دەبێت هەموو لایەنەكان بچنە ژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم

دەبێت هەموو لایەنەكان بچنە ژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم

" شاندی هەرێم ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدا دەكاتەوە"


"رەوشی ناوچەكە وا دەخوازێت لایەنەكان نزیك بن لە یەكدی"


"بزووتنەوەی گۆڕان پشتگیری لە یاسای چاكسازی دەكات"


زاری كرمانجی: شەمال عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆران لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" دەبێت هەموو لایەنەكان بچنە ژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم، چونكە ئەگەر یەكڕیز و یەكگرتوو بین بەهێز دەبین"
دەشڵێ:" دەبێت پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا رێك بخرێنەوە، مادەم ئێمە لە چوارچێوەی عێراقداین، لە بەرژەوەندی هەرێمە پەیوەندییەكان رێك بخرێنەوە و كێشەكان چارەسەر بكرێن.
ئەو ئەندامەی خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆران گووتیشی:" چەندین جار شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە، ئەم هەفتەیەش دووبارە سەردانی بەغدا دەكەنەوە، دیارە چەند وەرەقەیەك لە نێوانیان ئالوگۆڕ كراوە، هەندێك كێشە لە نێوانیان هەیە، لەوانە بابەتی ئیدارەی دەروازەكان بە یەكەوە، ئەمە كێشەی سەرەكییە، لەسەر نەوت رێككەوتن كراوە تەنیا چەند كێشەیەكی بچووك ماوە، دەبێت هەر دوولا هاوكار بن و تەنازول بكەن و بە تەوافوق كێشەكان چارەسەر بكەن.
شەمال عەبدولوەفا، روونیشیكردەوە :"زۆرجار قسەمان لەسەر رەوشی ناوخۆی كوردستان كردووە، بۆ ناوخۆ، عێراق و دەوروبەر دەبێت یەك وتارمان هەبێت، ئەو هەوڵەش لەژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم بێت، كە سەرۆكایەتی هەرێم لە سەرەتاوە هەنگاوی باشی نا، بەڵام ئێستا سارد و سڕی پێوە دیارە، ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم دامەزراوەیەكی نیشتمانی بێت، دەبێت هەموو بچنە ژێر چەترەكەیەوە، بەڵام دیارە ناكۆكی ناو حزبە سیاسییەكان كاریگەری لەسەر ئەوە هەیە، یەكێتی و پارتی كۆنابنەوە، بەڵام دەبێت هەر ببین بە خاوەنی یەك وتار و بە یەكهەڵوێست مامەڵە لەگەڵ لایەكدا بكەین، جگە لەوەی ئەگەر یەكڕیز و یەكگرتوو بین بەهێز دەبین".
شەمال عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆران دەشڵێ :" یاسای چاكسازی هی ئێمەیە و پشتگیری لە یاساكە دەكەین".

زۆرترین بینراو