دوو توێژەر لە سۆران وەك ڕاهێنەر خزمەت بە منداڵانی ئۆتیزم دەگەیێنن

دوو توێژەر لە سۆران وەك ڕاهێنەر خزمەت بە منداڵانی ئۆتیزم دەگەیێنن

زاری كرمانجی - سۆران: راهێنەر كارینا محەمەد عبدالمناف و ڕاهێنەر نزار حەمید مەجید، دوو هاوسەرن لە شاری سۆران دوای دەرچوونیان لە زانكۆی سۆران بە پلەی یەكەم لەسەر ئاستی بەشی دەروونزانی وەك ڕاهێنەری ئۆتیزم كار دەكەن و خزمەت بە منداڵانی ئۆتیزم دەگەیێنن.
كارینا محەمەد عبدالمناف، یەكێكە لە ڕاهێنەرەكان و لە لێدوانێكیدا بۆ زاری كرمانجی باسی لەوەكرد،" ڕاهێنەر گەر بیەوێ سەركەووتو بێت لە ڕاهێنان و چارەسەری توشبووانی ئۆتیزم پێویستە چەند تایبەتمەندیەكی هەبێت وەك :-
۱- پێویستە ڕاهێنەر لەسەر خۆ و ئارامگر بێت، بەتایبەت بەرامبەر ئەو توشبووانەی كە ئاستی توندی ئۆتیزمیان هەیە.
۲- بۆ ئەوەی ڕاهێنەر خۆڕاگر و بێزار نەبێت، پێویستە سەرەتا ئەوە لە بەر چاو بگرێت كە سروشتی چارەسەركردنی ئۆتیزم، ماندووبوونێكی زۆر و دەستكەوتێكی كەمی بەدواوەیە بە بەراورد لەگەڵ منداڵی ئاسایی.
۳- ڕاهێنەری سەركەوتوو لێهاتوانە تێبینی هەموو حەز و ئارەزووە پۆزەتیڤەكانی منداڵی ئۆتیزم دەكات پاشان بە میكانیزمی تایبەت لە بەرژەوەندی گونجان لەگەڵ منداڵەكە بەكار دەهێنێت.
باسی لەوەشكرد، ئەگەر چی زۆرینەی ئەوانەی لەگەڵ ئۆتیزم كار دەكەن یاخود لە ئۆتیزم دەكۆڵنەوە بەر لە هەموو شتێك گرنگی دەدەن بەوەی كە چۆن ڕاهێنەر لەگەڵ منداڵی ئۆتیزم دەگونجێت بەڵام من پێم وایە پێویستە ئەولەویەتی ڕاهێنەر بۆ گونجاندنی منداڵی ئۆتیزم بێت لەگەڵ ئەو ڕاهێنان و ئامانجانەی كە ڕاهێنەر هەیەتی و بەرجەستەی دەكات لەگەڵ منداڵە ئۆتیزمەكە.
هەروەها لەبارەی ئەوەی كە ئایا منداڵی ئۆتیزم دەبێتەوە بە منداڵی ئاسایی؟ وتی:" ناكرێت ئێمە ڕێژەی۱۰۰٪ دیاری بكەین بۆ ئەوەی منداڵێك بگەڕێتەوە سەر ئاستی ئاسایی نەك تەنیا بۆ منداڵانی ئۆتیزم بگرە بۆ هەموو شڵەژانەكانی تر، بەڵام دەكرێت بڵێین ئەگەر هاتوو لە تەمەنی دوو ساڵی دەستنیشانی ئۆتیزم بكرێت ئەوا ئەگەری ئاساییكردنەوەی زۆرترە لەگەڵ ئەوانەی لە تەمەنی گەورەتر دەستنیشان دەكرێن و ڕاهێنان وەردەگرن، شایەنی سەرنجە كە لە گەلێك باردا منداڵی ئۆتیزم نەك ئەتوانرێت بگەڕێندرێتەوە باری ئاسایی بەڵكو ئەتوانرێت پەرە بە تواناكانی بدرێت بە جۆرێك كە تاكێكی بەرهەمهێن و داهێنەری سودبەخش بۆ خۆی و كۆمەڵگەی لێدروست بكرێت".

زۆرترین بینراو