دەتەوێت سەركەوتوو بیت و بە خەونەكانت بگەیت ئەم بابەتەبخوێنەوە

دەتەوێت سەركەوتوو بیت و بە خەونەكانت بگەیت ئەم بابەتەبخوێنەوە

وە- تانیا سۆفی
هیچ مرۆڤێك لەسەر گۆی زەوی بەدی ناكرێت، كە حەزی بە پێشكەوتن و بەناوبانگ بوون نەكاتەوە، جا هەر كەسەو بە شێوەیەك و لە بوارێكەوە، لە نێو ئافرەتانیش زۆرێك لە ئافرەتان كاری جددی دەكەن تا ببنە ئەستێرەیەكی دیار لە بوارێكەوە، ژمارەیەكیشیان بۆ بە دی هێنانی خەونی بەناوبانگ بوون سەركەوتنیان بەدەست هێناوە، بۆیە هەزاران ئافرەت لە بواری جیاجیاوە وەك ئەستێرە دەدرەوشێنەوە. بەڵام پێشكەوتن و بە ناوبانگ بوون و سەركەوتن چۆن بەدەست هاتووە، ئەو ئافرەتانەی توانیویانە بگەنە لوتكە چییان كردووە و دەستیان بە چییەوە گرتووە و دەست بەرداری چی بوونە، چۆن كۆسپەكانیان بریوە، كێ لەپشت سەركەوتنەكانیانەوە بووە، چۆن رێگای سەركەوتنەكان بدۆزینەوە، چۆن بەسەر كێشە و گرفتەكان زاڵ بین، ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە هەموو مرۆڤێك بەر لە هەر كارێك پێویستە لە خۆی بكات و بەرنامە و پلانی بۆ دابرێژێت. لەم چەند رستەیەدا كۆمەڵێك هۆكاری سەركەوتن و گەیشتن بە خەونەكان باس لێوە دەكەین، تا ببێتە هۆكاری پشت بە خۆ بەستنی زیاتری ئەو خاتوونانەی دەیانەوێت لە پەنای پاراستنی شكۆی مرۆڤ بوون و مێینە بوونیان بگەنە مەبەستەكانیان، بەڵام بێ گومان هەموو رێگاكان نیین بەڵكو دەروازەیەكە بۆ چوونە ناو جیهانی تێكۆشان بۆ گەیشتن بە مەبەست و ئامانجەكانتان.
خەونی گەورە و ئامانجی گەورەت هەبێ
هەر كاتێ مرۆڤ خەونی بچووك و سادەی هەبوو، دەستكەوتی بچووك و سادەشی دەبێت، كە رەنگە ئەوەندە نەهێنێت خۆتی پێوە ماندوو یا سەرقاڵ بكەیت، بۆیە هەموو دەم هەوڵ بدە خەون و ئامانجی مەزنت هەبێ و بۆی تێبكۆشە، ئەگەر خەونەكەت هەمووشی نەهێتە دی و هەندێكی بێتە دی واتە بێ دەستكەوت نەبووی.
بیر بكەوە ئامانجەكەت چەندە واقعییە
بەر لەوەی هیچ هەنگاوێك بهاوێی بۆ ئامانجەكەت، بیر لەوە بكەوە ئەو كارەی دەتەوێت بیكەیت یا ئەو ئامانجەی دەتەوێت پێی بگەیت، چەندە واقعین و دەشێ بێتە دی و لەگەڵ دیدگای كۆمەڵگەی تۆ دێتەوە، چونكە ناواقعی بوونی ئامانج هۆكاری سەرەكییە بۆ نەگەیشتن بە مەبەستەكەت.
بێ پلان سەركەوتن ئەستەمە
دەبێ بەر لە دەست پێ كردنی هەر هەنگاو هاوێشتنێك، بە بیر كردنەوەیەكی تیژ و قوڵ و ژیرانە پلان دابرێژی، تا بزانی چۆن و لە كوێوە دەست پێ بكەی، بۆ كۆسپ و كێشەكان رێگەی دەرباز بوون بدۆزیتەوە، ئەگەر بەم شێوەیە دەست پێ نەكەی سەركەوتن ئەستەم دەبێت و رەنگە هەر نەگەیتە نیوەی رێگەش.
وەك خۆت بە
هەرگیز بیر لەوە مەكەوە خۆت زاناتر و كارامەتر و بە تواناتر نیشان بدەی لەوەی هەیت، ئەمە دەبێتە هۆكاری زیانگەیاندن بە گەیشتن بە ئامانجەكەت، دەبێ باش بزانی مرۆڤ وەك ئەوەی هەیە جوانە و خاوەن پێگەیەی راستەقینەیە، ئەو مرۆڤانەی پەنا بۆ شاردنەوە یا خۆ دەرخستنێكی راستی ئاستی خۆیان دەدەن و خۆیان زۆر گەورەتر لەوەی هەن نیشان دەدەن بە ماوەیەكی كمدا ئاستی راستەقینەی ئاشكرا دەبێت و شوێن پێی و كەسایەتی و هەیبەتی دەكەوێتە مەترسییەوە تا راددەی پشت گوێ خستن و گرنگی پێ نەدان.
وریا بە لە ئاخەوتن و كردار
بەر لەوەی هیچ قسەیەك بكەیت، یا سەرنجێك لە بارەی بابەتێكەوە دەرببری جوان بیر بكەوە، زۆر جار بە چەند وشە یا رستەیەكی لاواز و بێ ناوەڕۆك ئاستی كەسایەتی و بیر كردنەوەت ئاشكرا دەبێت و زانت پێ دەگەینێت، بۆیە زۆرجار كم قسە كردن یا هەر قسە نەكردن لەسەر بابەتێك كە شارەزاییت لێ نییە یا زانیاری كمت لەسەرە باشترە لەوەی قسەی كم بایخ بكەیت، ئەمە لە بارەی كرداریشەوە راستە، هەموو جار بەر لەوەی كارێك یا رەفتار یا كاردانەوەیك بكەیت بیر لە ئاستی پێگەی زانستی و كۆمەڵایەتی و ئەو ئامانجەی هەتە بكەوە، كە ئاخۆ ئەو كارە چەند گونجاوە لەگەڵ ئەو خەونەی هەتە. زۆر جار یەك رەفتاری نەشیاو وادەكات دوور بخرێیتەوە لە كارەكەت یا ببێتە كۆسپێكی مەزن لەگەیشتن بە ئامانجەكەت.
مرۆڤ بوون سەنتەری بیر كردنەوەت بێت
هیچ كار و ئامانجێك لە خۆت مەزنتر و گرنگتر نییە، تۆش مرۆڤی، كارەكان و هەنگاوەكانت دەبێ شكۆی مرۆڤ بوونی خۆت و دەورووبەرت بپارێزێت، هەر ئامانجێكت هەبێ ئەگەر بۆ گەیشتن پێی زیانی لە هەیبەت و كەسایەتیت بدات، نەیكەیت باشترە، چونكە گەیشتن بە ئامانج و بە ناو بانگ بوون و بەدەست هێنانی هەر سەركەوتنێك ئەگەر شكۆ و هەیبەتی خۆت بەهۆیەوە پارێزراو نەبێت واتە هیچت نەكردووە و زیانت بە خۆت گەیاندووە و رەنگە بەهۆی رێز نەگرتن لە خۆت هاوكارانت پشتت تێ بكەن و لە سەرەتای یا نیوەی رێگە تەنها بمێنییەوە.
رێگە نەدەی بەكارت بهێنن
زۆرێك لەو ئافرەتانەی لە بواری ریكلام و نواندن و نمایشەوە بوونەتە ئەستێرە و بەناو بانگ، بەكار هێندراون، بۆ نموونە ئەو ئافرەتانەی بە نیوەرووتی وێنەكانیان لەسەر سابوون و شامپۆ و جوانكاری دەبیندرێت، یا لە نواندن بە جولەیەكی ورووژێنەری دەردەكەون و لە بەرامبەردا بڕێك پارە وەردەگرن، واتە بەكار هێندراوون وەك كەرەستەیەكی پارە پەیدا كردن، هەر چەندە بەناو بانگ بن و ببنە خاوەن سەرمایە، بەڵام سەرمایەی راستەقینەی مرۆڤ بوونی خۆیان لەدەست دەدەن و تەنها وەك ئامرازێكی جنسی سەیر دەكرێن، ئەمە راستییەكی حاشا هەڵنەگرە، دەشێ ئەم بابەتە بۆ هەموو بوارەكانی دیكەشەوە سەیر بكرێت و ئەگەر وریا نەبی بەكار بهێندرێ، بۆیە هەوڵ بدە بەكار هێنراو نەبێ.
سەرنج راكێش بە
تا بۆت دەكرێت وەك كەسێكی سەرنج راكێش دەركەوە، سەرنج راكێش بە واتەی جەستەی نیوە رووت یا جلی تەنك و جوانكاری سەیر و سەمەرە نا، بەڵكو سەرنج راكێش بە بە جولەكانت و كەسایەتیت و شێوازی بیر كردنەوەو و دەربڕینەكان، سەرنج راكێش بە پاراستنی شكۆی و هەیبەتی مرۆڤ بوونت، سەرنج راكێش بە بە جلی و رەفتار و جوانكاری خانمانە.
ئەم چەند خاڵەی لەسەرەوە باسم لێوە كردووە، لای من چەند خاڵێكی گرنگن كە پێویستە هەر مرۆڤێك بە تایبەتی ئافرەتان بۆ گەیشتن بە خەونەكانیان رەچاوی بكەن، بە دڵنیاییەوە دەشێ خاڵی زیاتریش هەبن، كە مرۆڤ بە رەچاو كردن و پەیرەو كردنیان دەتوانێت ببێتە كەسێكی سەركەوتوو.

 

زۆرترین بینراو