دكتۆرێك بەتەنها چارەسەری پزیشكی بۆ 58 گوندی دەشتی هێرت دەكات

دكتۆرێك بەتەنها چارەسەری پزیشكی بۆ 58 گوندی دەشتی هێرت دەكات

 
 
موڕشید برادۆستی – سیدەكان : لە گوندێكی دەشتی هێرتێی سەر بە ناحیەی سیدەكان لە سنووری قەزای سۆران، دكتۆرێك بەتەنها سەرجەم كارەكانی بنكەیەكی تەندرووستی رای دەكات، لە كاتێكدا بنكە تەندرووستییەكە 58 گوند و ئاوەدانی بەسەرەوەیە، بەڕێوەبەری تەندرووستی سۆرانیش هۆكاری دانەمەزراندنی پزیشك و فەرمانبەری تەندرووستی ئاشكرا دەكات ".
كامەران حەمید بەرپرسی بنكەی تەندرووستی نزاری لە سنووری سیدەكان لە لێدوانێكیدا بۆ زاری كرمانجی گووتی" ماوەی هەشت ساڵ زیاترە بنكەی تەندرووستی لە گوندی نزاری بوونی هەیە و دەكەوێتە ناوەڕاستی سەرجەم گوندەكانی دەشتێ هێرتێ سەر بە شارەدێی سیدەكان كە ژمارەیان 58 گوندە، رۆژانە زیاتر لە 40 نەخۆش بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانە دەكەن كە بەتەنها هەموو كارێكی پزیشكی و تەندرووستی بۆ نەخۆش ئەنجام دەدەم .
بەرپرسی بنكەی تەندرووستی نزاری روونی دەكاتەوە، هەرچەندە بینای تەندرووستیان كێشەی نییە، بەڵام تا ئێستە كارمەندی پێویست و پێدواویستی بۆ نەخۆشخانەكە دابین نەكراوە، ئەو داواكارە چەند كارمەندێك وەكو بەردەست و پزیشكی تایبەتی بواری ئافرەتان و كارمەندی تەندرووستی لە بوارەكانی تاقیگە و ئیسك و شكانی بۆ دابین بكرێت .
بەڕێوەبەردنی نەخۆشخانەكە بە تەنها بۆ كامەران حەمید كارێكی تەواو قورسە و ئەو بەڕێوەبەردنی بنكە تەندرووستیی نزاری، ماڵیشی گواستۆتەوە گوندەكە و ناتوانێت لە نەخۆشخانەكە دوور بكەوێتەوە، پێی وایە لە هیچ شوێنێكی دونیا نەبووە یەك كەس نەخۆشخانەیەك بەڕێوەببات و سەرجەم كارەكانی پزیشكی و تەندرووستی بۆ نەخۆشان بەتەنها ئەنجام بدات! .
هەروەها گووتی" بنكەی تەندرووستی نزاری كە تاكە نەخۆشخانەیە بۆ 58 گوندی سنووری دەشتی هێرتێ دروست كراوە و خەلك سەردانی دەكەن، دەڤەرێكی بەرفراوانە و رێگا و بانەكانیشی وەك پێویست نین و ناوچەیەكی دوورە دەست و شاخاویشە و بەردەوام بۆردومان و تۆپبارانی وڵاتانی دراوسێی لێ دەكرێت .
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نزاری سەرجەم كارەكانی نەخۆشخانەكە وەك بڕینی بلیت، خاوین كردنەوەی نەخۆشخانە، بینینی نەخۆش و چارەسەریان، هاوكات شوفێری كردنی ئۆتۆمبیلی فریاكەوتن سەرجەم كارەكان بەخۆی ئەنجام دەدات تەنها هاوسەرەكەی بەشێوەی خۆبەخش هاریكاری دەكات لەكاتێكدا نەبە گرێبەست و نەبەفەرمی دانەمەزراوە .
لەلای خۆشیەوە، دكتۆر مەقسوود ئیسماعیل بەڕێوەبەری تەندرووستی سۆران بە بەزاری كرمانجی راگەیاند": چەند ساڵێكە نەخۆشخانەیەكی مۆدێرن بە تەواوی كەل و پەل و پێداویستییەوە بۆ گوندی نزاری سەر بە شارەدێی سیدەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییمان دروست كراوە و ئەوەی پێویستە بۆ ئەو بنكە تەندرووستییە دابین كردنی میلاكی پێویستە.
بەڕێوەبەری تەندرووستی سۆران ئاشكراشی دەكات، لە بنكەی تەندرووستی نزاری تەنها دوو كارمەندمان هەیە، یەكێكیان نەخۆش دەبینێت و ئەوەی تر وەك پاسەوانی نەخۆشخانە دامەزراوە و ئاگاداریشین رێژەیەكی زۆری نەخۆش و گوند و ئاوای بۆ چارەسەری تەندرووستی سەردانی بنكەی نزاری دەكەن .
ناوبراو دووپاتی كردەوە، چەندین جار نوسراومان بەرز كردۆتەوە و داوامان لە هەولێر كردوە چەند كارمەندێكی تر بە هەمیشەی یان گرێبەستمان بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دابمەزرێنن بەڵام بەهۆی تەنگەژەی دارایی تا ئێستە رەزامەندی دامەزراندنییان دەر نەبڕیوە .
بنكەی تەندرووستی نزاری لە سنووری دەشتی هێرتێ سەر بە ناحیەی سیدەكان، ساڵی 2009 لەلایەن رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی حكومەتی هەرێم دروست كراوە و ساڵی 2011 بەفەرمی كراوەتەوە، دەكەوێتە سەنتەری 58 گوندی دەشتی هێرتێ و چەند ساڵێكە تەنها یەك كارمەندی تەندرووستی هەیە و بەدەست كەمی كارمەند و فەرمانبەرەوە دەناڵێنێت .

زۆرترین بینراو