دوای 20 ساڵ رۆیشتنی رۆناڵدۆی ئەفسانە لە بەرشەلۆنە ئاشكرا دەكرێ

دوای 20 ساڵ رۆیشتنی رۆناڵدۆی ئەفسانە لە بەرشەلۆنە ئاشكرا دەكرێ

زاری كرمانجی- ئاژانسیە هەواڵییە وەرزشییەكان: سەرباری پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە، بەڵام ئەفسانە رۆناڵدۆ لویس نازاریۆ دالیمای بەڕازیلی تەنیا یەك وەرز لە یانە كەتەلۆنییەكە مایەوە. ئەو لە هاوینی 1997دا بەرامبەر 28 ملیۆن دۆلار پەیوەندی بە یانەی ئینتەرمیلانەوە كرد. رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە بەرشەلۆنە بەلای هاندەرانی یانەكەوە زۆر قورس بوو، تەنانەت ببوە گرێیەك لەلایان كە بۆچی (دیاردە) وا بەزوویی جێی هێشتن؟
ئەو گرێیە ساڵانێكی زۆر مایەوە، تاكو ئەوەی خوان گاسپارتی سەرۆكی ئەوكاتەی یانەی بەرشەلۆنە نهێنییەكەی ئاشكراكرد و رایگەیاند" رۆناڵدۆ بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نەبووە بەرشەلۆنە جێبهێڵێت".
گاسپارت لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەنوسیدا لەگەڵ سایتی گۆڵدا دەڵێت" رۆناڵدۆ دەیویست لە بەرشەلۆنە بمێنێتەوە، ئەو زۆر دڵخۆش بوو، دەیویست گرێبەستەكەی درێژبكاتەوە".
سەرۆكەكەی پێشووی بەرشەلۆنە رونیشیكردەوە" كە زۆر نزیكبوو درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی رۆناڵدۆ كۆتایی بێت و لەسەر زۆربەی وردەكارییەكانیش رێككەوتنیان كردبوو، پاش ئەو رێككەوتنەی نێوان رۆناڵدۆو ئیدارەی یانەكە، بڕیارماندا بەو بۆنەیەوە بچینە چێشتخانەیەك بۆ نانخواردنی ئێوارە.
گاسپارت پاش زیاتر لە 20 ساڵ دەڵێت" هەڵەیەكی گەورەمان كرد كاتێك چووین بۆ ئەو ئێوارە خوانە، ئەگەر ئەو كارەمان نەكردایە، ئەوا گرێبەستەكەی رۆناڵدۆ درێژ دەكرایەوەو بۆ ماوەیەكی زۆرترین لەلای ئێمە یاری دەكرد".
بەپێی گێڕانەوەكانی گاسپارت گەورە بازرگانی نەوت ماسیمۆ مۆراتی، كە ئەوكات خاوەنی زۆرینەی پشكەكانی ئینتەرمیلان بوو، دەستوەردەداتە ئەو رێككەوتنەوەو شكستی پێ دەهێنێت.
لەو نێوەندەدا واتە لەدوای رێككەوتنەكەو گەیشتن بە چێشتخانەكە، مۆراتی پەیوەندی بە راوێژكارەكەی رۆناڵدۆوە دەكات و رازی دەكات كە رۆناڵدۆ بگوازێتەوە بۆ خولی ئیتاڵیا.
دواتر لەوێوە راوێژكارەكەی رۆناڵدۆ شكست بە گرێبەستەكەی بەرشەلۆنە دێنێت و هەرجارەو داواكاری زیاتر دەخاتە بەردەم ئیدارەی یانە كەتەلۆنییەكە، تاكو دەگاتە ئەو رادەیەی پرۆژەكەی بەرشەلۆنە شكست بێنێت.
گاسپارت نهێنیی زیاتر دەگێڕێتەوەو دەڵێت" رۆناڵدۆ نیگەران بوو بە شكستهێنانی گرێبەستەكەی لەگەڵ بەرشەلۆنە، تەنانەت دەستی كردبوو بە گریان، بەڵام راوێژكارەكەی دڵنەوایی داوەتەوە و پێیوتووە كە گرێبەستی گەورەتری بۆ ئامادەكردووە, هەروەها پێی وتووە پێویستە بچێتە یانەیەكی دیكەوە بۆ ئەوەی پارەی زیاتری دەست بكەوێت".

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو