دیندار دۆسكی: حكوومەتی عێراق نیازی جێبەجێ كردنی ماددەی 140ی نییە

دیندار دۆسكی: حكوومەتی عێراق نیازی جێبەجێ كردنی ماددەی 140ی نییە

دیدار- رائیب شێروانی:
دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی رایگەیاند، جێگەی خۆشحاڵی و گەشبینیە ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان لایەنەكاندا كراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئەگەر پێ گری پێ بكرێت بێگومان حكوومەتێكی بەهێز و كارا لە هەرێمی كوردستان دێتە كایەوە و لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا دەبێت.دەشڵێ، هەندێك كەس لە بەغدا چ لەناو حكوومەت چ لەناو حزب و لایەنەكان دا نایانەوێت ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن چارە ببن و بەردەوام زەخت لە سەرۆكوەزیران دەكەن كە كێشەكان قولتر ببنەوە.
دۆسكی، گوتی:" رێككەوتنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم شتێكی باشە، چونكە هەر سێ هێزی سەرەكی وەكو پارتی كە هێزی یەكەمە، یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان كە هێزی دووەم و سێیەمن، ئەگەر بە پێی ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان ئەواندا كراوە پێ گری پێ بكرێت، بێگومان حكوومەتێكی بەهێز دەبێت، پشتگیرییەكی باشی لە پەرلەمان دەبێت، هەروەها لە بەرامبەردا هێزێكی ئۆپۆزسیۆن هەیە، پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان جوانتر دەبێت، نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی كە دەبێتە سەرۆكی حكوومەت ستافێكی نوێیە و بێگومان شتی زۆر باش بۆ هەرێم دەكرێت و حكوومەتێكی بەهێز دەبێت، خزمەتێكی باش بە خەڵكی كوردستان دەكەن و ئەو كێشە و گرفتانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەنە چارەسەر دەكرێن، پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، دەوروبەر باشتر دەبن، بۆیە جێگەی خۆشحاڵی و گەشبینیە ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان لایەنەكاندا كراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت.
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد دەڵێ:" پاش هاتنی عادل عەبدولمەهدی بۆ سەر حوكم، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو باشی چونە، چونكە عادل عەبدولمەهدی پەیوەندیەكی توند و تۆڵی لەگەڵ سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، لە بودجەی 2019 مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دابین كراوە، بەڵام هەندێك كێشە هەن، لەوانە ماددەی 140، تا ئێستا حكوومەتی عێراق نیازی پاك نیە لە جێبەجێ كردنی ئەو ماددەیە، ئێستا جارێكی دیكە لە كەركووك و ناوچەكانی دیكە تەعریب كردن دەستی پێ كردووە و جارێكی دیكە تەعریب دەكرێنەوە، هەڵدەكوتنە سەر ماڵ و حاڵی كورد و لێ ناگەڕێن كاری خۆیان بكەن، بەروبوومی جووتیاران دەسووتێنن، ئەوەش ئەوە نیشان دەدات كە حكوومەتی عێراق نیازی جێبەجێ كردنی ماددەی 140 نیە، هەتا هیچ شتێكی دڵخۆشكەر نیە كە كێشەی ئەو ناوچانە چارە دەبێت، هەتا كێشەی نەوت و غاز لە 2007ـەوە تا ئێستا چارە نەكراوە، راستە عادل عەبدولمەهدی رەنگە لەگەڵ چارەكردنی ئەو كێشانەدا بێت، بەڵام هەندێك كەس لە بەغدا چ لەناو حكوومەت چ لەناو حزب و لایەنەكان نایانەوێت ئەو كێشانە چارە ببن و بەردەوام زەخت لە سەرۆكوەزیران دەكەن كە كێشەكان قولتر ببنەوە، لە خانەقین تا شنگال هیچ نیازێكی باش نیە بۆ چارەكردنی كێشەی ئەو ناوچانە، هیوادارین دانوستاندن لە نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام بێت بۆ چارەكردنی ئەو كێشانە و حكوومەتی عێراقیش نیازپاكی خۆی نیشان بدات بۆ چارەكردنی كێشەی ئەو ناوچانە، هەتا پەیوەندییەكانی خۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان باشتر بكات.
دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد ئاماژەی بەوەشكرد:" ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، عێراق و هەرێمی كوردستان دراوسێی ئێرانن، بۆیە هەر گرژی و ئالۆزییەك لە نێوان ئەمریكا و ئێران رووبدات بێگومان كاریگەری لەسەر عێراق بە شێوەیەكی گشتی و لەسەر هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دەبێت، هەتا لەسەر وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیش دەبێت، ئەوەی تایبەت بێت بە عێراقەوە پەیوەندیەكی توند و تۆلی لەگەڵ ئێران هەیە، ئێران هێزی چەكداری لە عێراق هەیە، ئەوانیش لەو شەڕەی كە دروست دەبێت بێگومان بێ دەنگ نابن".

زۆرترین بینراو