دیندار دۆسكی: هەندێك لایەنی سیاسی هەوڵدەدەن حكوومەتی هەرێم لاواز بكەن

دیندار دۆسكی: هەندێك لایەنی سیاسی هەوڵدەدەن حكوومەتی هەرێم لاواز بكەن

دیدار- رائیب شێروانی
دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" پاش 2003 عێراق دەوڵەتێكی زۆر لاوازە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وڵاتانی دراوسێ دەست لە كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە وەردەدەن، جگە لەوەی حكوومەتێكی تائیفییە و هیچی پێشكەش بە خەڵك نەكردووە، دەبێت حكوومەتی عێراق پابەند بێت بە دەستوور و هەموو ئەو مافانەی كە بۆ هەرێم لە دەستوور دانراون دەبێت جێبەجێ بكات، نەك هەر رۆژە و بە بیانۆیەك مەرج و داواكارییەكانی خۆی لەسەر هەرێمی كوردستان زیاد بكات. دەشڵێ:" هەندێك لایەنی سیاسی لە هەرێم چاویان لە دەستكەوتی حزبیە پێش ئەوەی چاویان لە دەستكەوتی نەتەوەیی بێت، بۆیە بەردەوام هەوڵدەدەن حكوومەتی هەرێم لاواز بكەن.
دۆسكی، گووتی:" پاش 2003 رەوشی عێراق زۆر ئالۆز بووە، دەوڵەتێكی لاوازە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وڵاتانی دراوسێ دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەردەدەن، عێراق دەستوورێكی باشی هەیە، بەڵام كار بەو دەستوورە ناكات، هەروەها حكوومەتێكی تائیفییە، هەروەها هیچ شتێكی باشی پێشكەش بە خەڵكی خۆی نەكردووە، خەریكی هەندێك كێشەی دیكەیە جگە لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق، عێراق وەكو سەروەری و سیادە نەماوە، حكوومەت رۆژێك لە رۆژان شەقامێكی دروست نەكردووە، كەرتی كارەبا وێرانە، لەهەموو روویێكەوە عێراق وێران بووە، لە كەرتی ئابووری و گەشەپێدان و خۆشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك هیچی نەكردووە، رێژەی بێكاری رۆژ بۆ رۆژ زیاتر دەبێت، هەر لەبەر ئەوە رەوشی عێراق بە ئەمڕۆ گەیشتووە، بۆیە كازمی ناتوانێت چارەسەری ئەو هەموو كێشانە بكات، چونكە هیچ پشتگیریەكی نییە، ئەگەر نیەت هەبێت بێگومان چارەسەری كێشەكان دەكات، بەڵام چاككردنی ئەو رەوشە كارێكی وا ئاسان نییە و كاتێكی زۆری دەوێت، ئەویش ئەوەندە كاتی لەبەر دەست نییە، تا ئێستا كە ئەوە دوو مانگە دەست بەكار بووە هیچ شتێكی وای نەكردووە جگە لە گۆڕینی هەندێك كەس نەبێت.
دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد گووتیشی:" هەندێك لایەنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان چاویان لە دەستكەوتی حزبیە پێش ئەوەی چاویان لە دەستكەوتی نەتەوەیی بێت، ئەو قەیرانە داراییەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە دەرفەتێكە بۆ ئەوان كە خۆ نزیكی هەندێك لایەنی دیكە بكەن، دژی لایەنەكانی دیكە بەوەستنەوە بەتایبەتی دژی حكوومەتی هەرێم بوەستنەوە، وا تێدەگەن كە حكوومەتی هەرێم، حكوومەتی پارتییە، بۆیە دەیانەوێت حكوومەتێكی سەركەوتوو نەبێت، هەندێك كێشە و ئالۆزی دروست بكەن، بۆ ئەوەی پارتی دەنگەكانی كەم بكات، یان شكەست بهێنێت، بەڵام ئەو قەیرانەی كە هەیە هەموو ئەو لایەنانە بەرپرسیارن كە لە حكوومەتدا هەن، جگە لەوەش ئەو قەیرانە داراییەی كە هەیە تەنیا لە هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو هەموو جیهان توشی ئەو قەیرانە بووە.
ئەو سیاسەتمەدارە، ئاشكراشی كرد:" دەبێت پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور بن، دەبێت چارەسەری كێشەكانی خۆمان بە رێگەی یاسایی و دەستوور بكەین، چ لەسەر هەولێر و بەغدا پێویستە دەبێت ئەوە بكەن، نەك ئەوەی بەغدا پێی باشە ئەوان ئەوە بكەن، بۆیە دەبێت حكوومەتی عێراق پابەند بێت بە دەستوور و هەموو ئەو مافانەی كە بۆ هەرێم لە دەستوور دانراون دەبێت بەغدا جێبەجێ بكات، نەك هەر رۆژە و بە بیانۆیەك مەرج و داواكارییەكانی خۆی لەسەر هەرێمی كوردستان زیاد بكات، حكوومەتی هەرێم رەنگە ئەمڕۆ ناچار بێت هەندێك شت بكات، بەڵام لە دنیای سیاسەتدا هەروا بووە لە كاتی گفتوگۆ دەبێت هەندێك شت بكەیە قوربانی بۆ ئەوەی هەندێك دەستكەوت بە دەست بهێنی، لە هەمان كاتدا عێراقیش بە قەیرانی دارایی تێپەڕ دەبێت، مانگی رابردوو مووچەی فەرمانبەران دواكەوت، قەرزێكی زۆری لەسەر كۆبۆتەوە، زۆر كێشە و ئالۆزی بەرۆكی ئەو وڵاتەی گرتووە".

زۆرترین بینراو