دەرمانناسی

دكتۆر یوسف دۆسكی

 

Vitamin D

لە پێنج ساڵی رابردوو پشكنینی ڤیتامین دی بە شێوەیەكی بەرچاو بۆ خەڵك دەنووسرێت، پێشتر نرخی ئەم پشكنینە 30 هەزار دینار بوو، بەڵام بەم دواییە نرخەكەی بۆ كەمتر لە 15 هەزار دابەزیوە.
ئەگەر خەستی ئەم ڤیتامینە لە خوێن لە نێوان 30 بۆ 100دا بێت ئەنجامی پشكنینەكە ئاساییە، بەڵام ئەگەر رێژەكەی لە 30 كەمتر بێت پێویستە ڤیتامین وەربگرێت، ئەگەر رێژەی لە 100 زیاتر بێت پشكێنراوەكە دووچاری ژەهراوی بوون بە ڤیتامینەكە بووە، پێویستی چارەسەر لە لایەن پزیشكی پسپۆڕەوە وەربگرێت.
ڤیتامین دی یەكێكە لەو كۆمەڵە ڤیتامینانەی لە چەوریدا دەتوێتەوە(fat-soluble )، و لە هەندێك تێكستی پزیشكی وەك هۆرمۆن هەژمار دەكرێت. لە رووی رێكاری فارماكۆلۆژییەوە ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵمژینی كالسیۆم و فووسفات لە ریخۆڵەكانەوە لە كۆئەندامی هەرەس و دابەزینی رێژەی فرێدانی ئەم دوو ماددەیە كۆئەندامی میزەڕۆ. رێژەی نیشتنەوەی كالسیۆم و بە كانزا بوونی ئێسك بەرز دەكاتەوە. هەروەها ڤیتامین دی بڕی كالسیۆم و فووسفاتی ناو سیرەمی خوێن زیاد دەكات.
ماددە پێشینییەكەی ڤیتامین دی ( 7-Dehydrocholecalciferol ) لە پێست مرۆڤدا هەیە بە هۆی كاریگەری تیشكی ژووربنەوشەیی (UV) - كە لەنێو رووناكی خۆردا هەیە تێك دەشكێت و دەگۆڕێت بۆ Cholecalciferol (vitamin D3). هەروەها ڤیتامین دی 3 دەتواندرێت لە سەرچاوە ئاژەڵەییەكانی وەك زەردێنەی هێلكە، ڕوونی ماسی، جگەری مانگە وە... وەربگیرێت. لە سەرچاوە رووەكییەكانی وەك قارچك ( كووارك) ئەم ڤیتامینە بە شێوەی دی ٢ (D2) هەیە. ئەم D2 و D3 لە جگەردا گۆڕانكاری بەسەردا دێت و دەگۆرێت بۆ 25-hydroxycholecalciferol (Calcidiol). لە پشكنینەكان ڤیتامین دی دا رێژەی كالسیدایۆڵ لە خوێندا دەپێوڕێت. ئەم كالسیدایۆڵە لە گۆرچیلەدا گۆڕانكاری كیمیایی زیاتر بەسەر دێت و دەگۆڕێت بۆ جۆرە هەرە چالاكەكەی ڤایتامین دی 1,25 dihydroxycholecalciferol (Calcitriol ).
ئەم ڤیتامینە بۆ نیشتنەوەی كالسیۆم لە ناو ئێسك پێویستە و بە كەمبوون یا نەبوونی دەبێتە هۆی نەخۆشی ئێسكە نەرمە لە منداڵان و پۆكانەوەی ئێسك لە گەورەكان. بەكار هێنانی تەواوكەری خۆراكی ڤیتامین دی دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی مەرگ لە بەساڵاچووان، لێ هەبوونی زیادەی ڤیتامینەكە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی مردن. زیادە وەرگرتنی سوودێكی دیاریكراوی نییە، بەڵام راستكردنەوەی كەمی ئاستی vit. D لە ناو خوێندا ریسكی شكانی ئێسكەكان كەم دەكاتەوە، نەخۆشییەكان بەرگری خوێنی لەش لەبەر كەمی ئەم ڤیتامینە خراپتر دەبن، لێ تەواوكەرەكان نابنە هۆی چارەسەری یا رێگری نەخۆشییە ئاماژە پێكراوەكان.
هەڵكشانی رێژەی زۆری ڤیتامینەكە Hypervitaminosis D كاریگەری زیان بەخشی هەنووكەی و درێژخایەن دەخووڵقێنن. كاریگەی دەستبەجێ وەك بێزاری لە خواردن، قەبزی، تێنویەتی، میز كردنی زۆر، هێڵنجدان، رشانەوە، بێهێزی و... دروست دەكات. كاریگەرییە درێژخایەنەكانیش بریتین لە تەشەنە كردن و پەرتە بوونی كرداری بەكالسیۆمبوون لە شوێنەكانی دیكەی لەش Metastatic calcification و درووستبوونی بەردی گۆرچیلە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو