دونیا ی موزیكژەن: موزیكی كوردی كاریگەری لەسەر نەتەوەكانی تر دروستكردووە

دونیا ی موزیكژەن: موزیكی كوردی كاریگەری لەسەر نەتەوەكانی تر دروستكردووە

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : دونیا فەروخمەنش ی موزیكژەن، ساڵی 1996 لە شاری كرماشان ی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە، ماوەی چەندین ساڵە ئامێری عود دەژنێت، لە دیمانەیەكی تایبەت بە زاری كرمانجی باس لە كاریگەری موزیكی كوردی دەكات لەسەر نەتەوەكانی تر و دەوڵەتانی ناوچەكە.
دونیا دەڵێ‌: "دوای فراوانبوونی تەكنەلۆژیا، موزیك زۆر پێشكەوتووەو گرنگی خۆی لەدەست نەداوە لە بواری تەكنیك و دەنگ، خەڵك بەگشتی كەم گوێ لە موزیك دەگرن، ئەوانەی موزیكیش دەژنن كەمتر بەرهەمەكانی خۆیان بڵاو دەكەنەوە، بۆیە هاوڵاتیان و گوێگران بەئاسانی ناتوانن بەرهەمی نوێی گوێبیست ببن،"
ئەوەش دەڵێ‌"دەبێ كار لەسەر بە جیهانی كردنی موزیكەكەمان بكەین و، كارو چالاكییەكانمان تەنیا مەبەست لە قازانج و سوودی بازار نەبێـت، بەڵكو ناساندن و بڵاوكردنەوەی موزیكی كوردی بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، بۆ ئەوەی زیاتر دەربكەوێت و بناسرێ".
گوتیشی"هیوادارم هونەر و موزیك ببێتە هۆكارێك كە زیاتر كاریگەری لەسەر رۆحی مرۆڤ دروست بكات و، هەر نەتەوەیەك دەتوانێت بەرێگای موزیك خوی نیشانی گشت گەلانی جیهان بدات، بۆیە پێویستە هەر موزیكژەنێك لای خۆیەوە هەوڵی ئەوە بدات موزیكی كوردی بڵاوبكاتەوە"،
دونیا پێی وایە ئاین و كۆمەڵگە هۆكارێك بوونە كە ئافرەتان كەمتر لە نێو ئەو بوارەدا خۆیان ببینێنەوەو دەڵێ‌"بەگشتی كۆمەڵگە و ئاین هەردوو هۆكار بوونە كە ئافرەت كەمتر لە بواری موزیك و هونەر دا دەركەون".
ئاماژەی بەوەشكرد"ژمارەیەكی زۆر ئامێری موزیكم ژەنیون، لەگەڵ كاری شێوەكاری و شیعر نووسینداو، زۆربەی جارانیش چیرۆكم نووسیون و وتار لە بواری موزیك، لە چەندین كۆنسێرتی هونەری بەشداربوومە پەرتووكێم چاپكردووە بە زمانی ئینگلیزی و فارسی و لەگەڵ دوو چیرۆك و هیوادارام و پێمخوشە رۆژێك بەرهەمێك بەزمانی كوردی چاپ بكەم".

زۆرترین بینراو