دەبێت خانمانی دووگیان زیاتر گرنگی بە چالاكی جەستەی بدەن

دەبێت خانمانی دووگیان زیاتر گرنگی بە چالاكی جەستەی بدەن

زاری كرمانجی- هەولێر:
د. ئەڤین فەتاح حاجی مام، راگری پەیمانگەی گەشەی پزیشكی و پسپۆڕ لە تەندروستی ئافرەتان، دەپڕژێتە سەر دیاردەیەك كە ئێستا ئافرەتان پەنای بۆ دەبن، ئەویش نەشتەرگەری منداڵ بوونە و رێنمایی بۆ خانمانی دووگیان هەیە و باس لە نرخی نەشتەرگەریش دەكات.
د/ محەمەد ئامۆكەیی
*بۆچی زیاتر ئافرەتان پەنا بۆ نەشتەرگەری منداڵ بوون دەبن؟
- هۆكاری سەرەكی قورسی منداڵبوونی سروشتییە، مەبەستمان لەمە ئەوەیە دایك لەكاتی منداڵبوونی رووبەرووی بێتاقەتی و بێخوێنی دەبێتە ئەمەش ماوەی لەدایكبوونەكەی درێژ دەكات، لەئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەری، چونكە ئەگەر نەشتەرگەرییەكە ئەنجام نەدرێت مەترسی لە دەستدانی منداڵ و دایك دەبێت. زۆری كێشی منداڵ كە زیاتر لە 4 كیلۆ بێت لە دایكبوونی بە شێوەی سرووشتی ئەستەمە، دەبێتە هۆكاری ئەنجامدانی نەشتەرگەری، هۆكاری تر نەشتەرگەری جیاوازی زۆری قیاسی نێوان سەری منداڵ لەگەڵ حەوزی دایكە، بوونی نەخۆشی درێژخایەن لە دایك وا دەكات منداڵەكە بە ئاسایی لە دایك نەبێت، بۆ نموونە نەخۆشی فشاری خوێن، نەخۆشییەكانی دڵ، بوونی نەخۆشییە سێكسییە گواستراوەكان، ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ منداڵبوونەكانی پێشووتری، بەخوار هاتنی منداڵەكە، هەروەها لەكاتی بەدیكردنی نەخۆشییەك لە وێڵاشی منداڵ، ئەمەش رێگر دەبێت لە لەدایكبوونی سرووشتی.
قەڵەوی و زیادبوونی كێشی لەش بەشێوەیەكی زۆر لەكاتی دووگیانیدا و كمتر كردنەوەی ئازاری منداڵ بوون، چەند هۆكارێكی دیكەی كۆمەڵایەتی هەیە بوونەتە هۆی زیادبوونی رێژەی نەشتەرگەری.
* قسەی زۆر لەسەر زیانەكانی، ئەو نەشتەرگەرییە دەكرێت وەك پسپۆڕێك زیانەكان بخەڕوو؟
- زیانەكانی منداڵبوون بە نەشتەرگەیی زۆرن، بەڵام بە گشتی بریتین لە خوێن بەربوون و هەوكردن، هەروەها گیروگرفتی سارێژبوونی شوێنی نەشتەرگەری، گرفتی هەناسەدانی منداڵی تازە بوو، بەتایبەت ئەو منداڵانەی پێش 39 هەفتە لە دایك دەبن، ئەگەری تووشبوونی برین لەسەر لاشەی منداڵەكە یا ئەندامێكی جەستەی دایك لە كاتی نەشتەرگەری، زیاتر كاتی دەوێ بۆ چاكبوونەوەی دایكەكە بە بەراورد لەگەڵ لەدایكبوونی سرووشتی.
*بۆچی پارەی نەشتەرگەری منداڵبون زۆرە ئایە ئەو نەشتەرگەرییە ئەوندە سەختە ئەو بڕە پارەیەی لێوەردەگیرێت لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان؟
- ئەنجامدانی هەموو نەشتەرگەرییەك كولفەی دەوێت، بە بەراورد لەگەڵ ووڵاتانی تر نرخی نەشتەرگەریی منداڵبوون لێرە نرخێكی زۆر نییە یا بڵێین بڕە پارەیەكی گونجاوە.
*چ رێنمایت بۆ خانمان هەیە تایبەت ئەوانەی دەیانەوێت وەچە بێخنەوە؟
- بەگشتی پێویستە دایكان ماوەی دووگیانی بە ماوەیەكی ئاسایی وەربگرن، نەك حاڵەتێكی نائاسایی، هەروەها پێویستە لەسەریان چالاكی جەستەی ئەنجامبدەن و بەلایەنی كەم دەبێت لە هەفتەیەكدا كاتژمێر و نیوێك بۆ ئەوە تەرخان بكەن، ئەو چالاكییە دەبێتە هاندەرێكی باش بۆ لەدایكبوونی ئاسایی، خواردنی تەندرووست لەكاتی دووگیانی و پێویستە لەسەر دایكان پێش منداڵبوون سەردانی پزیشكی پسپۆر بكەن و گفتوگۆ بكەن لەسەر شێوازی لەدایكبوونەكەی، بۆ ئەوەی رووبەرووی گرفتی لەناكاو نەبێت.

زۆرترین بینراو