دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی وەڵامی ئەندامێكی مەكتەب سیاسی بزووتنەوە دەداتەوە

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی وەڵامی ئەندامێكی مەكتەب سیاسی بزووتنەوە دەداتەوە

 

زاری كرمانجی: مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، پۆستێكی نەشیاوی، بە هەڵچونێكی دەروونی نا سروشتی و، دوور لە بنەمای رەوشتی نووسین لە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان نووسیوە، كە پێدەچێ دەمێك بێت راهێنانی بۆ كردبێ، تا بەو فكر و ئاراستە پۆپۆلیستیە زمانی بگەڕێت!
ئێمە لە وەڵامدا دەڵێین:
لە ململانێی سیاسی و كەشی ئازادی هەرێمی كودستاندا زۆرێك لە پەرلەمانتار و كادیر و سەركردەی هێز و لایەنە سیاسییەكان بە هەندێ لێدوان و دەربڕینیان هەستی ئێمە و خەڵك و تەنانەت جەماوەرەكەی خۆشیان ئازارداوە، بەڵام ناكرێت هەموو ئەوانە لەسەر خودی حزبەكان حیساب بكرێن و بكرێنە دەرفەت بۆ دنەدانی رق و پشێوی! برایانمان لە بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان باش لەم راستیەدەگەن بەتایبەتی كە پەیوەندیی دێرین و لە مێژینەی نێوان پارتیمان و بزووتنەوە پەیوەندیەكی جێگیر و رێزلێگیراوە.
بە حوكمی ئەو رابردوو و پەیوەندیەی نێوانمان، ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان واینابینین كە نووسینەكەی مونیرە عەلی عبدولعەزیز هەڵوێستی فەرمیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بێت، وەلێ بەداخەوە ناوبراو كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەكەیە بەبێ رەچاوكردنی ئەو پەیوەندیە مێژووییە و پەرێزی پڕ شانازی پارتی، لە ئاستێكی نزمی دەربڕین و بە زمانێكی زبر و ناتەندروست و پێچەوانەی عورفی دەربڕینی سیاسی و بنەماكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش، بابەتێك دەكاتە دەرفەت بۆ لەكەداركردنی پارتیمان! ئەمە لە كاتێكدا كە لای خەڵكی كوردستان و یار و نەیار و خودی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستانیش زانراوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە رابردوو تا ئێستا بەگرتنەبەری رێباز و راستەڕێیەكی دروستی خەبات و تێكۆشان، پارێزەری كولتووری جوانی كوردەواری و رێزگرتنە لە بیروباوەڕە ئاینی و ئایدۆلۆژیە جیاوازەكان و، هەروەها هاندەری پێكەوەژیان و زامنی ئاشتی و ئارامی كوردستانیشە.
مێژوو رابردویەكی نەگۆڕە، جگە لە توێژینەوە و بەڵگەی دانپێدانراوی زانستی و لۆژیكی، هیچ رێگایەكی دیكە نیە بۆ جوانكردن یاخود ناشرینكردنی ئەو زەمەن و رابردوە، بۆیە لە جیاتی تەشهیر و لەكەداركردن باشترە خاتوو مونیرە و هاوشێوەكانی لە سەرنج و رەتكردنەوە و وڵامی وتە و دەربڕینی هەر كەس و لایەنێك پەنا بۆ شێواز و رێگای دروست و باوەڕهێنەر ببەن و بەلایەنی كەمەوە لە ئاكاری ئیمانداری دەرنەچن، چونكە بەپێچەوانەوە ئەو زمان و ئاراستە خراپە خزمەت بە پێكەوەیی و ئارامی و رەوشی ئێستای كوردستان ناكات.

بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٩ـی٧ـی٢٠٢٠

زۆرترین بینراو