دەرمانناسی

دكتۆر یوسف دۆسكی

لە زستان و وەرزی سەرماوسۆڵە، زۆرترین ژمارەی هاووڵاتییان لەبەر كۆخە و هەڵامەت سەردانی بنكە تەندروستییەكان و دەرمانخانەكان دەكەن. دوو لەسەر سێی حاڵەتەكانی پەسیو و سەرمابوون بە بێ وەرگرتنی هیچ دەرمانێكی دیاریكراو لە ماوەی هەفتەیەكدا بۆخۆی چاك دەبنەوە، بەڵام دەبێت ڕەچاوی باری كەم توانایی بەساڵاچوو یا بێهێزی جەستەیی نەخۆش بكرێت. زیاتر لە 200 جۆری جیاوازی ڤایرۆس هۆكاری هەڵامەتن كە بە هۆی بەریەككەوتنی دەست بە شوێنی پیسبوو بە ڤایرۆسەكانەوە وەك دەسكی دەرگا، تەلەفۆن و... دەگوازرێنەوەو هەروەها دەشێ بە رێگای هەڵمژینی ئەم هەوایەی كە بە پژمین و كۆخەی كەسی تووشبوو ئالۆدە بە ڤایرۆس بووە، بگوازرێتەوە.
چارەسەر و دەرمانی جیاواز بۆ چارەسەری هەڵامەت بەكار دەهێنرێن، بەڵام لەم بابەتەدا باسی دوو گروپ لە دەرمان دەكەم كە بە هەڵە و نازانستییەوە بە شێویەكی بەرفراوان بە منداڵان دەدرێت، بە تایبەت بە منداڵی ساوای كەمتر لە دوو ساڵ، كە لە رووی پزیشكییەوە مەترسیدارە بۆ تەندروستییان.
گروپی یەكەم دەرمانەكانی دژە هیستامینن كە بۆ چارەسەری هەستیاری لووت و كۆئەندامی هەناسە بەكار دەهێنرێن و ئەم دژەهیستامینانە لە زۆربەی بەرهەمەكانی چارەسەی سەرمابووندا هەن. كۆمەڵەی دژە هیستامینەكان دەرمانەكانی Triprolidine، Diphenhydramine ، Chlorpheniramine ، Cetirizine وە ... لە خودەگرێت كە لەناو پێكهاتەی بەرهەمە بازرگانییەكان بە ناوی فرە جۆرەوە لە دەرمانخانەكاندا دەست دەكەوێت. ئەم كۆمەڵە دەرمانە دەبێت بۆ تەمەنی سەرەوەی 6 ساڵ و هەندێكیان سەرەوەی 12 ساڵ بەكاربهێنرێن، بە دەگمەنیش بۆ سەرەوەی 2 ساڵ دەنووسرێن. ئەگەر بۆ خوارەوەی ئەم تەمەنە كە بۆیان دیاریكراوە بەكاربهێنرێن، دەبنە هۆی كاریگەری زیانبەخش و مەترسیدار وەكو سڕبوون، سەرگێژی و نارێكی لە جۆلەدا. بە هۆی ورۆژاندنی نارێك یا دژوار ( paradoxical stimulation) كاریگەری لاوەكی لەرزە لە ماسوولكەكانی منداڵ، ورێنەكردن و گرژبوونی تۆندی ماسوولكەكان بەدی دەكرێت. ژەمێكی زۆری دەرمانی دژە هیستامینەكان لە منداڵ دەبنە هۆی پەشێوی یا كپبوون لە كۆئەندامی هەناسە، بوورانەوە و دواجار مەرگی زارۆكی ساوا بەداوی خوی دەهێنیت.
كۆمەڵەی دووەم ئەم دەرمانانەن كە بۆ چارەسەری خوێن تێزان و هەڵئاوسانی ناوەوەی لووت بەكار دەهێنرێن و بە Sympathomimetic Decongestants دەناسرێن. ئەم كۆمەڵەیە دەرمانەكانی وەكو Phenylephrine ، Pseudoephedrine ، Oxymetazoline ، Xylometazoline لەخۆ دەگرێت و بۆ تەمەنی سەرەوەی 6 یان 12 ساڵا بەكار دەهێنرێن. كاریگەرییە لاوەكییەكانی ئەم دەرمانانە بریتین لە خەوزڕان، دڵە كوتێ و رووشانی ناوەوەی ناوپۆشی لووت.
گرنگە ئەو هاووڵاتییانەی دەرمان بۆ چارەسەری پەسیو و هەڵامەتی جگەر گۆشەكانیان دەكرن پرسیار لە كارمەندی دەرمانخانەكە بكەن كە ئایا دەرمانەكە بۆ تەمەنی منداڵەكانیان گۆنجاوە یا نە، هەروەها خۆیانیش ئەم برۆشۆر و نامیلكەی ناو پاكێتی دەرمانەكە بخوێنەوە كە تێدا ئەم تەمەنە دیاریكراوە كە بۆ بەكارهێنانی دەرمانەكە شیاوە.

سەرچاوەكان:

1-Community Pharmacy: Symptoms, Diagnosis and Treatment, Paul Rutter, Fourth Edition.
2-Iraqi Medicines Guide 2016

زۆرترین بینراو