دەست درێژی سێکسی سەر منداڵان لە زیاد بووندایە

دەست درێژی سێکسی سەر منداڵان لە زیاد بووندایە

ئا/ رۆژان قیاس خلیل


حەسەن هاشم،  مامۆستایەکی دەڤەری سۆرانە لە بارەی ئەم دیاردە قێزەونەی نێو کۆمەڵگە گووتی" هەڵبەت لە کۆمەڵگەدا دیاردەی جۆراو جۆر هەن،  دەستدرێژی سێکسی بە هەموو جۆرەکانیەوە،  یەکێکە لە دیاردە زیندوەکانی کۆمەڵگە. هۆکاری ئەم دیاردەیەش بۆ چەندین پاڵنەر ئەگەڕێتەوە، لایەنی پەیوەندیدار بەم پرسەوە زۆرن، بۆ نمونە خراپی سیستمی پەروەردەی فەرمی و نا فەرمی لە هەمبەر کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە. هەروەها کارێکی جدی لەلایەن حکومەتەوە لەسەر ئەم پرسە نەکراوە چ لە لای ڕێکخراوەکانی مافی منداڵان و ژنان و مافی مرۆڤ بەگشتی چ لەڕووی دادگاوەبێ. هاوکات هۆشیاری تاک لەئاستێکی ئەوەندە باڵا نیە کە بوونی بەرامبەری خۆی پێش ئەوەی وەک ئامرازێکی سێکسی سەیر کات وەک مرۆڤ بیبینێت و ماف بەخۆی نەدات مافی بەرامبەر پێشێل بکات. هەروەها تا ئێستاش لە کۆمەڵگە بابەتێکی زۆر هەستیارەو کەمترین گفتوگۆی لەبارەوە ئەکرێ هەوڵ ئەدرێت بە شاراوەی پرسەکان بابەتەکە قەتیس بکەن، بێگومان لایەنی فەرمی هۆکارن، خێزان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرپرسیارن خودی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لە نۆڕو بەهای کۆمەڵایەتیەوە بگرە تا تەواوی لایەنەکانی کلتوور وێنەی دواوەی ئەم پرسەن، لایەنی پەروەردەی سێکس کەمترین هۆشیاری لەبارەوە ئەدرێ چ لە دامەزراوە فەرمیەکان و سیستمی پەروەردە چ دامەزراوە نافەرمیەکان بن، هاوکات پاڵنەری سێکسی و لایەنی بایەلۆژی مرۆڤ کە کۆمەڵە مۆرۆڤانێک ئەکاتە بار بەسەر کۆمەڵگە و لە کەسی نەشیاو و پڕۆسەی نەشیاو بەتاڵ ئەکرێتەوە ئەمەش بەندە بە پەروەردە فێرکردنی لایەنی سێکسی. دایک و باوک لە نێو خێزان، و خێزانیش وەک دامەزراوەیەکی نافەرمی بەدڵنیایەوە تاک لە خێزاندا بە پڕۆسەی بە کۆمەڵایەتی بوونی سەرەتایی تێدەپەڕێت، لەنێو ئەم پڕۆسەیەش فێری بنەما ئاکارییە سەرەتاییەکان و هەڵسووکەوت و کردار بەشێوەیەکی سەرەتایی دەبێت ئەمەش پێیەکی لە هۆشیاری تاکە کە لە فێربوونە سەرەتاییەکانی ماف و سنوری بەرامبەر بزانێت و فێر بکرێت ڕەگەزی بەرامبەری وەک بوونێکی ئاسایی ببینێت نەوەک لە منداڵییەوە تێڕوانینکی نا سروشتی هەبێت بۆی".


مامۆستا حەسەن پێی وایە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی گرنگترینە، بۆ کەم کردنەوەی ئەم دیاردەیە، ئەو زیاتر روونی کردەوە" هۆشیاری خێزان لە بابەتە هەرە سەرەتایی و گرنگەکانە هەم منداڵی کچیان هۆشیارانە فێر بکەن لە هەر مامەڵەیەکی نەخوازراو متمانەیان پێبکات و هیچ شتێکی لا ترس و شەرم نەبێت کە بۆیان باس بکات بە جۆرێک هاوڕێیەتیەک هەبێت لەنێوانیان، هاوکات لەهەمبەر منداڵە کوڕەکانیان دیسانەوە کەشێکی وا بسازێت وەک مۆرڤ سەیری بەرامبەری کات و لە هیچ دەرفەتێک هەوڵی پەلامارو گێچەڵ نەگەڕێت، هەروەها خێزان ئەتوانێ ئەم دیاردەیە کەمتر بکاتەوە بەپەروەردەیەکی هۆشیارانەی منداڵەکانی. بەڕایی من بۆ هەمبەر هەر تاوانێک پەنا ببردرێتە بەر یاسا و مامەڵەیەکی دادوەری لەگەڵ بکرێت، ئینجا بەپێی جۆری تاوانەکە سزاکەش ئەگۆڕێ، هاوکات پەنا نەبردرێتە بەر چارەسەری عەشایەری و بە لایەنی مادی بابەتەکە یەکلایی نەکرێتەوە چونکە دووجار دەرون و داهاتووی تاک لەژێر ڕووخانە، هەرووەها بۆ هەر گرفتێکی بەم شێوەیە لەڕووی کۆمەڵایەتی و، دەرونی قوربانی، پەیوەندی بە توێژەری کۆمەڵایەتی و دەرونیەوە بکرێت تا پسپۆڕانە چارەسەری پرسەکە بکرێت".


هێڤی عومەر، قوتابی زانکۆیە لە بارەی ئەم دیاردەیە بەم شێوەیە بۆمان دووا" هەرکاتێک کە تاوانێکی قێزەونی لەو شێوەیە روویدابێ،  ئەوا وەکو کەیس هۆکاری روودانی ئەم تاوانە بەپێی تاوانبار گۆراوە، چۆنکە کاتێ پرسیار لەتاوانبار دەکرێ لەلایەن پولیسی لێکورەوە کە ئایا بۆچی ئەم کارە قێزەونەی کردووە؟ خویشی نازانێ کەوابۆچی کردوویەتی؟  گرینگترین هۆکار و پالنەر وای کردووە کەوا ئەم رووداوە قێزەونە رووبدات بۆ خراپ بەکار هێنانی تۆرە کۆمەلایەتیەکان دەگەرێنمەوە لەلایەن گەنجانەوە، بەهۆیەوە ئالۆدەی بینینی فیلمە سێکسیەکان بوونە، بەمەش کاریگەری گەورەی کردوتە سەر دەروونیان ووروژێنراوە بەمەش بۆ تێرکردنی خۆی، پەنا بۆ کارێکی لەوشێوەیە دەبا کە دوورە لە بەها ئەخلاقی و کومەلایەتیەکان، بێگۆمان دایک و باوک کاریگەر هەرە گەورە لەسەر تاک دروست دەکات بەتایبەتی مروڤ لەدوای دایک بوونی، خێزان یەکەمین ژینەگەیە بەپلەی یەکەم دێت لە چاودێری منداڵدا، سەبارەت بە منداڵ بەلێ بەرپرسن لەو رووداوە چونکە مندال لەم قۆناغەیا پێویستی بەچاودێری هەیە، بەڵام کاتێ تاک گەورە دەبێ دەچێتە قۆناغی هەژدە ساڵی خوی بەرپرسە لە کارو کردەی خۆی، تاچەند ئەو رێنماییانەی دایک و باوک پێیان داوە تاچەند دەکاتە کردار. بوویە دایک و باوک لەسەریان واجبە ئاگاداری ئەو مندالانەی کە تەمنیان لە خوار هەژدە ساڵیە کەوا منداڵەکانیان لەم کارە قیزەونانە بپارێزن، سەبارەت بەهۆشیاری خێزان، هوشیاری خێزان گرینگە بۆ پێگەیاندنی تاکێکی تەندروست، چۆنکە خێزان کومەلگەیەکی بچوکە لەکۆمەلگەیەکی گەورەدا. ئەم هوشیارییە گەلێک گرینگە بو رووبەرووبونەوەی ئەم جورە رووداوە نەخوازراوانەی کە روودەدەن،  لە رۆی هوشیاری کۆمەلایەتی،  یاسایی،  دەروونی، ..هتد".


هەناسە عزیز، پارێزەرە لە رووی یاساییەوە بۆمان باس لەم دیاردەیە دەکات" دەست درێژیکردن بۆ سەر منداڵان بەگشتی و بەتایبەتی ڕەگەزی مێ،  دیاردەیەکی نامۆ نیە نە لە کۆمەڵگەی خۆمان نە لە کۆمەڵگەکانی تردا،  واتە ئەم دیاردەیە لەهەموو جیهان بوونی هەیە بەڵام ئەوەی جێگای داخە زیادبوونی ڕێژەی ئەم تاوانەیە بە بەراورد بەساڵانی پێشتر،  بێگومان لێرەدا دایک و باوک ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە هۆشیار کردنەوەی منداڵەکانیان و درووست کردنی پەیوەندیەکی هاوڕیانە لەگەڵ منداڵەکانیان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ناچار نەبن شتگەلێک لەدایک و باوکیان بشارنەوە یان ترسیان لە درکاندنیان هەبێ،  لێرەدا دایکان و باوکان هەم دەبێ چاویان لەسەر منداڵەکانیان بێت لە هەموو رویەکەوە جا لێرەدا دایک بە پلە یک رۆڵی خۆی دەبێ ببینێ بۆ ئاگادار بوون و وشیار کردنەوەی منداڵەکانی بۆ ئەوەی منداڵەکانیان پارێزراو بن لەم جۆرە تاوانانە کە دەرهەقیان دەکرێت، لێرەدا ئەگەر سەیر بکەین شت گەلێک هەن وەک هاندانێک دەبینرێن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی منداڵان بەم تاوانە دیسان تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلکترۆنیەکان بەدەر نین و هۆکارێکن بۆ ئەم جۆرە تاوانانە چونکە لە ئیستادا هەموو منداڵان خاوەن مووبایل و خەتی ئەنتەرنێتن بە ئاسانی دەتوانن سەیری ساییتە خراپەکان بکەن بەبێ سانسۆر بەکاری دێنن،  لێرە منداڵان لاسای هەموو ئەوشتانە دەکانەوە چونکە ئەو هێشتا ڕاست و چەپی خۆی نازانێ بۆیە دەبێ دایک و باوک هەموو ئەو شتانە سنوردار بکەن ئەگەر بەکاریشبێنن لەژێر چاودێری ئەوان بەکاری بێنن".


