د.محەمەد خورشید: شانە نوستووەكانی داعش لەناو كەركووك لە گەشەسەندنن

د.محەمەد خورشید: شانە نوستووەكانی داعش لەناو كەركووك لە گەشەسەندنن

د.محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ـی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتی زاری كرمانجیدا باس لە دۆخی ناجێگیری شاری كەركووك لەدوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر دەكات و ئاماژە بەو مەترسییەش دەدات كە لە ئەنجامی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی كەركووك لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەر كورد دەكەوێ، چونكە بە گووتەی خۆی " بەهۆی برەودان بە پرۆسەی تەعریب و هێنانی هەزاران خێزانی عەرەب لە ناوچەكانی دەرەوەی كەركووك و نێشتەجێكردنیان لە شاری كەركووك و ناوچە و گوندەكانی دەورووبەری، زیانێكی ئێجگار زۆر بە دەنگی كورد و كەركووكییەكان دەكەوێت".
دەشڵێت: "لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لەم دۆخەی ئێستای كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر كۆدەنگی و یەكهەڵوێستی سیاسیی لە نێوان حزبە سیاسییە كوردییەكان دروست كردووە، ئەمەش سوودێكی زۆری هەیە".
دیمانە: كەریم سمكۆ
* دوای شازدەی ئۆكتۆبەر رەوشی كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری لە چ دۆخێكدان، ئایا كورد، بەتایبەتیش بۆ لایەنگر و كادیرانی پارتی دەتوانن بە ئازادانە سەردانی ئەو ناوچانە بكەن؟
- دوای رووداوەكانی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر رەوشی ئەمنی شاری كەركووك لە دۆخێكی ئێجگار خراپدایە و تا دێت بۆشایی ئەمنی و ئاساییش روو لە زیادبوون دەكات، بەتایبەتی لە ناوچە كوردنشینەكانی ناوەوە و دەرەوەی كەركووك، بەداخەوە لایەنگرانی پارتیمان لە شاری كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك زۆرترین هەڕەشە و مەترسی لەسەر كادران و ئەندامانی ئێمە هەیە كە لە ماوەكانی رابردوو كادری ئێمە شەهید و تیرۆركراون، ئەمە وادەكات نەك تەنها كادرانی ئێمە، بەڵكو لایەنگرانیشمان نەتوانن بە ئازادانە ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێبكەن.
*ئێستاش تیرۆریستانی داعش هەڕەشەن بۆ ئەو ناوچانە، لەكاتێكدا رۆژانە جموجۆڵ و كردەی تیرۆریستیان هەیە، ئەگەر رەوش هەروا بێت، ئاییندەی ئەو شارە چی بەسەر دێت، كێ هۆكاری ئەم پشێویەیە؟
- بەڵێ بێگومان تا ئێستاش تیرۆریستانی داعش هەڕەشەن بۆ سەر شاری كەركووك، ئەمەش روون و ئاشكرایە كە لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە لە شارەكەدا هەیە تیرۆرستانی داعش لە دوای رووداوەكانی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر جموجۆڵ و كردەوەی تیرۆرستییان روو لە زیاد بوونە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی دەرەوەی كەركووك و لە گوندەكانی داقوق و پردێ و حەویجە، وە هەروەها هەرچی دۆخی ناو شاری كەركووكیشه شانە نوستووەكانی داعش لە گەشەسەندنن كە ئەمەش مەترسی زۆری بۆ سەر شارەكە دروست كردووە، ئەگەر دۆخی شارەكە و گەشەكردنی تیرۆرستانی داعش بەم شێوەیە بەردەوام بێت چارەنووسی كەركووك وەك هاوشێوەی شاری موصڵی لێدێت.
* بەڵام زۆرجار باس لە گەڕانەوەی پارتی دەكرێت بۆ كەركووك، ئایا ئەگەر شارەكە لەرووی ئەمنییەوە پڕ مەترسی بێت پارتی بە چ شێوازێك دەگەڕێتەوە ئەو شارە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای رووداوەكانی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە سەرجەم بارەگاكانی داگیركراون لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە، پارتی دوای ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و نەمانی ئەو حوكمە سەربازییەی كە بەسەر شارەكەدا سەپێندراوە و وەرگرتنەوەی بارەگاكانی، ئینجا دەگەرێتەوە شاری كەركووك.
*هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەو شارە و دیالە و موسڵ تاچەند بۆ كورد گرنگە، چۆن كاری بۆ بكات؟
- هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ كورد، بەتایبەتی لە كەركووك و دیالە و موصڵ، ئەمیش بە شێوەی یەك لیستی بۆ فەراهەم كردنی زۆرینەی كورسییەكان كاری جدی لە نێوان حزبە كوردییەكان هەیە لەو ناوچانە.
* بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئاوارەكان دەبێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لەوێ دەنگ بدەن و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن، تاچەند ئەمە زیان بە پرۆسەی دەنگدان و پێگەی كورد لەو شارە دەكەوێ؟ چونكە بەهۆی رەوشی نائاساییی كەركووك، بە هەزاران ئاوارەی كورد ناتوانن بگەرێنەوە ئەو شارە.
- بەهۆی دۆخی داگیركاری شاری كەركووك و ئەو دۆخە سەپێندراوەی بەسەر شارەكەدا هاتووە وە برەودان بە پرۆسەی تەعریب و هێنانی هەزاران خێزانی عەرەب لە ناوچەكانی دەرەوەی كەركووك و نێشتەجێكردنیان لە شاری كەركووك و ناوچە و گوندەكانی دەورووبەری شاری كەركووك، زیانێكی ئێجگار زۆڕ بە دەنگی كورد و كەركووكییەكان دەكەوێت، لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و نەگەڕانەوەی هەزاران خێزانی كوردی ئاوارە بە سەدان و هەزاران دەنگدەر لە پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان بێبەش دەبن، ئەمەش زیانێكی زۆر بە پێگە و دەنگی كورد لە شاری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێم دەگەیەنێت ، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێستادا لە هەوڵێكی جدیداین بۆ گۆرینی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
* پارتی چۆن دەڕوانێتە یەك لیستی كە ئێستا لایەنە سیاسییە كوردەكان لەسەری رێككەوتوون، ئەمە تاچەند بۆ پێگەی كورد لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان گرنگە؟
- یەك لیستی لایەنە كوردیەكانی شاری كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان (لیستی هاوپەیمانی كوردستانی) لەم دۆخەی ئێستای شاری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر كۆدەنگی و یەكهەڵوێستی سیاسیی لە نێوان حزبە سیاسییە كوردییەكان دروست كردووە، ئەمەش سوودێكی زۆری هەیە كە ئەمەش یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی كورد لەو ناوچانە نیشان دەدات و متمانەی هاونیشتمانیانی كورد زیاتر دەكات، جگە لەوەش كۆكردنەوەی دەنگی كورد زیاتر دەبێت و داهاتووی ناوچەكان زیاتر مسۆگەر دەكات لە رووی بەرژەوەندی و پشكی كارگێڕی و دەسەڵاتی سیاسیی كورد.
*ئەی ئەگەر پێش هەڵبژاردن پارتی بگەڕیتەوە كەركووك، پێتان وایە بە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك پێگەی كورد لەو شارە بەهێز دەبێتەوە و شكۆیەك بۆ كورد بگەرێتەوە كە لە شازدەی ئۆكتۆبەر شكێندرا؟
- هەموو لایەك بەچاوی خۆمان بینیمان فەراغی پارتی دیموكراتی كورستان لە شاری كەركووك چ پێشلكاری و خەراپی دۆخی ئەمنی و ئارامی و ئاسایش و خەراپی خزمەتگوزاری بە خۆیەوە بینیوە، بە دڵنیاییەوە بە گەرانەوەی پارتیمان هاونیشتمانیانی كورد لە ناوچەكە شكۆی كورد دەگەرێنێتەوە كە لە ئەنجامی رووداوەكانی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر شكێندرا، وە دڵنیایی كوردنشینانی شارەكە كە لە ئەنجامی رووداوەكانی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر نەمابوو دەگەڕێتەوە، هەروەها كەركووكییە رەسەنەكان بە هەموو چین و توێژەكانەوە ئەو راستییە دەزانن كە كەركووك لە سایەی پێشمەرگە و خەمخۆریی هەمیشەیی سەرۆك بارزانیی پارێزراو دەبێ‌ لە هەڕەشە و مەترسیی دوژمنان و تیرۆریستان.

زۆرترین بینراو