دیندار زێباری: پێویستە تیمی یوئێن و حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ هاوبه‌شی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدەنەوە

دیندار زێباری: پێویستە تیمی یوئێن و حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ هاوبه‌شی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدەنەوە

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشکەشکردنی زانیاری و هاوکاریکردنی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنیتاد) لە دیکیومێنتکردن و پێشکەشکردنی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش دەرهەق بە کوردانی ئێزدی و گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە، سەرەڕای ئەمەش، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێکی سەرەکی ببینێت لەم پرۆسەیەدا.

 

له‌ دوای پێکهێنانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتیی کەریم ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنیتاد) بۆ پتەوکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی خۆی دەربارەی کارەکانی لە ڕۆژی ١٥/٧/٢٠١٩ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە بەردەوامیی هەوڵە هاوبەشەکانی تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە پێک دێت لە دەزگای شەهیدی حکوومەتی فیدراڵی و نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێم لە شاری سەماوە دەستی کرد بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ کە بۆ سەردەمی ئەنفالی ساڵانی کۆتاییی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و ڕووفاتەکانی ناو گۆڕەکە کوردن و خەڵکی ناوچەی گەرمیانن.

 

لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشکەشکردنی زانیاری و هاوکاریکردنی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنیتاد) لە دیکیومێنتکردن و پێشکەشکردنی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش دەرهەق بە کوردانی ئێزدی و گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە، سەرەڕای ئەمەش، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێکی سەرەکی ببینێت لەم پرۆسەیەدا.

 

لە لایەکی ترەوە، دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان کراون و گوتی: گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانییەوە قوربانیی یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مرۆڤایەتییە، کە ئەویش ئەنفال و شوێنبزرکردنی زۆرەملێیە، لەوانە کوردانی فەیلی و ئەنفالکردنی هەشت‌هەزار (٨٠٠٠) بارزانی وسەدوهەشتاودوو (١٨٢٠٠٠) هەزار کەس لە گەرمیان و بادینان، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش ئەم تاوانانە دەرهەق بە گەلی کوردستان بە شێوازی جیاجیا بەردەوام بووە و لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بە ڕفاندنی هەزاران کوردی ئێزدی گەیشتە لووتکە، حکوومەتی هەرێم هەوڵی داوە گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵداتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بیابانەکانی سەماوە گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ هەڵدرایەوە بە هەماهەنگیی نێوان دەزگای شەهیدی حکوومەتی فیدراڵی و نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێم و (ICMP) کە لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی تایبەتە بە کاروباری شوێنبزربووان.

 

لەبارەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ سەلماندنی ئەم تاوانانە، دیندار زێباری گوتی: حکوومەتی هەرێم هەوڵەکانی لە زۆر ڕووەوە وەگەڕ خستووە، لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە ڕێکەوتی 25/11/2014 بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی ئەو کوردە ئێزدییانەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێنردراون، بە مەبەستی ئازادکردنیان و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆیان و دووبارە شیاندنەوەیان. لە لایەکی دیکەوە، دەستەیەک دامەزراوە بۆ دۆزینەوەی بەڵگە دەربارەی تاوانەکان داعش، هەروەها لیژنەیەکی دیکە دامەزراوە بۆ بەدیکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانەی کراون، بەتایبەتی دەرهەق بە ئافرەتە ئێزدییەکان. تا ئێستا ئەم لیژنانە هەنگاوی زۆریان ناوە، وەک تۆمارکردنی (٤٢٠٦) کەیس لە دادگاکان دەربارەی تاوانەکانی داعش دەرهەق بە ئێزدییەکان، بەتایبەتی ئافرەتان، لەوانە (١٧٧٨) کەیس کە کاریان تەواو بووە و ئامادە کراون بۆ ئەوەی پێشکەشی دادگا بکرێن، کە (1191) دژی ئافرەتان بووە و تا ئێستا (2428) کەیسی دیکە کاریان لەسەر دەکرێت.

 

سەبارەت بە جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە 31/7/ 1983 و گێڕانەوەی ڕووفاتەکانیان بۆ سەر زێدی خۆیان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بە هەوڵ و کۆششە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێم توانرا چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ بدۆزرێتەوە کە ڕووفاتی بارزانییەکانی تێدا بووە لە ناوچەی بوسەییە و سەماوە کە گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی لێیە لە ڕووبەڕی 46هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە، تا ئێستا بە دوو قۆناغ 596 ڕووفات هێنراونەتەوە لە ساڵانی 2005 و 2014دا، لە قۆناغی یەكەمدا ساڵی 2005 توانرا 603 ڕووفات بهێنرێنەوە، لە ساڵی 2014 توانرا 93 ڕووفاتی دیكە بهێنرێنەوە، هێشتا زیاتر لە 7 هەزار ڕووفاتی دیکە بۆ ئەوەی بهێنرێنەوە کوردستان، سەبارەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئێزدییەکانیش کە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە زیندەبەچاڵ کراون تا ئێستا ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵ و دەیان شوێنی گۆڕی تاکەکەسی دۆزراونەتەوە و ژمارەیەک لەو گۆڕانە هەڵدراوەنەتەوە، جگە لەم گۆڕە بەکۆمەڵانە داعش 68 مەزارگە و شوێنی ئایینیی ئێزدییان خاپوور کردووە.

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر گرنگیی پاراستنی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە و گوتی: لە عێراقدا بەپێی یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی 2006، کە بە ''یاسای پاراستن و ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عیراق'' ناسراوە، مامەڵە لەگەڵ گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکرێت کە ئەوانیش دوو بەشن؛ بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس و تا ئێستا لە کۆی ٣٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵ نزیکەی 2800 ڕووفات گەڕێندراوەتەوە، بەشی دووەمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئەوانەن کە لە دوای هێرشەکانی داعش دۆزراونەتەوە و تا ئێستا بە دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ کاری هەڵدانەوەیان بۆ کراوە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ دەکرێت کە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (2379)ی ساڵی 2017 بە سەرۆکایەتیی کەریم ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنیتاد) دامەزراوە بە مەبەستی بەدیکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش. دیندار زێباری ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی کارای هەبێت لەو تیمەدا، چونکە بەشی هەرەزۆری قوربانیانی داعش دانیشتووانی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بوون، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا و شنگال و کەرکووک کە دانیشتووانی لە گشت پێکهاتەکان ڕووبەڕووی دڕندەترین تاوانی جینۆساید بوونەتەوە.

 

لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا، زێباری ئاماژەی بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس کرد و گوتی: لە هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت دامەزراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی ڕژێمی سەددام لە نێوان ساڵانی (1961 تا 2003) بە پشتبەستن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، کە ئەم تاوانانە دەگرێتەوە: "کوشتن، بریندارکردن، ڕاگواستن، شوێنبزرکردن، جینۆساید، تێکدانی ماڵ و گوند و شار و، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو". هەروەها داواکارین لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە كەسوكاری ئەنفالكراوان و قوربانیانی تیرۆر بەپێی بڕگە دووی ماددی (132)ی دەستووری هەمیشەییی عێراق قەرەبوو بکرێنەوە.

زۆرترین بینراو