دەستەی ژینگە دەمانەوێ رێژەی سەوزایی بەرز بكەنەوە

دەستەی ژینگە دەمانەوێ رێژەی سەوزایی بەرز بكەنەوە


زاری كرمانجی- هەولێر: سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی (پ، د، ك) گووتووە " لە هەرێمی كوردستان چەندین هۆكار هەن دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، بۆیە دەمانەوێت ئەو هۆكارانە نەمێنن و رێژەی سەوزاییش بۆ 25%ی ستانداردی جیهانی بەرز بكەینەوە".
د. هەڵۆ عەسكەری، گووتوویەتی:" داوامان كردووە لە هەولێر كۆمپانیای زبڵ و خاشاك دابندرێت و ئەو زبڵ و خاشاكەی كۆ دەكرێنەوە، ببرێت بۆ ئەو كۆمپانیایە و لەوێ سوودی لێ وەربگیرێت، ئێستاش حكوومەت لە هەوڵی دابینكردنی ئەو كۆمپانیایەدایە، بەمەش كێشەیەكی گەورە چارەسەر دەبێت".
ئاماژەی بەوەش داوە " چەند هۆكارێك دەبنە هۆی ئەوەی ژینگەی شارەكان پیس بێت، لەوانە پاڵاوگە نایاساییەكان و بوونی ئۆتۆمبێلێكی زۆر لەناو شار، بۆیە دەمانەوێت چوونی ئۆتۆمبێل بۆ ناو شار سنووردار بكرێت و مۆلیدەكانیش بگۆڕدرێن بە هی مۆدێرن و بێدەنگ و بێ دووكەڵ، كە ئەمانە وادەكەن ژینگەی شارەكان زۆر باشتر بێت".
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد:" ئێستا رێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 15%ـە و دەمانەوێت بیگەیەنینە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی كە 25%ـە، چونكە ئەوكات ژینەگەی هەرێمی كوردستان زۆر پاك و باش دەبێت لەبەر ئەوەی بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی پێویستە ئاستی رێژەی سەوزایی لە 15 بۆ 25% بێت، بەڵام پێشتر كێشەی ئاومان هەبوو و ئێستا ئەویش چارەسەر كراوە".

زۆرترین بینراو