دەرئەنجامەكانی هەڵسەنگاندنی لیژنەی دەرەكی قوتابخانەكان!

حەسەن هاشم باڵەكی

چەند ساڵێكە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بەمەبەستی ڕێكخستنەوە و بەرەو پێش بردنی پەروەردە سیستەمی جیا جیای وڵاتان هاوردەی كوردستان دەكرێت و لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان تاقی دەكرێنەوە، بەڵام هیچ كامیان تا ئێستا سەركەوتوو نەبوون و تەنیا خودی قوتابی زەرەرمەندی یەكەم دەبێت و ئاستی قوتابخانەكان و خوێندن هەر بە وەستاوی ماوەتەوە بەڵكوو بەرەو دوواوە گەڕاوەتەوە كە بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت لەلایەن بەرپرسانی پەروەردە و مامۆستایان، هەر لەگەل دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی (2019-2020) سیستەمێكی نوێی بەریتانی بەناوی (British Council) لە قوتابخانەكان خرایە واری جێبەجێكردنەوە، ئەم سیستەمە نوێیە بڕگەیەكی تیایە كە داوا لە بەڕێوبەرایەتی پەروەردە دەكات كاربكەن بۆ پێكهێنانی لیژنەی دەرەكی لە (سەرپەرشتیارەكان) هاوڕێ رەخنەگرەكان بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی قوتابخانەكان، ئەم هەڵسەنگاندنەش لەئاستی كارگێری بەڕێوەبردن و ئاستی زانستی و چاڵاكی و خزمەتگوزاری و دەوامكردن و كارپێكردنی دید و پەیامی قوتابخانە دەبێت.
ئەم سیستەمە نوێیەی پەروەردە بەگشتی و لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەرەكی قوتابخانەكان بەتایبەتی روبەڕووی چەندین رەخنە و پێشنیاری جۆراوجۆر بۆتەوە لەلایەن مامۆستایان و دایك و باوكی قوتابییان و تەنانەت بەشێكی زۆری هاوڕێی رەخنەگرەكانیش كە بەشێوەیەكی گشتی بەم جۆرە لێكدانەوەی بۆ دەكەن.
یەكەم: ئەم سیستەمە نوێیە لە گەڵ مرۆڤەكان و شوێنی جوگرافی و كەش و هەوای خوێندن و ئەو قوتابخانە كۆنانە ناگونجێت، بەڵكو لە گەڵ ئەو وڵاتانە دەگونجێت كە قوتابخانەكان لەئەو پەڕی خزمەتگوزاری دان.
دووەم: چۆن دەبێت لیژنەی دەرەكی بەر لە یەك هەفتە بەڕێوبەر و مامۆستایان ئاگاداربكەنەوە كەوا دێین بۆ قوتابخانە و پێیان دەڵێن ئامادەكاری بكەن بۆخۆتان تا ئاستتان دانەبەزێت، ئەمە واتای چی دەگەیەنێت؟، هەر لە سەرەتایی چوونیان بۆ قوتابخانەكان مژدە دەدەن بە بەڕێوبەر و مامۆستایان كە هیچ قوتابخانەیەك ئاستی یەك و ئاستی چوار وەرناگرێت جگە لە ئاستی دووەم و سێیەم.
سێیەم: ئەم لیژنە دەرەكیە لەكاتێكدا دەچێتە قوتابخانەكان كە تەنیا لە سێ سەرپەرشتیار پێكهاتووە كە یەكێكیان كاروباری كارگێری بەڕێوەبردن هەڵدەسەنگێنێت كە ئەمەیان كاری بەسەر قوتابییانەوە نییە، بەڵام دوو سەرپەرشتیارە كەی تر كە هەریەكەیان تەنیا لە یەك بابەت پسپۆرن دەرۆن بۆ چاوپێكەوتنی مامۆستایان لە ناو پۆل كە رەنگە ئەو بابەتەی ئەو سەرپەرشتیارە بۆی دەچێ هەر لێی حاڵی نەبێت و زانیاری لەبارەیەوە نەبێت، چونكە عەرەبی و ئینگلیزی و كوردی و بیركاری و بابەتەكانی ترە، بەڵام تەنیا لەسەر شێوازی شیكردنەوەی وانەكە و بەكارهێنانی هۆیەكانی فێركردن و دەفتەر پڵان هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستا دەكەن، لەهەمانكاتدا بەشێكی زۆری مامۆستایان تا ئێستا دەفتەر پلانیان نەبووە و هۆیەكانی فێركردنیان نەبووە بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی لیژنەكە بەر لە هەفتەیەك ئاگاداریان كردۆتەوە و بۆ ئەوەی رەخنەیان لێ نەگرن دەفتەر پلانێكی كاتی دادەنێن و هۆیەكانی فێركردن بۆ تەنیا یەك وانە دەبەنە ژوورەوە تا لیژنەكە كۆتایی بە كارەكانیان دێنن.
چوارەم: ئەم سەرپەرشتیارانە بەشێكیان بەتەمەن داچوونە و بەهیچ شێوەیەك خوێندنەوەیان بۆ پەرتووكی پەروەردەیی و پەروەردەی نوێ نییە، ئاگاداری گۆڕانكاریەكانی پەروەردەی جیهان نین كە ڕۆژانە پەرتووكی جۆرا و جۆری لە بارەیەوە دەردەچێت، تەنیا ئەوەندەیان پێیە كە لە خولێكدا سەرپەرشتیارەكان پێیان دەڵێن، بۆیە ئاگاداری ئاستی پێشكەوتن و سیستەمە جیاوازەكانی پەروەدە و رێگاكانی وانە وتنەوە نین، بەشێكیان هەر لەسەر سیستەمەكۆنەكانی پەروەردە كاردەكەن و بڕیاردەدەن.
پێنجەم: بەشێكی زۆری مامۆستایان و سەرپەرشتیارەكان كۆدەنگن لەسەر ئەوەی پێویستە هەمان سیستەمی كۆن بگەڕێتەوە كە هەر سەرپەرشتیارێك لەپسپۆریەكەی خۆی بچێتە قوتابخانە و هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستای بابەت بكات و لە خراپی ئەدا و شێوازی وانەكە رێنمایی مامۆستای بابەت بكات و لە باشی و چاڵاكی مامۆستاش دەست خۆشی و سوپاسی پێ بدات بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە وانەكەی بدات و خۆشەویستی بۆ وانەكەی زیاتر بێت و ببێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆی، لەم چەند ڕۆژەی ڕابڕدوو لیژنەی دەرەكی سەردانی قوتابخانەكەمانی كرد منیش كە پسپۆریم مێژووە و كۆمەڵایەتی دەڵێمەوە سەرپەرشتیاری بیركاری هەڵسەنگاندنی بۆ كردم، منیش پێم گووت مامۆستای بەڕێز باشە من لە سەرەتای ساڵەوە ئەو هەموو خۆماندوو كردن و چاڵاكی و گرنگی پێدانەم بۆ بابەتەكەم كردووە ئایا هیچ سەرپەرشیارێك نییە بێت هەڵسەنگاندنم بۆ بكات و ڕێنماییم بكا و زانیاریم پێ بدا و ڕەخنەم لێ بگرێت؟ گووتی نەخێر تەواو من هەڵسەنگاندنم كرد ئەو گرنگی پێدان و چاڵاكیانەی كردووتە بۆخۆتت كردووە، هەر بەڕاستی لە هەموو كار و پیشە جۆراوجۆرەكان گەر هاندان و دەستخۆشی و سوپاس و پێزانین نەبێت ساردبوونەوە و بێ هیوای لە كارەكەی لای ئەو كەسە یان مامۆستا دروست دەكات، كاتێك پەیوەندیم بە سەرپەرشتیارێكی یەكەمی پەروەردەیەكەوە كرد دەر بارەی هەمان پرس بیانووی ئەوەبوو كەوا سەرپەرشتیاریان كەمە و بەتایبەت پسپۆرە جیاوازەكانیان نییە بۆیە تەنیا لە شێوازی شیكردنەوەە وانەكان و هۆیەكانی فێركردن و دەفتەر پلان ئەندامانی لیژنە هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایان دەكەن.
شەشەم: زۆرێك لە مامۆستایان رەخنەیان لە سەرپەرشتیارەكان هەیە كە دەڵێن كاتێ لیژنەی دەرەكی هاتووە و یەكێ لە سەرپەرشتیارەكان هاتووە بۆ چاوپێكەوتنی مامۆستا ئەوا لە ناو پۆل تەلەفۆنی كردووە یاخود پاكەتی جگەرەی لێ كەوتووە یاخود مامۆستای لە بەردەم قوتابییەكان شكاندۆتەوە یاخود كاتێ سەرجەم مامۆستایان گەڕاونەتەوە ژووری مامۆستایان، لەلایەن ئەندامانی لیژنە مامۆستا شكێندراوەتەوە و بە ئاشكرا بە مامۆستایان گوتووە تۆ زۆر خراپی و ئەدای وانە گووتنەوەت زۆر خراپە و یاخود مامۆستا سەرجەم قوتابییەكانت هیچ نازانن، ئەمە لەجیاتی ئەوەی بە نهێنی و بەتەنیا ئەو لیژنەیە مامۆستایان رێنمایی بكات و ڕێگای جیاوازی وانە گووتنەوەیان پیشان بدات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابییەكان، بەڕاستی ئەمە دەبێت لەلایەن پەروەردەكانەوە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.
حەوتەم: مامۆستایان ڕەخنەی ئەوە دەگرن چۆن دەبێت سەرپەرشتیار لە یەك ساڵی خوێندن تەنیا بە یەك ڕۆژ ئاستی مامۆستا دیاری بكات كە سەرپەرشتیارەكەش هەمان پسپۆری نییە، بۆیە دەڵێن پێویستە سەرپەرشتیارەكان لە هەردوو وەرز سەردانی قوتابخانە بكەن بۆ ئەوەی ئاستی گۆڕانكاری و جیاوازی لە هەردوو وەرزەكە لە مامۆستاكە و لە قوتابییەكان دیاری بكەن ئەوكات بڕیار بدەن.
لێرەوە داوا لە بەڕێوبەرایەتی گشتی و پەروەردەكان و لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان و وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین ، كەوا دووبارە پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردە بكەن و ئاڵوگۆڕی لە شێوازی جێبەجێكردنەكەی بكرێت، بۆ ئەوەی كەرتی پەروەردە و ئاستی زانستیمان بگاتە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو.

زۆرترین بینراو