دیدی ژان پۆڵ سارتەر بۆ خۆشەویستی

ئاسۆس ساڵح



هاتنە بوون و لەدایك بوون بەدەستی مرۆڤ خۆی نییە، واتا ئازادانە و بەویستی خۆی نەهاتۆتە ئەم دونیایە. هەر بۆیە سارتەر پێیوایە بۆ سەلماندنی بوونی خۆت پێویسە ئازاد بیت، بۆیە دەڵێت: "مرۆڤ مەحكومە بە ئازادی" بۆ ئەوەی بتوانی خاوەنی ماهیەتی بوونی خۆت بیت دەبێ ئازاد بیت، بەبێ ئازادی مرۆڤ خۆی نییە. ژان پۆڵ سارتەر هەمان تێڕوانیی ئازادانەی بۆ خۆشەویستی هەیە.
سارتەر بیر و تێڕوانیی خۆی لەبارەی خۆشەویستی دەخاتە ڕوو، پێیوایە خۆشەویستی ئازادی لەمرۆڤ دەستێنێ و دەبێ لە خۆشەویستیشدا ئازادی هەبێت. كەسێك كە خۆشەویستی دەكات بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە دەرونی و جەستییەكانی خۆی، خۆشەویستی كەسی بەرامبەری دەوێت تاوەكو حەقیقەتی خۆی پێبەیان بكات. هەروەها خۆی نەبێتە سۆبێكت، لەم كاتەدا ڕاستەوخۆ كەسی دووەم كە خۆشویستراوە دەبێتە ئۆبێكت و وەك شت مامەڵەی لەگەڵ دەكات و دەیخاتە ژێر تێڕوانین و بۆچونی خۆی، بەمەش كەسی خۆشویستراو ئازادی نامێنت. بەبڕوای سارتەر لەمەش كارەساتبارتر ئەوەیە كەسەكە نایەوێ ئەو خۆشەویستییە كۆتای پێبێت و كەسی بەرامبەر ئازادانە بیر و ڕای خۆی بگۆڕێ و ئازاد بێت لە گۆڕینی خۆشەویستەكەی و دەیەوێت هەمیشە خۆشویستراو بێت. بەڵام ئەو جۆرە بیركردنەوە لەبەرامبەر كەسێكی ئازاد جێگای گومانە و گرەنتی مانەوەی ناكرێ، كەسی ئازاد ئامادە نییە ئیرادەی ئازادی خۆی بەكەسێك بدات و دەستەمۆ بێت. ئازادی ڕاستەقینە ئەوەیە مرۆڤ ئازادبیت لە گۆڕینی بیروڕا و خۆشەویستی كەسێك و دەرچون لە پەیوەندی خۆشەویستی.
سارتەر تیشك دەخاتەسەر مەترسی خۆشەویستی كاتێك كە من ئازادی ئەوی تر لەناو دەبەم، و ئەویتریش ئازادی من لەناو دەبات. یەكەمیان سادیستم ”چێژ لە ئازاردانی ئەویتر“ و دووەمیان ماسۆشیستم ”چێژ لە خۆ ئازاردان“ وەردەگرم. واتا خۆشەویسی لەبەردەم دوو جۆردایە یان خۆشەویستییەكە بەشێوەی ماسۆشیزمیانە دەبێت یان بەشێوەی سادزمیانە دەبێت. لە حاڵەتی ماسۆشیزمیدا خۆشەویست هەوڵدەدات هەموو شتێك بكات و خۆی ئازاربدات و بەرگەی زۆر شتبگرێ بۆ خۆشەویستەكەی، لێرەدا خۆشەویست ئازادی خۆی لەدەست دەدات و خۆی نییە و بەویست و بۆ نیگای ئەوانی تر كار دەكات. خۆشەویستی لە حاڵەتی سادیزمیانەدا خۆشەویست بە شێوەی ئۆبێكت سەری خۆشەویستەكەی دەكات و كۆت و بەندی تێڕوانین و ویستی خۆی دەكات. بەمەش بەهەردوو باردا ئازادی نامێنێت، لێرەدا تاكە چارەش ئازادییە، بۆیە خۆشەویستی بەبێ ئازادی ململانێیەكی ئازار بەخشە.
سارتەر دەڵێت: "ئەشق شتێكە هەرگیز نابێتە واقع، بۆ من خۆشەویستی ئێوە شتێك نییە جگە لەوەی كە ئێوە ناچار بكەم كەخۆشتان بووێم، و پێچەوانەی ئەم بابەتەش ڕاستە." سارتەر ئەشق و ماسۆشیزم ئەخاتە یەك ڕیزەوە چونكە هەردوكیان ئەیانەوێ ئازادی ”ئەویتر“ بۆخۆیان ڕابكێشن، بنیاتی ئەشق و ماسۆشیزم لەسەر ئەوەیە ”ئەویتر“ زاڵبێت. بەڵام سادیزم ئازاردانی ”ئەویتر“ـە، لە سادیزمدا ئامانج ئەوەنییە بەشێوەی شتێك و شتگەلێكی بێسوود كردنی ”ئەویتر“ بەڵكو وێناكردنی پەتی زاڵە، كەسی سادیست ئەیەوێ ”ئەویتر“ لەژێر كۆنتڕۆڵ و بیركردنەوە و خواست و ویستی ئەو دابێت. لێرەدا پەیامی سارتەر ئەوەیە كە خۆشەویستی بەبێ ئازادی نێوان خۆشەویست و خۆشوستراو بەرەو ململانێ و ناكۆكی و ناخۆشی و نائازادی دەڕوات، بەمەش خۆشەویستی دەبێتە شتێكی ئازار بەخش.
جێگەی ئاماژەیە سارتەر لەگەڵ خانمە فەیلەسوفی فەڕەنسی سیمۆن دی بوڤواردا پەیوەندی خۆشەویستی بوونخوازییانەیان هەبوو و بە یەكەم دوو خۆشەویستی ئازادیخواز دادەندرێن.

 

زۆرترین بینراو