دەرمانناسی

دكتۆر یوسف دۆسكی

 

دەرمانەكانی برینی
گەدە و چەند رێنماییەك
چینی داپۆشەری گەدە و ریخۆلەكان، لە دۆخی ناهاوسەنگی نێوان فاكتەرە پارێزەرەكان و فاكتەرە زیانبەخشەكان تووشی داخووران دەبێت و زام یا برین لە ناوپۆشی كۆئەندامی هەرس دروست دەبێت. ترشییەتی گەدە یەكێكە لە هۆكارەكانی كە لە هەندێ حاڵەتی ناهاوسەنگیدا دەبێتە هۆی برین لە گەدە یا ریخۆلە. چەند گرووپێك دەرمان هەن كە بۆ كەمكردنەوەی ترشەلۆكی بەكار دەهێندرێن لەم بابەتەدا هەندێ تێبینی و رێنمایی گرنگ بۆ خوێنەران دەخەمە روو.
گروپی یەكەم دەرمانەكانی دژە ترشەلۆكە (Antacid) كە دەشێ بە بێ راچێتەی پزیشكی پسپۆر لە دەرمانخانەكان بكردرێت. پێویستە لە نێوان خواردنی دژە ترشەلۆكەكان Antacid و دەرمانەكانی وەكۆ (iron,
tetracyclines, fluoroquinolones، itraconazole) بە لایەنی كەمەوە دوو كاتژمێر بەینیان هەبێت، چۆنكە رێگرە لە هەڵمژینی دەرمانە ئاماژەپێكراوەكان لە ریخۆلەكانەوە بۆ ناو سووری خوێن.
دژە وەرگری هیستامین 2 ( H2 blockers ) ، كۆمەڵەی دووەمی ئەم دەرمانانەن كە بۆ چارەسەری قۆرعەی گەدە بەكار دەهێندرێن. ئەم دەرمانانە وەرگری هیستامین2 لە خانەكانی ناوپۆشی گەدە ( gastric parietal cells ) لە چاڵاكی دەوەستێنن و بەم رێكارە رێگری دەكەن لە دەردانی ترشی یا ئەسید لەم خانانەوە.
رادەی كاریگەری ئەم دەرمانانە بەستراوەتەوە بە بڕی بەكار هێنانیان (dose-dependent manner). تایبەتمەندییەكی بەسوودی ئەم دەرمانانە بریتییە لە كەم كردنی ترشی گەدە لە ماوەی خەوتندا. هەموو ئەم دەرمانانە جگە لە ( nizatidine ) بە شێوەی دەرزی هەن، كە دەتواندرێت لە رێگای خوێنهێنەرەوە بەكار بهێندرێن. فامۆتیدین بەهێزترین دەرمانی ئەم گرۆپەیە. بەكارهێنانی دەرمانی Cimetidine بۆ ماوەیەكی درێژ یا ژەمێكی زۆر لە دەرمانەكە دەبێتە هۆی گەورە بوونی مەمك لە نێو پیاوان و پەككەوتوویی سێكسی لە پیاوان. لە خانمانیش دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی دەردانی شیر(galactorrhea ). ئەم دەرمانە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاست یا كاریگەری دەرمانی warfarin ، كە پێكەوە بەكارهێنانیان مەترسی جددی بۆ نەخۆش دروست دەكات.
لە گروپی سێیەم دەرمانەكانی وەستێنەرانی پەمپی پرۆتۆن Proton pump inhibitors (PPIs) هەن. بەگشتی یەك كاتژمێر پێش نانی بەیانیان یا پێش ژەمە خواردنەكان بە نەخۆش دەدرێت. كاریگەری دژەترشێیەتی ئەم دەرمانانە بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دەخایەنێت و زۆرترین كاریگەی تیماركردنیان دوای سێ یا چوار رۆژ دەردەكەوێت. وەستێنەرانی پەمپی پرۆتۆن دەرمانی سەلامەتن و كاریگەری لاوەكی كەمیان وەكو سكچوون، ژانە سك و سەرئێشەیان هەیە. لە هەندێ حاڵەتیش دەبنە هۆی هەوكردنی گۆرچیلەكان. بەهۆی دابەزاندنی ترشیبوونی ناوەڕۆكی ناو كۆئەندامی هەرەس، ئەم دەرمانانە رێژەی هەڵمژینی ڤیتامین B12 و كالسیۆم بۆ ناو خوێن كەم دەكەنەوە، بۆیە ئەو كەسانەی بۆ ماوەیەكی درێژ بەكاریان دەهێنن لەوانەیە تووشی ئێسكە نەرمە ببن و پێویستە لە رووی تەندروستی و چڕی ئێسكەوە چاودێری بكرێن و هەروەها ئەم تەواوكەرە خۆراكانە بخۆن كە كالسیۆمی تێدایە.
دەرمانەكانی گروپی PPIs جگە لە rabeprazole و pantoprazole كاریگەری دەرمانی clopidogrel كەم دەكەنەوە. بۆیە ئەم هاووڵاتییانەی بە هۆی نەخۆشییەكانی دڵ حەبی پلاڤیكس (clopidogrel ) بەكار دەهێنن تەنها حەبی rabeprazole یا pantoprazole بۆ چارەسەری برینی گەدە بەكاربهێنن.

 

 

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو