دۆخی كوردستان هەر چۆنێك بێت بەبێ چاكسازیی هیچ مانایەكی نابێت

دۆخی كوردستان هەر چۆنێك بێت بەبێ چاكسازیی هیچ مانایەكی نابێت

دیدار – رائیب شێروانی
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی:" جگە لە چاكسازی هیچ رێگەیەكی دیكەمان نییە، ئەو لایەنانەی دژی پرۆژەكە دەوەستنەوە چەندین ساڵە پارە بە ناحەق وەردەگرن و داهات دەدزن و خانەنشینی نایاساییان هەیە، خەڵك هەیە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانە و مووچە وەردەگرێت، خەڵك هەیە سێ بۆ چوار مووچەی هەیە، بۆیە دژی پرۆژەكە دەوەستنەوە، بەجێبەجێ كردنی پرۆژەی چاكسازی هەموو ئەوانە چارەسەر دەبن. دەشڵێ:" هەر لامەركەزیەتیەك بۆ دوورخستنەوەی هەر شارێكی كوردستان بێت لە هەرێمی كوردستان، یان لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ لایەنێكی دیكە بكات ئەمە قبووڵ كراو نییە.
هەورامانی، رایگەیاند:" هیچ لایەنێك بە ئاشكرا راینەگەیاندووە كە دژی پرۆژەی چاكسازییە، بەڵام لە رێگەی دیكەوە لەمپەر لەبەردەم جێبەجێ كردنی ئەو پرۆژەیە دروست دەكەن، لایەن هەیە بەشێوەیەكی دیكە دەیەوێت ئەو پرۆژەیە پەك بخات، واتە بەجۆرێكی دیكە كێشەی بۆ دروست دەكەن، بە دروستكردنی كێشەیەكی سیاسی، بە دروستكردنی پشێوێكی سیاسی، دەیەوێت ئامانجەكەی بێنێتە دی و ئەو پرۆژەیە پەك بخات، ئەگەرنا كەس جۆرئەتی ئەوە ناكات راستەوخۆ دژی ئەو پرۆژەیە بوەستێتەوە.
سەبارەت بەوەی بۆچی هەندێك لایەن دژی جێبەجێ كردنی پرۆژەكەنە، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان گووتی:" ئەو لایەنانەی دژی پرۆژەكە دەوەستنەوە چەندین ساڵە پارە بە ناحەق وەردەگرن و چەندین ساڵە داهات دەدزن و خانەنشینی نایاساییان هەیە و زەرەرمەند دەبن، بۆیە دژی پرۆژەكە دەوەستنەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" پارتی بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكات، سەرۆكی حكوومەت كار بۆ جێبەجێ كردنی ئەو یاسایە دەكات، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان ئەوەی لەسەر شانی بوو كردی، ئێستاش هەموو ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی پاڵپشتی حكوومەت دەكەن بۆ جێبەجێ كردنی ئەو بڕیار و ماددانەی كە لەم یاسایەدا هەن.
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر گووتی :" سەرۆكی حكوومەت جددییە لە جێبەجێ كردنی یاساكە، دەبێت هەموومان باش بزانین هیچ چارەسەرێكی دیكە نیە جگە لە جێبەجێ كردنی ئەو پرۆژەیە، نرخی نەوت بەرز بێتەوە، دۆخی كوردستان هەر چۆنێك بێت بەبێ ئەو چاكسازییە هیچ مانایەكی نابێت، ئەگەر ئەو چاكسازییە نەكرێت ئێمە لە هەموو كاتێكدا رووبەڕووی قەیران دەبینەوە، سەرۆكی حكوومەت باش دركی بەوە كردووە، بۆیە هەموومان دڵنیاین لەوەی كە سەرۆكی حكوومەت زۆر بە جددی هەوڵدەدات بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پرۆژەیە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد :" چاكسازی داواكاری خەڵكە، خەڵك خۆی بەرپرسیارە لەوەی كە پاڵپشتی حكوومەتەكەیان بكەن، چاكسازی حكوومەتیش بۆ خەڵكە، بۆ ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت، دوو مووچەیی نەمێنێت، بندیوار نەمێنێت، ئەوە داواكاری خەڵكە، بۆیە پاڵپشتی خەڵكیش زۆر گرنگە، چونكە بەجێبەجێ كردنی یاسای چاكسازی خەڵكی كوردستان سوودمەند دەبێت، لەبەر ئەوەی داهاتێكی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت، ئەو كاتە كێشەی مووچە نامێنێت، چی دیكە خەڵكێك بە ناحەق پارە وەرناگرێت، چونكە خەڵك هەیە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانە و مووچە وەردەگرێت، لە كوردستانە سێ بۆ چوار مووچەی هەیە، ئەوانە هەموو چارەسەر دەكات.
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەوەی ئەو لایەنانەی لە سلێمانی داوای لامەركەزیەت دەكەن، رایگەیاند:" ئێمە مافمان نیە لە جۆری داواكردنی ئەوان تەنیا ئەوەیە كە سەرۆكی حكوومەت رایگەیاندووە كە هەر لامەركەزیەتیەك بە ئامانجی بچووكردنی سەر شانی حكوومەت بێت و بۆ دەسەڵاتی ئیداری بێت شتێكی زۆر ئاساییە، بەڵام هەر لامەركەزیەتیەك بۆ دوورخستنەوەی هەر شارێكی كوردستان بێت لە هەرێمی كوردستان، یان لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ لایەنێكی دیكە بكات ئەمە قبووڵ كراو نییە".

زۆرترین بینراو