پارێزەر هەناسە، لە بارەی رێکارەکانی یاساییی بەرامبەر بەم جۆرە تاوانە گوووتی" گەر لە رووی یاسا سەیری ئەم جۆرە تاوانانە بکەین دەبینین لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی سالی 19٦9 لە مادەی 393ئاماژەی بەوە کردووە دەلێ زیندانی دەکرێت هەرکەسێک بەسزای زیندانیکردنی هەتا هەتای یان کاتی ئەگەر کەسێک بەبێ رەزامەندی دەست درێژی بکاتە کەسێکیتر وە لە هەمان مادە فقرەی دوو باسی کردووە گەر کەسی دەست درێژی لەسەر کراو تەمەنی لە خوا هەژدە سالی بێت سزایەکەی توندتر دەبێ ڤرفی مشدد دەبێت، لێرەدا گەر تاوان لەسەر کراوا تەمەنی لەخوار 18سالی بێت چ بەرەزامەندی بێ یان بەبێ رەزامەندی بێ ئەوا سزای تاوانبار قورس دەکرێ لەهەمان کاتدا گەر تاوانبار خزمی تاوانلێکراو بێت تا پلەی سێ یان سەرپەرشتیاریبێ یان توانبار پیاوری ئاینی بێت یان ئەگەر هاتو تاوانلێکراو بەهۆی ئەم دەست درێژیە توشی نەخۆشیەک بێت هەموو ئەمانە بە باروو دۆخی توند کردنی سزای ئەم تاوانە دادەنرێن، ئەم جۆرە کەیسانە لە دادگا زۆر بەوردی کاریان لەسەر دەکرێت رێکارە یاساییەکان لەدژی تۆمەتباران دەگرێتە بەر چونکە ئەم جۆرە تاوانانە مەترسییەکی گەورەیان هەیە بۆ سەر کۆمەڵگە زۆربەی جار ئیمە دەبینین ئەم جۆرە کەیسانە تحقیق تێدا نەهێنی دەبێت بەنەهێنی بەڕێوە بچێت جا ئەمەش رەنگە لەبەر چەند هۆکارێک بن کە پەیوەستن هەم بە تۆمەتبار هەم بە تاوانلێکراو،  ئەوەی جێی داخە لەم جۆرە تاوانانە ئەگەر سەیری بکەین ڕێژەیەکی کەم دەخرێنە بەردەم تحقیق دەگەنە بەردەم مەحکمە ڕەنگە لە چوار تاوانی لەم جۆرە دوو تاوان بخرێنە بەردەم مەحکەمە ئەوانیتر لەنێوان خێزانەکاندا پەردە پۆش دەکرێن یاخود بە عەشایری لەنێوان خۆیان سوولح دەکەن ئەمەش لەبەر وشەی عەیبەو تان و تەشەری کۆمەڵگەیە".


ئەم پارێزەرە جەخت لەسەر گرنگی بوونی هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە دەکاتەوە بۆ بنبڕ کردنی ئەم دیاردەیە، ئەو زیاتر روونیکردەوە" من پێشنیار دەکەم کەوا خەڵک باشتر وشیار بکرێنەوە، لەم جۆرە تاوانانە و وە سزای ئەم تاوانانە ڕەنگە ئەگەر بزانن ئەم تاوانانە سزایان قوڕسترە دووربکەونەوە،  وە پێشنیار دەکەم کە سزای لەسێدارە دان جێبەجێ بکرێ بۆ هەندێ حالەتی لەم شێوەیە چونکە خۆی مەبەستی سزا تەمبێکردنی تاوانبارو ترساندنی کەسانی ترە لە کۆمەلگە، بۆ دووبارە نەکردنەوەی تاوانی هاوشێوە گەر بێت و یک دوو تاوانباری وا سزای لەسێدارە دانیان بەسەرا جێبەجێ بکرێت ئەکید هندێک کەسێ هاوشێوەی ئەمانە ترسێک لایان درووست دەبێ، و دڵنیام تاوانەکە کەمتر دەبێ پێویستە زۆربەی جار ئەم جۆرە تاوانانە لە مەحکەمەکان بەشێوەی نەهێنی بەڕێوە بچن، بۆ پاراستنی حەقی کەسی تاوان لەسەرکراو بۆ ئەوە بتوانێت دووبارە بگەڕێتەوە نێوو کۆمەڵگە وەک کەسێکی ئاسای".

زۆرترین بینراو