە، بانگهێشتكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس بە شێوەیەكی فەرمی دەری خست كە كوردستان وەك دەوڵەت وایە،خۆری كورد و كوردستان لە داڤۆس باشتر و گەشتر هەڵهات.
داڤۆس ئەو شارە بچووكەی كە دەكەوێتە هەرێمی گروباندن لە وڵاتی سویسرا، كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس رێكخراوێكی ناحكومییە، ئامانجی قازانج نییە، بارەگەكەی لە جنێفی پایتەختی سویسرایە، مامۆستای ئابووری (كلاس شواب) لەساڵی 1971 دایمەزراندوە، ساڵانە لە مانگی كانوونی دووەمدا زیاتر لە 1000 كەس لە سەرۆكی وڵاتان و وەزیران و ئابووری ناسان تیدا كۆدەبنەوە بۆ قسەكردن لەسەر پرسە ئابووری و سیاسییەكان و ژینگەییەكان بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان.

زۆرترین بینراو