دیموكراسی و ئازادی دوو چەمكی نامۆ بە كۆمەڵگە ئیسلامی و رۆژهەڵاتییەكان

نەوزادی موهەندیس+

سیستەمی حوكمڕانی دیموكراتی لەگەڵ ئەوەی مێژوویەكی دێرینی هەیە لە دەستپێك و پیادەكردنیدا كە دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان و ئیغریقی كۆنی پێش زاین لە ئەوروپای كۆن و دواتریش هەڵكشان و چەسپاندنی و گەشەكردنی لەگەڵ قۆناغەكان و پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگەكاندا و تێپەڕاندنی سەدە تاریكەكانی ناوەڕاستی ئەوروپییەكان و دواتریش سەرهەڵدانی بزاڤە ئازادیخواز و رۆشنگەرییەكان و هەڵكەوتنی چەندین بیرمەندی كۆمەڵایەتی و لێكدانەوە و تێگەیشتن و تێڕوانینە نوێكانیان بۆ كۆمەڵگە و چۆنێتی حوكمڕانی و هەڵبژاردن و مافە یاسایی و دەستورییەكان و دواتریش نووسینەوەی دەستوورەكان و جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت و دواتریش هاتنی سەدەی هەستانەوە و شۆڕشی پیشەسازی و داهێنانە نوێكانی ئەوكات لە بواری پیشەسازیدا، بەرەودواش سەرهەڵدانی بیری نەتەوایەتی و بزووتنەوە رزگاریخوازەكان و شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەرییەكان دژ بە دەسەڵاتە بنەماڵەیی و پاشا و خانەدان و قەیسەر و تاكڕەوەكانی ئەو سەردەمانە و هێنانە كایەی جۆرێكی تر لە حوكمڕانی بەناوی پاشایەتی دەستووری و لە قاڵبدانی دەسەڵاتەكانی پاشاكان و دواتریش سیستەمی حوكمڕانی كۆماری كە تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم كاروانی سەرهەڵدان و گەشەكردنەی دیموكراتییەی ئەوروپیەكان كە لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی دونیای گرتۆتەوە نزیكەی 3 هەزار ساڵێكی خایاندوە، كە مێژوویەكی كەم وكورت نییە، هەر بۆیە دیموكراتی و مافەكانی تاك و گروپ و كۆمەڵ و حیزبە سیاسی و رێكخراوە پیشەی و دیموكراتییەكان گەشەی باشیان كردووە و لە قۆناغی خەمڵین دەرباز بوون و لە ئێستادا گەیشتوونەتە لووتكەی پێگەیشتن، چونكە ئەو سیستەمی حوكمڕانییە بۆتە كەلتوور و سلوكی رۆژانەی تاك و كۆمەڵگە و سەركردە و حیزبە سیاسییەكان و بۆتە مایەی پێشكەوتن و داهێنانی سەر سوڕهێنەر و مایەی دابینكردنی سەرجەم پێداویستییە مادی و خۆشگوزەرانییەكانی ژیان، گەر چی لێرەو لەوێش هەندێكجار زیادە رەویشی تیادا كرا بێت، بەڵام بۆتە مۆدێلكی سەردەم و زۆرینەی كۆمەڵگەكان لێی ڕازین و دەستیان پێوەگرتووە و لێشی پەشیمان نین و ناشبنەوە.
لەبەرامبەردا و لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان بەگشتی و بەتایبەتیش كۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامییەكان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێكی زۆری ئاسیا و كیشوەری ئەفریقیاش هێشتا و لەگەڵ ئەو هەموو دەسكەوت و سیما و ناوەرۆِكە جوان و گەشاوەیەی سیستەمی دیموكراتی و ئازادییەكانی تاك و گرووپەكان لە ئەوروپا و ئەمریكادا، گەرچی سەركردە و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەكان بۆ خۆیان شاگەشكەی ئەو مۆدێلە و داهێنان و پێشكەوتنەكانیانن و زۆربەی ژیانیان لە كەیف و سەفا و گەشتوگوزاری ئەو وڵاتانەدا بەسەر دەبەن، بە پارەی دزراوی میلەتەكانیان، كەچی هێشتاش نەیانتوانیوە گەرچی بەشێكی كەمیش بێت لە چەمكی دیموكراتی راستەقینە تێبگەن و لەسەر زەمینەی واقیع لە دەستوور و یاسكانیاندا جێگەی راستگۆیانەی بۆ بكەنەوە و لانی كەم هێواش هێواش لەئاستی دەسەڵات و ئۆرگانەكانی حوكمڕانی و نوخبەی دەستە بژێری دەسەڵاتەكاندا پیادەی بكەن و لێشگەڕێن بە شێوەیەكی سروشتی و دوور لە هەڵپە و پەلەكردن گەشە بكات و لە مەنهەجی خوێندن و پەروەردەی نەوەكاندا تۆخیبكەنەوە، بۆ ئەوەی ببێتە كەلتوور و بەشێكی دانەبڕاوی كردار و گووتاریان و ببێتە جێگەی رەزامەندیان لە تەمەنێكی منداڵییەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كەمی 2-3 نەوەی دوابەدوای یەكدا لانی كەم بتواندرێت هەنگاوێكی باش بەرەو چەسپاندن و تێگەیشتنی زیاتر و پێشخستنی زیاتری چەمك و بنەما و ڕێچكە و رێبازەكانی دیموكراتی بخەمڵێت و بتواندرێت لەسایەی ئەو ڕچە و ڕێبازەدا كەمێك نزیك ببنەوە لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانی ئەوروپا و ئەمریكییەكان.
بەڵام بەداخەوە دەستەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە لەلایەك بەتوندیەكی شێتانە دەستیان گرتووە بە چەمكە كۆن و سواوەكانی دین و دابونەریتی سواو و زیان بەخشەكانی باو و باپیران و بە كۆمەڵە چەمك و بەهایەكی پیرۆز و لەبن نەهاتوویان دادەنێن و لادان لێیان بەتاوان دادەنێن و سزای زۆر قوورسیشیان بۆ داناون، لەلایەكی تریشەوە تەنانەت گەر هەنگاوێكی بچووكیشیان نابێت بۆ پیادە كردن و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراتی و ئازادییەكان و مافەكانی مرۆڤ و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی رەگەزی و بنەمای هاووڵاتی بوون و سەروەربوونی یاسا، بەڵام هەموانیان تەنها بۆ جوانكردنی سیما ناشرینەكانی دەسەڵاتەكانیان بووە نەك بۆ پیادەكردنیان، چونكە ئەوان بەهەڵگەڕاوەی لەو گووتە كۆنە سواوە تێگەیشتون كە لەلایەن تاكڕەوەكانی كۆنەوە گووتراوە كە دەڵێت (بەچانسترین یا خۆشبەخترین سەركردە و رابەر ئەو كەسەیە كۆمەڵگەیەكی مەڕ ئاسای هەبێت) لەپێناو درێژەدان بەتەمەنی حوكمڕانی و تاكڕەوی و قۆرخكردن و دزین و گەندەڵی لە سەروەت و سامانی میلەت و وڵاتدا. دەبێت سەركردە و دەست رۆیشتووە گەندەڵەكانی ئەم ناوچانە لەوە تێبگەن تاسەر حوكمڕانی لەو شێوەیەیان بۆ ناچێتە سەر و رەوڕەوەی مێژووش چاوەڕاونی ئەوان ناكات و كاروانی پێشكەوتن و داهێنانەكان لە ئێستای دونیای بەجیهانی بوون و كاڵبوونەوەی سنوورە دەستكردەكان و رووخاندنی دیواربەندە پۆڵاینەكان نەماوە و تاك بە تاك و كۆمەڵگە بەكۆمەڵگە هوشیارتر و بوێرتربوون بۆ داواكردنی مافەكانیان، زیندووترین نموونەش راپەڕینە جەماوەرییەكانی بەهاری عەرەبی و ناوچەكە و دونیاش بوو، لەساڵی 2011 بەدواوە تا ئێستاش بەردەوامیان هەیە لە عێراق و لوبنان و جەزائیر و ئێران و توركیا و ..هتد.
گەرچی زۆرێكیان بوونە مایەی جەنگی ئەهلی و ماڵوێرانی و كاولبوونی وڵات و كۆمەڵگەكانیان و بە نەبەكامی ماونەتەوە و نەیانتوانیوە یا لێنەگەڕاون بگەنە دوا ئامانجی راستەقینەی خۆیان لە گۆڕانكاری و نوێبوونەوە و چێكردنی كۆمەڵگە و دەسەڵاتێكی دیموكراتیك و میللی و خۆشگوزەران دوور لە تاكڕەوی سەركردە و بنەماڵەكان و گەندەڵی دزینی سەروەت و سامانی وڵاتەكانیان، واتە باشتر وایە بۆ سەركردە نانیشتمانی و نا نەتەوەییەكانی عەرەب و ئیسلام و ناوچەكەش كە رووی راستگۆیانە بكەنە سیستەمی حوكمڕانی دیموكراتیكی راستەقینە كە لەسایەیدا دەتوانن هەم خۆیان و دەسەڵاتەكەیان گەشە پێ بدەن و هەم كۆمەڵگە و تاكەكانیش لە كۆمەڵگە و تاكێكی بێ بەرهەم و مشەخۆر و نەخۆش و دواكەوتوو و هەژار و بێكارەوە بگۆڕنەوە بە تاك و كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو و داهێنەر و پڕ بەخشش و بەمەش دەكرێت گۆڕانكاری لە هاوكێشە لاسەنگە مێژووییەكەی نێوان رۆژهەڵاتی دواكەوتوو پاشكۆ و رۆژئاوای ئیستیعمار و پێشكەوتوو داهێنەردا بێتە ئاراوە یا لانی كەم ببێتە سەرەتای رێگا و كاروانە مێژووە دوور و درێژكەی بەیەك گەیشتن و پێشكەوتنی مرۆڤایەتی.
ئاساییە لە سایەی ئاوها دەسەڵاتێكی تاكڕەودا هەمیشە تاك و كۆمەڵگەیەكی پەروەردە بەگیانی تاكڕوەی و توندڕەوی و دەمارگیری پەروەردە ببێت، كە جگە لە كوشتن و خوێنڕشتن كارێكی داهێنەرانە نازانن و ئەمەش بۆتە هۆی هەڵگرتنی ماكی ئەم رۆحییەتی دژ بەمرۆڤایەتی و هەموو بەهاو ڕەوشتە مرۆڤایەتییە پێشكەوتوو و داهێنانەكانی سەردەم و هیچ دەیە ساڵێك تێپەڕ نابێت كە هێز و جوڵانەوە و بزوتنەوەیەكی توندڕەوی ئاینی یا مەزهەبی یا نەتەوەیی لەم ناوچانەدا سەر هەڵدەدەن و دەبنە بابەتی رۆژەڤی دونیا و هەموو دونیا و مرۆڤایەتی بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەكەن و جگە لە خوێنڕشتن و گەڕانەوە بۆ سەردەمانی جاهیلییەت و پێشێلكردنی بەهاو داب ونەریتە مرۆڤایەتییەكانی سەردەم هیچ كارێكی نوێیان پێ نییە و هیچ لە رەوتی روداوكانیش ناتوانن بگۆڕن و ڕێگەش بە پێشكەوتن و كاروانی گەشەكردنەكانی ئەوروپا و ئەمریكا و دونیای پێشكەتوو بگرن، بەڵكو ئەوەی زیانی گەورەی پێ دەگات تەنها گەلان و خاك و سەروەت و سامانی ناوچەكەیە و هیچی تر، كە زۆرێك لەو جوڵانەوە تیرۆریستیانە لەكۆتایدا دەردەكەون كە دەستكرد و دەستەمۆی دەزگا جاسوسییە نێودەوڵەتییەكانن و تەنها ئەمان كاری نۆكەرایەتی و بەكرێ گیراویان بۆ دەگێڕن.
واتە لەكۆتایدا ئەم ناوچە و كۆمەڵگەیانە تا ئەو كاتەی خۆیان رزگار دەكەن لە كۆت و بەندی هەڵەی ئاین و مەزهەب و نەتەوەیی توندڕەو هەروا دەمێنەوە و هەمیشە لەپاشكۆی رووداو و پێشكەوتن و داهێنانە مرۆڤانەییەكاندا جێ دەمێنن و بە پەراوێز و پشتگوێخراوی ژیان دەگوزەرێنن و وەك پەڵەیەكی رەشی نەفرەت لێكراویش بە تەوێڵی مرۆڤایەتییەوە بە ناشیرینترین شێوە خۆیان پیشان دەدەنەوە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

لەپێناو تەندروستی

لەپێناو تەندروستی

دوای نۆ كابینە !

دوای نۆ كابینە !

بیروڕا

زۆرترین بینراو