دلشاد كاوانی: خەمەكانم لە چوار چێوەی چیرۆكدا جێگایان دەبێتەوە

دلشاد كاوانی: خەمەكانم لە چوار چێوەی چیرۆكدا جێگایان دەبێتەوە

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:

دلشاد كاوانی، گەنجێكی شەقڵاوەیە ماوەی پانزە ساڵە چیرۆك دەنووسێت و‌ ناوێكی دیاری نێو جیهانی ئەدەب و چیرۆكە، براوەی چەندین خەڵاتی ئەدەبییە لەسەر ئاستی شارەكانی هەریم. ئەو بە رێچكەو تەكنیكی تایبەت بە خۆی دەنووسێ‌، لە دیدارێكی تایبەتی زاری كرمانجی باس لە دەستَپێكی هاتنە نێو دونیای ئەدەب دەكات و دەڵێت" لە بواری نووسین یەكەم دەستپێكم لە ساڵی 1996 بە شیعر دەستم بە نووسین كرد، دواتر لە هەمان ساڵ یەكەم چیرۆكم بەناوی هەرگیز پاشگەز نابمەوە نووسی، ئەو كاتانەی كە ئێمە تێیدا دەمان نووسی بارودۆخەكە وەك ئێستا نەبوو، ئەو هەموو راگەیاندن و شەپۆڵی میدایی و سۆشیال میدا نەبوو ئێمە تێیدا بنووسین و بڵاوی بكەینەوە، لە هەموو كوردستان تەنیا دوو گۆڤار هەبوون ئەوانیش گۆڤاری كاروان و رامان بوون، ئاسان نەبوو كە بتوانین بەرهەمەكانت بگەینیت بە خوێنەر بۆیە بە داخەوە دەرفەت نە بوو لەو كاتەدا بڵاوی بكەمەوە.
كاوانی كە دەستپێكی هاتنە نێو ئەدەب لە نووسینی شیعرەوە دەستی پێكردووە دواتر وازی لە شیعر هێناوە و قەلەمی بۆ نووسینی چیڕۆك بردووە ئەوەی خستەڕوو" فەڕەنسیەكان دەڵێن گەلی كورد هەموویان شاعیرن، ئەمەش رەنگە پەیوەندی بە بار و دۆخی سەختەكانی ژیانی تاكی كورد و سروشت و ژینگەی جوان و چیاو شاخنی یەوە هەبێت، بەو پێیەی كە سروشتەكەی جوانە و خەڵكێكی هەست ناسك و دڵ ناسك هەیە زۆرترین كەس دەست بۆ شیعر دەبات، ڕەنگە لە هەرماڵێك شاعیرێك هەبێ‌، من حەزم كرد وەكو دلشاد، جیا لە خەڵكانی تر ئەو ئازارانەی لە ناخمدا هەبوو بە چیرۆك دەریببڕم هەروەك جەنەراِلی پایز دەلێ‌" كاتێ‌ زانیت ئازارەكانم لە چوار چێوەی شیعرێك جێگای نەبۆتەوە دڵنیابە ئەو كات مەرگم نزیك بۆتەوە، چونكە چیرۆك پانتاییەكی فراوانترە لە شیعر دڵنیام منیش كە خەمەكانم لە چوار چێوەی چیرۆكدا جێگایان دەبێتەوە نەوەك شیعر، بۆیە چیرۆكم لا پەسند ترە لە شیعر."
