دەستوور و ئەوانی تر

سمكۆ محەمەد

 

پێشتوتریش بینیمان كە لە رۆژئاوا كۆمەڵگە هەم پەروەردەكراوی گرووپە سیاسییە دەستەبژێرەكەیە، بۆ ئەوەی خۆیان لە مەترسی گەورەی بەردەوامبوونی ئایین بپارێزن، بە لەبەرچاو گرتنی هەموو جیاوازییەكانەوە خۆیان سازدا بۆ دووركەوتنەوە لە گوتاری زاڵی ئایین بەسەر دەستوور و یاسا، ئەمە بەلانیكەمەوە ئێستا تاكە داواكارییە بۆ دامەزراندنی دەستوورێكی شارستانی بۆ كوردستان، چونكە خۆپاراستنی قەوارەیەكی نەتەوەیی یان جوگرافی، دەبێ‌ یاسایەكی كۆنكریتی هەبێ‌ بۆ پاراستنی ئەوانی تری كەمینە یا پێكهاتە ئایینی و مەزهەبی و كوولتوورییەكانی دیكەی، لەكاتێكدا دەستوور تەنها پشت بە ئایین نابەستێت، بەڵكو پشت بەو تێزە نوێیانە دەبەستێت كە كاریگەریان لەسەر ئایندە دەبێت بۆ نەوەكانی داهاتوو و پشت بەو پەیمانە كۆمەڵایەتییە دەبەستێت كە ئەرك و ماف بۆ هاوڵاتی دابین دەكات. دەستووری هەموو وڵاتان سەرەتا بە پشتگیری ئایین دەوڵەمەند كراوە، بەڵام نەك تاكە مەرجەعێكی ئایینی، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تیۆرەكانی مۆنتیسكۆ و ڤۆڵتێر و دواتریش مارتن لۆسەر كە خاوەنی بیرۆكەی چاكسازی هەموو سیستمی رۆژئاوا بوون، هەرگیز بەتەواوەتی پشتیان لە كولتوور و ئەوانی دیكە نەكردووە وەكو ئەوەی ئێستا كوردەكان بەنیازن ئەم هەڵە سیاسیەش بخەنە سەر هەڵەكانی دیكە، لەكاتێكدا ئەم كێشەیە لەتێگەیشتنی بۆ جێكردنەوەی هەمووان لەنێو یەك دەستووردا، تەنها بۆ كایەی سیاسەت گرێیەكی تەشریعی نییە و نابێت، بەڵكو بۆ داهاتووش مەسەلەی جیاوازی وەكو مەترسیدارترین كێشە هەمیشە زیندووە، پێشنیارەكەش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، بەوپێیەی كە دەستوور تەنها موڵكی یەك قۆناغ و یەك گرووپی سیاسی و یەك نەتەوە و یەك ئایین نییە، بەڵكو بەرپرسە لەداهاتووی كۆی كۆمەڵگە، چونكە خەڵك بەگشتی بەشداری ئەو بنەما یاساییە دەكەن وەكو ئەرك و مافی یەكسان .
موناقەشە لەسەر ئەوەی ئایا ئایین دەبێ‌ سەرچاوەی دەستوور بێت یان نا؟. پرسیارێكە وەكو ئەوەی لەسەدەی 16 بەر لە رینیسانس لە رۆژئاوا هەبووە و وەڵامەكەی ئێستا بەپراكتیك و بە زانست دەبینرێ‌، كەچی ئەم پرسیارە بۆئێمە تائێستا لەنێوەندە سیاسیەكان و رۆشنبیرییەكاندا گرینگی پێنەدراوە، چونكە موناقەشەی سیاسی و رۆشنبیری جددی بەمانا نیشتیمانپەروەرییەكەی نەبۆتە بابەت بۆ خەمخواردن لە كۆی گشتی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان، مەبەستم لەوەیە هێشتا ئەو كەسانەی باس لە دەستوور دەكەن كە پشت بە گوتاری ئایینی زاڵ ببەستێت یان بەپێچەوانەوە, یەكلایی نەبوونەتەوە ئایا ئەوانە جەنگی راگەیاندن لەپێناو گەشەپێدان بە بنكەی كۆمەڵایەتی حیزبەكەیان دەكەن، یان لەپێناو پڕنسیپێكی ئایینی سیاسی یە و هێزێكی نادیار پاڵپشتی دەكات، كەوابوو هاوكێشەكە ئەوەیە ئەوانەی بانگەشە بۆ زاڵكردنی یەك گوتاری ئایینی دەكەن، دەبێ‌ بەراستەوخۆ خۆیان مانیفێست بكەن و شانی خۆیان لەئەگەری سەرهەڵدانی هەموو كێشەیەكی كۆمەڵایەتی ئایینی و مەزهەبی بكەن كە دەستوور دیاری دەكات.
مافی ژنان كە مافی مەسەلەی هەموو كۆمەڵگەیە و بەبێ‌ باوكو و برا و پیاو و خاڵۆ و مام و هتد، لەكوێ‌ ئازادی و پرنسیپەكانی دیكەی دیموكراسی و ململامنێ‌ جیاوازییەكانی دیكە و هتد بەدێتێت، لەكاتێكدا ئازادی بریتییە لە دانانی ئەو پرنسیپانەی لە دەستووردا دیاری دەكرێت و دەیپارێزێت، وەختێك تائێستا هاوڵاتی كوردی یان غەیری كوردی، ئیسلام یان غەیرە ئیسلام بەو بانگەشە ئیسلامیە ئاشنا نییە، چۆن بتوانێ‌ پشتگیری لە داهاتوویەك بكات بەناوی ئەوەی دەستوور بۆ هەمووانە، مەبەستم لە هەموو ئایین و مەزهەبە جیاوازەكانە لەمەسیحیەتەوە تاكو وەهابیەت و سابیئە و ئێزدیاتی و كاكەیی و زەردەشتیەت و هتد، دەستووریش كە بۆ هەموو پێكهاتە و نەتەوە و كولتوور و ئەوانی ترە، بەشێكی فەزاكەی پەیوەندیی بەمەسەلەی ژنان هەیە، ئەگەرچی لەپێش داعشەوە كێشمەكێشێكی هەمیشەیی بووە و پاشماوەی كولتووری عەرەبی بووە، بەڵام لەدوای ئەو دۆخە ناسەقامگیرییەوە، كێشەكە بە ئاراستەی نەتەوەیی دەڕوات كە لەرێگەی مەسەلەی مێینەوە گەرەكیەتی گرەوەكە بباتەوە، كەوابوو ئەم پرسە بەراپرسی یەكلایی دەبێتەوە ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی كوردستانی بڕوای بە راپرسی هەیە، بەڵام راپرسی ئەوە نەبێت گەمەی تێدا بكرێت و سومعەی سیاسەت تێكبدات، لەپێناو زاڵ بوونی ئایین بەسەر سیاسەتدا لە دەستوورێك كە هێشتا رێكەوتنی لەسەر ناكرێت، بەڵكو دەستوورێك كە بۆ هەمووانە بەهەموو پێكهاتە سیاسی و ئاینی و نەتەوەیی و كولتورییەكانەوە بێت.

 

زۆرترین بینراو