دۆزینەوەی هەلی كار لە كوردستان بە سیستەمەی ئەلكتڕۆنی دەكرێت

دۆزینەوەی هەلی كار لە كوردستان بە سیستەمەی ئەلكتڕۆنی دەكرێت

دیدار-محەمەد هەسنانی: وەك ئاسانكارییەك بۆ ئەو كەسانەی بێكارن لەلایەن وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، سیستەمی دۆزینەوەی هەلی كار بە ئەلكتڕۆنی كراوەو دەتوانن لەرێگەی وێبسایتێكەوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن.
كۆڤان فاخر، بەرپرسی بەشی بەكارخستن لە بەڕێوەبەرایەتی كارو راهێنانی پیشەیی سۆران، لەدیدارێكی زاری كرمانجیدا رایگەیاند " رۆژانە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بەشێوەیەكی بەرچاو هاووڵاتییانی سنوورەكەمان و دەوروبەری سەردانمان دەكەن، بەمەبەستی تۆمار كردنی ناوەكانیان، لەوانەیە ئەمەش كەمێك ئاستەم بێت بۆ ئەم كەسانە بەتایبەت ئەوانەی لە شوێنە دوورە دەستەكان روومان تێدەكەن، وەك ئاسانكاریەك لە ئێستادا وێبسایتی نوێی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بڵاوكراوەتەوە، ئەوانەی بێكارن دەتوانن بەشێوەی ئەلكتڕۆنی لە رێگەی ئەم وێبسایتە ناوی خۆیان تۆمار بكەن".
گووتیشی " دۆزینەوەی هەلی كار لای ئێمە بە چەند رێگایەكە، واتە ئەوانەی بێكارن و ئارەزووی كاركردنیان هەیە بەپێی تایبەت مەندی خۆیان، لە كۆمپانیاو شوێنە جێیاجیاكان و كەرتی تایبەت دایان بمەزرێنین، هەروەها زۆرجار رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، داوای ناوی ژمارەیەك بێكارمان لێدەكەن، بۆ ئەوەی لە دەڤەرەكە بۆ ماوەیەك هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنن، ئێمەش راستەوخۆ ئەم ناوانەی كە لەلامان تۆمار كراون پەیوەندیان پێوەدەكەین و دەیان خەینە سەر كار، هەروەها تەمەنیش راچاو دەكرێت بۆ ئەوەانەی بێكارن، واتە تەنها ناوی ئەم كەسانە تۆمار دەكرێت، كە تەمەنیان لە نێوان (18 تا 60) ساڵیەوەیە بە هەردوو رەگەزەوە".
بەرپرسی بەشی بەكارخستن لە بەڕێوەبەرایەتی كارو راهێنانی پیشەیی سۆران، ئەوەشی ئاشكرا كرد " كە لە ئێستادا زیاتر لە 165 بێكار لەلایەن رێكخراوی (GIZ) ئەڵمانی لە سنوورەكەمان هەلی كاركردنیان بۆ رەخساوە، بۆ ماوەی 40 رۆژ كاری بۆیاخ كردن و نۆژەنكردنەوەی كەل و پەلەكانی چەند قوتابخانەیەك و بنكە تەندروستییەكانی سۆران دەكەن، لەگەڵ چەند شوێنێكی دیكە، كە رۆژانە نزیكەی 8 كاتژمێر كاردەكەن و رۆژانەێكیان بۆ هەژمار دەكرێت، خۆشبەختانە لەم پڕۆژەیەدا توانیومانە ناوی ژمارەیەكی زۆری بێكاران تۆمار بكەین و هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنین، تەنانەت كەسی خاوەن پێداویستی تایبەتیش لێی سوودمەند دەبێت، جگەلەم رێكخراوەش توانیومانە لەرێگەی رێكخراوی دیكەی نێوەدەوڵەتی هەلی كار بۆ هاووڵاتییانی سنوورەكەمان بڕەخسێنین".
سەبارەت بە ئاماری ئەو كەسانەی كە بێكارن و لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان تۆماركراون، كۆڤان فاخر، ئەوە دەخاتەروو: " سەری ساڵ واتە كۆتایی مانگی 12 ئاماری ئەو كەسانە رادەگێنین كە ناوی خۆیان تۆمار كردووە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار، هەروەها ساڵی رابردوو لەلایەن رێكخراوی (GAZ)ی ئەڵمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی كارو راهێنانی پیشەیی، ناوی بێكارانی لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان تۆمار كرد، زیاتر لە 100 هەزار كەس تۆمار كران، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی كارو راهێنانی پیشەیی سۆران، زیاتر لە 6 هەزارو 666 كەس ناویان تۆمار كرد، بەڵام بە بڕوای منەوە رێژەی بێكاران زۆر لەوە زیاترە كە ئەوكات لەلایەن ئەم رێكخراوە تۆمار كراون".
ئاماژەشی بەوەدا " ئەو كەسانەی كە سەردانمان دەكەن بۆ تۆماركردنی ناوەكانیان و رەخساندنی هەلی كار بۆیان، جۆراو جۆرن واتە لەناوایاندا جۆرەها كەس ناویان تۆمار كردووە، لەوانە ئەندازیار، پارێزەر، مامۆستا، دەرچوانی پەیمانگەو كۆلێژەكان، خەڵكی دیكەی نەخوێندەوار كرێكار جوتیار، گەنجان، واتەسەرجەم چین و توێژەكان، بۆ ئەمانە دۆزینەوەو خستنە سەركاریان دەبێت هەریكەو بەپێی تایبەت مەندی خۆی بێت، ناكرێت كەسێكی خاوەن بڕوانامە لەگەڵ هەمان ئەو كەسەی نەخوێنداوارە هەمان كاری بۆ بدۆزرێتەوە بەڵكو جیاوازی هەیە".
بەرپرسی بەشی بەكارخستن لە بەڕێوەبەرایەتی كارو راهێنانی پیشەیی سۆران، دەشڵێت " لەكاتی خستنەسەر كارو دۆزینەوەی هەلی كار بۆ كۆمپانیاو كەرتی تایبەت و ماركێت و ئەم جۆرە شوێنانە، گرێبەست لەگەڵ خاوەنەكانیان دەكەین، بۆ ئەوەی كاری زیاتر لەگەڵ ئەو كەسە نەكەن كە دەچێتە لایان بۆ كاركردن، هەروەها چاودێری بەردەوامیان دەكەین، بۆ ئەوەی هەم كرێكارەكە هەمیش خاوەن كارەكە پابەندی گرێبەست و رێنماییەكان بن، بۆ ئەوەی لەم نێوانەدا هیچ كامیان زیان مەند نەبن".
لەكۆتایدا كۆڤان فاخر، رایدەگێنێت " خۆشحاڵین بەوەی كە توانیومانە بەپێی توانا خزمەت بەم كەسانە بكەین كە بێكارن و هەلی كار بۆ چەندان كەس بڕەخسێنین، بەردەوامیش دەبین لەپێناو كەمكردنەوەی دیاردەی بێكاری، گەشبینیشین بەوەی كە بەرەو ئاسۆیەكی رونتر هەنگاو دەنێن، بۆ دۆزینەوەی هەلی كاری زیاتر بۆ بێكارانی سنوورەكەمان، كە هەرچوار قەزاكانی (سۆران، رواندز، مێرگەسۆ، چۆمان) لە خۆدەگرێت.

 

 

 

زۆرترین بینراو