دوو بەشی نوێ لەزانكۆی سۆران كرانەوە

دوو بەشی نوێ لەزانكۆی سۆران كرانەوە

محەمەد ئامۆكەیی – زاری كرمانجی: بە فەرمانی زانكۆیی، كە رۆژی ١٢/٢/٢٠١٩ دەرچووە و فەرمانی وەزاری لە رۆژی ٧/٤/٢٠١٩ دەركراوە و واژووی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرە، پەیكەری فاكەڵتیی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی سۆران، داڕێژراوەتەوە و دوو بەشی نوێكراونەتەوە.
د. هێمن میرانی" راگری فاكەڵتی یاساو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، گووتی" بە گوێرەی هەردوو فەرمان، ناوی فاكەڵتیی ناوبراو دەگۆڕدرێ بۆ فاكەڵتیی یاسا و زانستە سیاسییەكان و بەڕێوەبردن و، بەسەر دوو سكوڵدا دابەش دەبێ، یەكەم سكوڵی یاسا و زانستە سیاسییەكان، كە لە دوو بەش پێكهاتووە بە ناوەكانی بەشی یاسا، بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. دووەم سكوڵی بەڕێوەبردن، كە لە دوو بەشی نوێ پێكهاتووە و بریتین لە بەشی كارگێڕی كار و بەشی ژمێریاری.
میرانی ئاماژەی بەوەشكرد"پێشتر بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ناوی دەگۆڕێت و دەبێتە بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بە زمانی ئینگلیزی دەستپێكرابوو ئێستا تا قۆناغی چوار قوتابی هەیە، جگە لەوەی ئەم بەشە بەردەوام دەبێ لە سیستمی ئینگلیزی، بەشە نوێیەكانی دیكەش لە سكوڵی بەڕێوەبردن، هەموو بابەتەكانی بە زمانی ئینگلیزی دەخوێندرێن.

راگری فاكەڵتی یاساو پەیوەندییەنێو دەوڵتییەكان ئەوەشی گووت" كۆكردنەوەی ئەو بەشە جۆراوجۆرانە لە چوارچێوەی دوو سكوڵ و لە یەك فاكەڵتییدا، هەوڵێكە بۆ یەكخستنی ئەو بەشانەی لە یەكتر نزیكن، هاوشێوەی زانكۆ دیارەكانی دونیا، تایبەت لە ساڵی نوێوە زانكۆی سۆران، بۆڵۆنیا پرۆسێس جێبەجێ دەكات و پڕۆسەی وانەگوتنەوە و بەشداری قوتابی و شێوازەكانی تاقیكردنەوە و نمرە دابەشكردن، هاوشێوەی زانكۆكانی ئەورووپا دەبێت."

میرانی لە بارەی بە ئینگلیزی كردنی ئەو بەشانەش، زیاتر دەڵێت" ئاشكرایە زمانی ئینگلیزی بۆتە یەكێك لە پێداویستییە هەرە سەرەكییەكانی كاركردن لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بە تایبەت بۆ ئەوانەی لە بوارەكانی سیاسەت و دیبلۆماسی، بەڕێوەبردنی كار و ژمێریاری كاردەكەن، بۆیە ئەو سێ بەشە تەواوی وانەكانیان بە زمانی ئینگلیزی دەبن و پێویست وایە ئەو قوتابییانەی دەیانەوێ لەو بەشانە بخوێنن، ئاستی زمانی ئینگلیزیان گونجاو بێ بۆ ئەوەی لە ناو زانكۆ رووبەرووی كێشەی زمان نەبنەوە.

لە دوا پەیڤەكانی باسی لەوەشكرد" قوتابیان لە ساڵی نوێدا دەتوانن لە رێی وەرگرتنی ناوەندییەوە، داوای هەردوو بەشە نوێیەكەی سكوڵی بەڕێوەبردن بكەن، كە تەواوی وانەكانی بە زمانی ئینگلیزی دەبێ و سیستمی بۆڵۆنیا پرۆسێسیان بە تەواوی تێدا جێبەجێ دەكرێ و هەموو ئامادەكارییەكی پێویست بۆ ئەم مەبەستە كراوە.

زۆرترین بینراو