دەرمان و دەسەڵات؟!

هەڵگورد عەبدولوەهاب جندیانی
 
 
شەو نییە بەرنامەیەك لە تەلەڤزیۆنە زۆر و زەوەندەكانی كوردستان لەسەر دەرمانی قاچاخ و ساختە نەكرێ بێ ئەوەی پەنجە لەسەر تەواوی راستییەكان دابنێن، دەرمانیش وەكو نان و ئاو وایە بۆ ئەو كەسانەی (خۆم ئاسایی) كە لەبەر نەخۆشی و ئازارەكانی جەستەیان، دەناڵێنن، بوونی دەرمانیش وابەستەیە بە بوونی نەخۆش و نەخۆشی لەهەموو ماڵ و خانەوادەیەكی كوردستان و جیهان، بەراستی چارەسەركردنی ئەم كێشە گەورەیە زۆر ئاسانە ئەگەر حكومەت و بڕیاردەرانی سیاسی ویست و رایان لەسەر چاكردنیدا هەبێت، هەروەها ئەگەر هاوڵاتیانیش رادەی هۆشیاریان بەرز بیت و چیتر تف لەخۆیان و وڵات و نەتەوەو بەرهەمی خۆماڵی خۆیان نەكەن!
بێ پشتیوانی و هێز
كەس ناتوانێ ساختەیی بكات
ئەوانەی كە كاری قاچاخچی دەرمانی ساختە و ئاست نزم دەكەن ئەوانە كەسانی ئاسایی نین، ئەوانە (حەمەد) و (حوسین) و (وسوو)ێكی ساددە و ساكاری كۆمەڵگەی كوردستان نین، چونكە لەپشتیانەوە كەسانی سیاسی و ئیداری خاوەن هێز و هەژموون هەن و هاوبەشی ئەم كارە نایاساییە و قێزەونەن و بەرگریان لێدەكەن (بەرگری لەو بەرژەوەندییە نایاساییەی خۆیان دەكەن).
پێم وانییە حكومەتی هەرێم و دامودەزگاكانی نەزانن ئەو كەس و كۆمپانیایانە كێن، بەڵام لەبەر هەندێك لێكدانەوەی تایبەت بە هەژموونی سیاسی و دابەشكاری سیاسی لەكوردستاندا ئەم پرسەش بۆتە قۆچی قوربانی، كە پرسێكە لەهەستیارترین بابەتدا ناخ و كرۆكی ئاسایشی كوردستان دەهەژەێنێت كە ئەویش ئاسایشی تەندروستی و دەرمانە.
وەزیرو وەزارەتیش گوناهن
شەرم و كەماسییەكی زۆر مەزنە بۆ ئێمەی حوكمڕانانی كوردستان كە نەتوانین سنوورێك بۆ ئەم ساختەیی و بەڕەڵاییە دابنێین، هیچ گلەیش لە وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگاكانی ناكەم، چونكە وادیارە ئەو كەسە ساختەكار و لەیاسا دەرچووانە، زۆر لەئاستی وەزارەت و وەزبر باڵاتر بن ، چونكە ئەوانە لەسەرووی یاسان شتێك لەمافیا نزمترن، بۆیە پێویستە بەڕێزان سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت، دەسەڵاتی فەرمی و تەنانەت دەسەڵاتی حزبی و تایبەتی خۆشیان لەمبارەوە بەكاربهێنن، باوەربكەن ئەگەر ویست و ئیرادە هەبێ ئەوە بەشەو و رۆژێك ئەم پرسە چارەسەردەبیت، با ئەوەش لەیاد نەكەین كە ئەم كارە ئەگەر كرا ئەوا بەشێك لەچاكسازی و گەندەڵی بواری تەندروستی چارەسەردەبێت، ئەو چاكسازییەی كە وەكو ئاڵایەك لەم كابینەیەدا بەرزكراوەتەوە.
بەشێك لەچارەسەر...
دەرمانی كارگەی كوردستان
سێ كارگەی زۆر گەورەو گرنگ لەكوردستاندا هەن، لای من گرنگ نییە خاوەنەكانیان كێن، تەنانەت ئەگەر خەڵكانی دەستڕۆیشتوش بێت، جێگای رێز و سوپاسن كە پرۆژەی لەم چەشنەیان دامەزراندووە كە لەر استیدا پرۆژەی ستراتیژین، كۆمپانیاكانیش بریتین لەكۆمپانیای (Pioneer ) لەسلێمانی و كۆمپانیای (Awamedica) لەهەولێر و كۆمپانیای (الرشید) كە سێیەمیان وابزانم وەبەرهێنی عەرەبن و بەرهەمەكانیان بۆ كوردستان نییە، بەڵام هەردوو كۆمپانیای (ئاوامیدیكا) و (پایۆنیر) جێگای متمانە و باوەڕن و زۆر زۆر لەدەرمانە توركی و ئەردەنی و سوورییەكان باشترن و تەنانەت دەرمانەكانیان لە ئاستی هەندێ وڵاتی تری ئاسیاو ئەوروپاش ئەگەر باشتر نەبێت خراپتر نییە، لەرووی نرخیشەوە لەدەرمانە بیانیەكان هەرزانترن و بەدڵنیاییشەوە سەرچاوەی دروستكردنەكەشی دیار و روون و لەژێر چاودێریدایە، پێچەوانەی ئەو دەرمانانەی كە زۆر جار لەسەر نووسراوە فڵانە وڵات بەڵام لەراستیدا لەناو دەریا و ئۆقیانووسەكان لەسەر پشتی كەشتییەك نایاسایی دروست دەكرێت، دوور لەچاودێری و لەهەموو مەرجە تەندروستی و یاساییەكانی جیهان.
تێناگەم بۆچی خەڵكی كوردستان باوەڕیان بەم دەرمانانە نییە و پەنا دەبەنە بەر دەرمانی بیانی لەپێش هەمووشیانەوە دەرمانی توركی و ئێرانی كە هەردوو دەرمان و دەوڵەتاكانیشیان بۆ ئێمە جیگای گومانی گەورەن و زۆر بەئاسانیش بەقاچاخ دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان.
تێبینی:
- وەكو خۆم، لەئەنجامی تووشبوونم بە كۆمەڵێك نەخۆشی درێژخایەن، لە24 كاتژمێردا شەش جۆر دەرمان بەكاردەهێنم كە جگە لە یەكێكێكیان كە هێشتا لەكارگەكانی كوردستاندا دروست ناكرێ، ئەگینا ئەوانی تر هەمووی دروستكراوی (Awamedica) و(Pioneer) و زۆریش سوودی تەندروستیم لێبینیون ئەوە جگە لەگەڕانەوەو پاشەكەوتكردنی ئەو بڕە پارە زیاترەی كە لەدەرمانی بیانی خەرجمدەكرد.
- لەدانانی لۆگۆ و وێنەی هەردوو كارگەی كوردستانی و وێنەی دەرمانەكانیان، نە بەشەرم دایدەنێم نە بەكارێكی نایاسایی، بەپێچەوانەوە من شانازی بەوە دەكەم كە بەخۆڕایی ریكلام بۆ بەرهەمە نیشتمانییەكانیان بكەم!

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو