دەربارەی چاكسازی پارلەمان نوێنەری خۆیەتی یان خەڵك؟

د. هێمن میرانی

چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بێدادی پرۆسەیەكی گشتگیر و گرنگە و تەنیا لە دەستكاریكردنی موچە و دەرماڵە و خانەنشینی پلە باڵاكان كورت ناكرێتەوە، بەڵام چونكە پڕۆژە یاساكەی ئێستا زیاتر هەڵوەستەی لەسەر ئەم پرسە كردووە، منیش هەندێ سەرنجی خۆم دەخەمە روو:
یەكەم: ماوەیەكە لە گەڵ ژمارەیەك پارلەمانتاری بەرێز لەسەر خەتم دەربارەی پڕۆژە یاساكە و لەوێش رای خۆمم پێیان گوتووە. هەست دەكرێ دوو دڵیەكی گەورە لە ئارادایە لە دەستبەردان لەو ئیمتیازە زۆرەی بە ناوی خانەنشینی بە یاساكانی ژمارە ١٢ و ١٣ ی ساڵی ١٩٩٩ بە وەزیران و ئەندامانی پارلەمان بەخشراوە. ئێستاش تەنانەت دەنگۆی رێكەوتنی هەمووان هەیە ( نازانم ئەمە چەند راستە) لە سەر هێشتنەوەی ئەو ئیمتیازاتانە بۆ خۆیان لە كاتێك ئەوان نوێنەری خەڵكن لە پارلەمان نەك نوێنەری خۆیان. رای گشتی بە تەواوی لە گەڵ ئەوەیە ئەو ناعەدالەتیە گەورەیەی لە نێوان خانەنشینی پلە تایبەت و باڵاكان لە گەڵ خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت هەیە نەمێنێ، بۆیە ئەگەر پارلەمان دژی رای گشتی هەڵسوكەوت بكات یەكێك لە وەزیفە گەورەكانی خۆی لە دەست دەدات كە نوێنەرایەتی كردنی بەرژەوەندی گشتیە.
دووەم: پارلەمانتاران باش دەزانن كە داهات و بودجەی كوردستان زۆر زۆر كەمترە لەو پارەیەی لەبەر دەستی بەغدایە. بۆیە ئەگەر ئەوە پێوەر بێ، نابێ لەو یاسایەدا ئیمتیازێكی زیاتر لەوەی بە پارلەمانتارانی بەغدا دوای تەواوبوونی ئەركەكانیان دەدرێ، بۆ خۆیان بهێڵنەوە. ئاشكرایە لە بەغدا خانەنشینی پارلەمانتار و پلە باڵاكان هەڵوەشاوەتەوە. لێرەش ئەو بەڕێزانەی پۆستی باڵا وەردەگرن دەبنە فەرمانبەری پلە باڵای دەوڵەت و دوای تەواوبوونی ئەو ئەركەیان دەبێ یان بگەڕێنەوە شوێنەكانی پێشوویان یان ئەگەر گەیشتنە تەمەنی خانەنشینی ئەو ساڵانەی خزمەتیان لەو پۆستانە بۆ حساب بكرێ و وەكو هەر فەرمانبەرێكی دیكە خانەنشین بكرێن. ئەگەر ئەوە روو نەدات ئێوە هەرگیز بیرتان بۆ ئەو فەرمانبەرانە ناچێ كە دوای ڵایەنی كەم ١٥ تا ٢٥ ساڵ خزمەتكردن ئێستا بە چەند مانگێك جارێك ٢٠٠ هەزار دیناریان وەكو سەدەقە پێ دەدەن، كە ئەمە شەرمەزارییەكی یەكجار گەورەیە.
كەواتە كورت و پوخت:
1- هەموومان داوا دەكەین كە خانەنشینی پارلەمانتار و وەزیر و وەكیل وەزیر و بەڕێوبەری گشتی و هتد وەكو پرەنسیپ دوای تەواوبوونی ئەركەكانیان نەمێنێ. ئەوەی گەیشتە تەمەنی خانەنشینی ئەو ساڵانەی خزمەتی بۆ حساب دەكرێ و بە گوێرەی یاسای گشتی خانەنشینی، نەك هیچ یاساییەكی تایبەت كە بۆ خۆتان داتانهێناوە، خانەنشین دەكرێ. یاساكانی ١٢ و ١٣ ی ساڵی ١٩٩٩ و هەر یاسایەكی دیكە كە ئیمتیازی تایبەتی بەو خەڵكانە بەخشیووە دەبێ هەڵبوەشێتەوە.
2- دەستكاری كەمترین موچەی فەرمانبەران بكرێ كە خانەنشین دەبن بە جۆرێك رەوا نیە كەس لە ٤٠٠ هەزار دینار وەكو ئەوەی بەغدا كەمتر وەربگرێ. ئێوەی بەڕێز بیهێننە بەرچاوی خۆتان كە ٤٠٠ هەزار دینار بەشی چی دەكات؟ ئەگەر هیچ ئەی ئەو ٢٠٠ەی ئێستا چ بۆ هاووڵاتیەكی ماندوو دوای ساڵانێكی زۆری خزمەت دابین دەكات..
بەڕێزینە:
لە هەستیاری ئەو دۆخە بگەن كە لەو ناوچەیە دەگوزەرێ!!! خەڵكی كوردستان لەو خۆپیشاندەرانەی بەغدا ترسنۆكتر نین لەوە كەمتر قەبوڵ بكەن، دۆخی ئابوری كوردستان لە هی بەغدا باشتر نیە ئێوە لەسەر ئیمتیازاتی خۆتان رێك بكەون و حسابی بەرژەوەندی گشتی كە گوایە ئێوە نوێنەرایەتی دەكەن، نەكەن.

زۆرترین بینراو