كاوانی چیرۆكی هێندەی رۆحی خۆی خۆش دەوێت و باس لە ئامانج و ناوەڕۆكی چیرۆكەكانی دەكات و دەشڵێت" من بۆ هیچ كەسێكی تایبەتی نانووسم بەڵام باشترین و سەركەوتوترین نووسەر ئەوەیە كە بەڕێچكە و تەكنیك و شێوازی تایبەتی خۆیدا بنووسێ‌ و خوێنەر ناچار بكات بە دوای تێگشەیشتن لە نووسینەكانی بگەڕێت و ئاستی مەعریفی خۆی بەرز بكاتەوە، بۆ ئاستی دەق نەوەك دەقێك دابەزێ‌ بۆ ئاستی خوێنەر، من هەموو ئەوانەی دەنووسم لە چوار چێوەی مەعریفی فەلسەفی شیكاریە بۆ باری دەروونی تاكی كورد هەر بەمەشەوە سەركەوتووم."
دلشاد كاوانی، نایشارێتەوە و باس لەوە دەكات شتێك بەنێو عەشق نەبووە لای من گووتیشی" من هەرگیز عاشق نەبووم و لە تامی عەشقی مێینە تێناگەم، شاعیران هەست ناسكن زووتر دەورژێن و عاشق دەبن، بەڵام چیرۆك نووسان تۆزێك بە هێزتر و پۆڵاینن كەمتر دەكەونە نێو داوی عەشقەوە یان بە دەوری چیرۆكی عەشق بازیەوە بخولێنەوە ئەمە لە نێو شیعر و شاعیران باوترە لە وەی لە نێو چیرۆك و چیرۆك نووسانەوە بێت".
ئەو چیرۆك نووسە هەوڵی داوە لە چیرۆكەكانی ئەو زوڵم و ستەمەی لە هەردوو رەگەز دەكرێ لە كۆمەڵگەی كوردەواری باسی لێوەبكات رایگەیاند" گرفتێك هەیە ئەویش ئەوەیە كە نووسین هەمیشە باش نیە، مەبەستم لەوە رەنگدانەوەی نووسەر لەسەر خودی دەقدایە هەندێ‌ جار بونیادنەرە، بەڵام زۆر جاریش روخێنەرە، من بەو پێیەی لە ژێر كاریگەری شێرزاد حەسەنم ئەو بە هۆی ئەوەی لە خێزانێكی ناتەبایی باوك سالاری داژیاوە، رەنگە ئەمە پاشخانێی فكریشی هەبێ‌، بەڵام هەمیشە دژی باوك دەینووسی بۆیە بەمەش شەڕی نێوان باوك كوڕ و شەڕی نەوەكانی خۆشتر كرد یاخود سادقی هیدایت دواجار خۆی دەخنكێنێ‌ و نووسەرانی سەدەكانی رۆمانسیەت وەك شۆپن هاوەرو شیخلی چەندین نووسەری تر بەڕەشبینی دونیا دەبینن هەر بەمەش كاردانەوە دوای خۆیان جێ‌ دەهێڵن و كەسایەتی سلبی و نەوەی نێگەتیف درووست دەكەن."
لە بەردەوامی قسەكانی دا دلشاد كاوانی، گووتی" تا ئێستا 24 چیرۆكم نووسیەوە و لە هەشت فیستیڤاڵ بەشداریم كردووە خەڵاتی یەكەم و دووەم رێزلێنانم بردووە، دوواجار یەكەمی چیرۆكی سەر ئاستی كوردستان بووم و خەڵاتی باشترین چیرۆكم لە سۆران وەرگرتووە، دواین جاریش لە فیستڤیاڵی ماڵی كتێب لەسەر ئاستی پارێزگاكانی باشوری كوردستان كە شارەكانی سنەو مەهاباد و بۆكانیش تێیدا بەشدابوون، خەڵاتی یەكەمم بردووە." گلەی زۆریشم لە حكومەت و لایەنە پەیوەندی دارەكان هەیە و پێم وایە گەنجانی خاوەن بەهرەیان فەرامۆش كردووە، وەك خۆم نەك هاوكاری نەكراوم رەنگە دژایەتیشم كرابێت، بەڵام كۆمەڵێك هاوڕێ‌ و دۆستی نزیكم هەمیشە لە پشتەمەوە بوون.

زۆرترین بینراو