دووگیانی تا منداڵ بوون

دووگیانی تا منداڵ بوون

ن- مینا تەها
دوای چوار ساڵ چاوەروانی، بەیانییەكی زوو لە هێلنج و ئازاری گەدە لە خەو راپەڕیم، تا كاتی دەستپێكردنی دەوامی نەخۆشخانە، بەدەم پیاسە كردن و دڵ تێكهەڵچوون چاوەرێم كرد، دواتر چووم بۆ نزیكترین بنكەی تەندروستی و زانیم كە دوو گیانم، ئەمە رووناكترین ‌و پڕ شانازیترین هەست بوو لە ناخمدا دروست بوو.
دووگیان بوون و گۆڕینی هۆرمۆنەكانەكان و كاریگەرییەكانی بۆ منیش، وەك هەموو دایكێك بە دیاركەوت، بە خواردنی هەر شتێك، هێڵنج و رشانەوەی یەك لە دوای یەك، بێزاری دەكردم، هەندێ جار هیچم نەدەخوارد، بەڵام رشانەوە هەر بەردەوام بوو تا هەفتەی شەشەم، بەم شێوەیە پڕ ئازارە شەو و رۆژم تێ دەپەری، بەڵام بۆ پاراستنی منداڵەكەم هیچ دەرمانێكم نەخوارد كە بتوانێت ئازاری گەدە و رشانەوەم كەم بكاتەوە.
پزیشكم سەری سورما كە چوون زووتر سەردانم نەكردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەری، دواتر حەبی (دمیترۆن) ی بۆ نووسیم و گووتی دەتوانی رۆژانە تا سێ حەب بخۆیت تا ئازاری گەدە و رشانەوەت كەمتر بكات.
حەبەكانم بەكار هێنا تووشی سەر ئێشە بووم هەستم كرد پاڵەپەستۆی خۆێنم دابەزیوە، بەڵام دڵ تێكچوون و ئازارەكەم هەر بەردەوام بوو، خواردن و چێشت لێنان كارێكی پر ئازار بوو بۆ من، چونكە بۆنی خواردن ئازارەكانمی زیاتر دەكرد، ئەم بابەتە تا هەفتەی دەیەمی دوو گیانیم بەردەوام بوو.
رشانەوەی زۆر و ئازارەكانم بە حەبەكان كۆنتڕۆڵ نەدەبوو، سەڕەڕای ئەوەش تووشی هەستەوەری پێست بووم هەموو جەستەم تووشی هەستیاری و هەڵئاوسان و سوور بوونەوە هات، تا ئەو رادەیە پڕ ئازار بوو كە بە چەندین كاتژمیر لە ژێر ئاوی گەرماوەكە دەمامەوە تا كەمێك لە ئازاری جەستەم كەم بێتەوە.
بەمشێوەیە ماوەی دووگیانیم تێپەڕی، رۆژێكیان دووبارە ئازارەكانی سكم زیادیكرد، ئازارێك كە بەر چاوەكانمی تاریك كرد، كاتێك چاوەكانم كردەوە لە نەخۆشخانە بووم، دیار بوو ماوەیەك لە هۆش خۆم چوو بووم، چونكە نەمزانی هاوسەرم چۆن و كەی منی گەیاندۆتە نەخۆشخانە، دوای پشكنین و سنۆگرافی، دەركەوت ریخۆلە كوێرەم پێویستی بە نەشتەرگەری بە پەلە هەیە، هەروەها كلیەی راستم تووشی هەڵئاوسان بووە.
دواتر پشكنینی هۆرمۆنی و گولبولی سپی خۆێنیان بۆ ئەنجام دام و دەركەوت رێژەی لە ئاستی سروشتی زۆر بەرزتر بووە، لەلایەك ئازارەكانم، لەلایەكی دیكەوە هەڵسوكەوت‌و قسەكانی پزیشك و پەرەستارەكانی ئێشكگری نەخۆشخانە، كە بە خۆپەرستی خۆیانەوە دەیانگووت "هەڵسە بڕۆە ماڵەوە تۆ هیچت نییە".
ئەو شەوە گەڕامەوە ماڵ و رۆژی دواتر چوومە لای پزیشكی تایبەتی خۆم و دوبارە پشكنینی نوێی ئەنجامدا و گووتی پێویستە نەشتەرگەری ئەنجام بدەی، بەڵام تا ئەو كاتەی ئازارەكانت تۆند نەبێت نەشتەرگەرییەكە دوا دەخەین.
ئەو رۆژە و رۆژی دواتریش ئازارەكانم كەمتر بوو، هەندێك جار بە دەنگی مۆسیقا دڵنەوایی كۆڕپەكەم دەكرد و دەستم بە بەرزایی سكم دەكێشا، هەبوونی منداڵەكەم لە هەموو شتێك بۆم گرنگتر‌و پڕ چێژتر بوو.
ئازارەكانم لە شەو دەستی پێكردو چركە بە چركە زیادی دەكرد، لەگەڵ دایكم چووم بۆ ئەو نەخۆشخانەیە كە پزیشكی خۆم ناونیشانی پێ دام، هاوسەرم بە هۆی كارەكەیەوە لە شۆێنێكی دیكە دەمایەوە، تەلەفۆنمان بۆ كرد بە پەلە گەڕایەوە، دیسانەوە سنۆگرافی و ئەمجارە پزیشك رایگەیاند كە پێویستە بە پەلە نەشتەرگەریم بۆ بكرێت، چونكە قەبارەی ریخۆڵەكوێرە بە گەورەترین ئاستی خۆی گەیشتبوو، خستمیانە سەر كورسییەكانی تایبەت و دوو پەرەستار بە پەلە بردمیانە ژووری نەشتەرگەری و پزیشكی نەشتەرگەر ئەو كات پێی گووتم "رەنگە لەگەل نەشتەرگەرییەكە منداڵەكەت لە دەست بدەیت" دەنگ و هاوار و گریانم بەرز بوویەوە تكام كرد و پارامەوە نەشتەرگەریم بۆ نەكەن، بەرگەی گشت ئازارەكان دەگرم بەڵام با منداڵەكەم بژیت.
نەشتەرگەری سەركەوتوو بوو، من و منداڵەكەم باش بووین پاش دوو رۆژ مانەوەمان لە نەخۆشخانە هاتمەوە ماڵ، نەمتوانی زۆر هاتووچۆ بكەم بە هۆی برینی نەشتەرگەری، ئەمەش بووە هۆكاری هەڵئاوسانی قاچم، سكم رۆژ دوای رۆژ گەورەتر دەبوو و ئازاری شوێنی برینی نەشتەرگەرییەكە زیاتر پر ئازارتر دەبوو.
لە هەفتەی 37 ی دوو گیانیم ئازارێكی زۆر لە بەشی خوارەوەی سكم هەبوو ئازارێك وەسف ناكرێت، هەستم دەكرد بەرزایی چیایەكم بریوە هەناسەم نەبوو، ئارەقە گشت جەستەی داپۆشیبووم، لە نەخۆشخانە رایانگەیاند كاتی لە دایكبوونی منداڵەكەیە لە كاتێكدا هێشتا تەمەنی كۆڕپەلە كەمە و پێنەگەیشتووە، بەڵام بە هۆی هاتنە خوارەوەی منداڵ، كاتی منداڵ بوونم زووتر لە كاتی خۆی ئەنجام درا.
دوای دوو رۆژ مانەوەم لە نەخۆشخانە، كاتژمیر 4ی سەرلەبەیانی، نەشتەرگەری منداڵبوونی یان بۆ ئەنجام دام و ( هیوا) یەكەم لە دایكبوو.

زۆرترین بینراو